یادەوەرییەکانی دایە سوهەیلە لە ڕۆژانی ڕاپەڕیندا

یادەوەرییەکانی دایە سوهەیلە نیشاندانی مێژوویەکی پڕ ڕەنج و خەباتی ژنانی کوردە بە درێژای مێژوو، کە لە هەموو سەردەمە جیاوازەکاندا توانیویانە لە پاڵ دایکایەتیدا ئەرک و بەرپرسیاریەتی گرنگ و کاریگەر بگرنە ئەستۆ.

ناوەندی هەواڵ

 

سوهەیلە مەقبولە لە ساڵی ١٩٦٠، لە خێزانێکی تێکۆشەر لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە، لە تەمەنی ٤ ساڵیدا باوکی بەدەستی ڕژێمی بەعس شەهید بووە، لەگەڵ خوشک و براکانی و دایکیدا دریژە بە خەبات و تێکۆشانی باوکیان دەدەن، لە قوتابخانەی هەڵەبجەی کچان  تا پۆلی ٦ بنەڕەتی خوێندووە، پاشان بەهۆی سەختی و بەربەستەکانەوە واز لە خوێندن دەهێنێت و تێکەڵ بە کاری سیاسی دەبێت.

 

دایە سوهەیلە بە درێژای تەمەنی بە خۆبەخشی لەگەڵ پارتە سیاسییەکاندا خەباتی کردووە لە پێناو کەمکردنەوەی ئازارەکانی میللەتەکەی و بەدەستهێنانی مافەکانیان تێکۆشانی کردووە.

 

لە ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ دووبارە دروستبوونەوەی شۆڕشی گەلی کورددا دەبێتە لایەنگری سیاسی و لە ساڵی ١٩٨٣دا دەبێتە ئەندامی یەکێتی ڕەنجدەرانی کوردستان، تا دروستبوونی ڕاپەڕینی گەلی کورد لە ساڵی ١٩٩١دا لەناو ئەو پارتە سیاسییەدا دەمێنێتەوە و لە ساڵانی دواتریش درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی لە ناو پارتە کوردییەکانی دیکەدا دەدات.

 

 هەستی نەتەوایەتی دایە سوهەیلە هەڵقوڵاوی ژیانی منداڵی بووە

دایە سوهەیلە لەبەرئەوەی لە خێزانێکی نیشتیمان پەروەر و زەحمەتکێش لەدایکبووە، هەر لە منداڵییەوە خولیای خەباتی نەتەوەیی هەبووە کە لە بنەماڵەکەیەوە بۆی ماوەتەوە، لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا بەهۆی بیری نەتەوایەتییەوە باوکی زیندانی دەکرێت و پاشان شەهید دەکرێت، دایکی سوهەیلە بە هێز و ئیرادەوە زەحمەتی بەڕێوەبردنی خێزانەکەی دەگرێتە ئەستۆ.

 

دایە سوهەیلە دەربارەی کاریگەرییەکانی ژیانی منداڵی بۆ خەبات و تێکۆشان وتی: "درێژەدان بە خەباتی باوکم وایلێکردبووم کە هیچ کاتێک نەترسم لە زۆرداری ڕژێمی بەعس و حەزمکردووە وەک ژنێکی کورد خزمەت بە گەلی کورد بکەم، ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شۆڕشی گەلی کوردا تێکەڵ بە سیاسەت بووم و هەمیشە خولیای کاری سیاسیم کردووە."

 

لەگەڵ پێکەوەنانی خێزانیشدا وازی لە کاری سیاسەت نەهێناوە

دایە سوهەیلە لە ساڵی ١٩٧٦ ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ پورزایەکی خۆیدا پێکهێناوە و بوونەتە خاوەنی ٦ منداڵ، سەرباری قورسییەکانی بەڕێوەبردنی ماڵ درێژەی بە خەباتی سیاسی خۆیداوە و وتی: "منداڵەکانم بە شێوەیەکی جوان پەروەردە کردووە و لەگەڵیشیدا درێژەم بە خەباتی سیاسیداوە بە تایبەتی لەکاتی ڕاپەڕیندا سەرباری سەختییەکان و ململانێی ئەو کاتەی پارتە سیاسییەکان توانیم ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕم."

 

 لە ساڵی ١٩٨٣ بەشداری لە کاری ڕێکخستن دەستپێکردووە، سەبارەت بە ڕۆژانی ڕاپەڕین دایە سوهەیلە بەم شێوەیە باسی لە خەباتی ئەو ڕۆژانە کرد، "ئێمە لە سەروو خۆمانەوە پلانی کارکردن و ڕێکخستنمان بۆ دەهات و بە ٧ قۆناغ خەباتمان دەستپێکرد لە کاتی ڕاپەڕیندا، کە بەیاننامەکانی ناو ڕێکخستنمان بڵاودەکردەوە، سەردانی پێشمەرگەکانمان دەکرد و ڕۆژانە لەگەڵ ڕێکخستندا سەردانی بریندارەکانمان دەکرد و تەداویمان بۆ دەکردن."

 

دایە سوهەیلە باسی لەو سەختییانە کرد کە وەک ژنێک ڕوبەڕووی بووەتەوە لە ڕۆژانی تێکۆشانی سیاسیدا و وتی: "هاوژینەکەشم بەشداری کاری سیاسەتی کردبوو بەڵام دواتر بەهۆی زۆرداری دەوڵەتی بەعسەوە وازیهێنابوو، هەروەها بەهۆی ئەوەی کە ژن بووم و دایکبووم بەشداریکردنم لە سیاسەت بەلایەوە سەخت بوو، دەترسا لەوەی توشی کێشە ببم حەزی نەدەکرد بەشداری کاری سیاسی بکەم، بەڵام من درێژەم بە خەبات و تێکۆشانی خۆمدا."

 

ڕازاندنەوەی سەر جلی کوردی تێکۆشانەکانم بیردەخاتەوە

دایە سوهەیلە کە ئێستا بە کاری چنینەوە سەرقاڵە و باسی لە دەستکردن بە کاری چنین و ڕازندنەوەی سەر جلی کوردی کرد و وتی: "میلەتی کورد و ئازارەکانی و ئەو شەهیدانەی یاویەتی نەمدەتوانی بیر خۆمی ببەمەوە، لە پێناو ساڕێژبوونی برینەکانم دەستم بەم کارە کرد،  لە کاتێکدا ئەو دەرزییە دەگرم بەدەستمەوە و پولەکەیەکی پێدەچنم هەست بە خۆشییەکی زۆر دەکەم و هەست دەکەم ڕۆح و گیانم زیندوو دەبێتەوە."

 

باسی لەوەشکرد کە جلی کوردی تێکەڵ بە ڕۆحی بووە، "ڕازاندنەوە لەسەر جلی کوردی، هەستی کوردایەتی و خەباتی خۆم و ئازارەکانی دایکم و باوکم و خوشک و براکانم بیردەخاتەوە کە چیان لێ بەسەرهاتووە، هەر بۆیە حەز دەکەم سەر لەسەر کارەکانم لانەبەم، و ئەو ڕەنگانەی لە ڕازاندنەوەکاندا بەکاری دەهێنم سیمای جوانییەکانی ناو نەتەوەی کوردم لە ساڵانی خەباتی خۆمدا بیردەخاتەوە."

 

"نرخاندن بۆ ڕەنج و خەباتی ژنان نەکراوە"

دایە سوهەیلە دەڵێت خەبات و تێکۆشانی ئەوان لەو ساڵانەدا لەپێناو ژیانێکی باشتردا بووە، بەڵام ئەوەی کە ئێستا هەیە ئەوە نەبووە کە ڕەنجیان بۆداوە و پێیوایە هیچ نرخاندن بۆ خەبات و تێکۆشانیان نەکراوە.

 

دایە سوهەیلە لە درێژەی قسەکانیدا باس لە ڕێبەرانی گەلی کورد دەکات و دەربارەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: "یەکێک بووە لە کەسە کاریزماکانی گەلی کورد، بەهێز و خۆڕاگرە و توانیویەتی خەباتی شاخ تێکەڵ بە خەباتی ناو خەڵک بکات."

 

لە دیدی دایە سوهەیلەدا ژنان دەبێت هەست بە نرخ و بەهای خۆیان بکەن، "ژنان خودی خۆیان ژنن، دایکن، مانای ژیانەوەن ژن بە واتای خاک و دروستبوونی ژیان و مرۆڤایەتی دێت، دەبێت ژنان خۆیان دروستبکەن و مافەکانی خۆیان بەدەستی خۆیان بەدەستبهێنن، هەر کارێک کە دەتوانن ئەنجامیبدەن، دەبێت ژنێتی خۆیان نیشان بدەن."

 

ت.پ