ڕۆڵی چاوەڕوانکراوی ژنان لە ناوچە گوندنشینەکان لە دوای ڕووخانی ڕژێم چییە؟

ئەو گۆشەگیرییەی کۆمەڵگەی گوندنشین بەسەر ژنانی خۆیدا سەپاندبوو، وای لێکردن باوەڕ بە زانیاریی بکەن بەبێ ئەوەی پشتڕاستی بکەنەوە، ئەمەش بۆشاییە فیکری و کولتوورییەکانی نێوان گروپە جیاوازەکانی بەهێزتر کرد.

 لەمیس ناسر

 

 شام - ژنانی دانیشتووی گوندەکان هەمیشە بەشێکی جەوهەری بوون لە بناغەی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە سووریا، بەڵام لە چەند ئاستێکدا بە پەراوێزخراوی ماونەتەوە، بە تایبەت لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا، لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی کە ڕوودەدەن، ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە، ڕۆڵی چاوەڕوانکراوی ژنان لە ناوچە گوندنشینەکان لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکە چییە؟

 

 پێویستی کراوەیی و گۆڕانکاری

 سەمیرە عەباس، تەلارساز، کە ماوەیەکی زۆر لە لادێکانی حومسدا ژیاوە، جەختی لەوە کردەوە کە هەنگاوی یەکەم بۆ گەشەپێدانی ژنانی گوندنشین، پەیوەندیکردنە لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە و کراوەیی بەڕووی کۆمەڵگەدا، ئەو گۆشەگیرییەی کۆمەڵگەی گوندنشین بەسەر ژنانی خۆیدا سەپاندبوو، وای لێکردوون باوەڕیان بە زانیاری هەبێت بەبێ ئەوەی پشتڕاستی بکەنەوە، ئەمەش بۆشاییە فیکری و کولتوورییەکانی نێوان گروپە جیاوازەکانی بەهێزتر کردووە، بۆیە پێی وابوو کە کارلێککردن لەگەڵ ئەوانی تر و بەشداریکردن لە ژینگە نوێیەکاندا یارمەتیدەر دەبێت بۆ گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوەی ژنانی گوندنشین و توانای بەشداریکردنیان لە بنیاتنانی کۆمەڵگەی نوێدا دەبێت.

 

 ژنانی گوندنشین و بەشداری سیاسی

 سەمیرە عەباس، بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونە باوەی کە ژنانی گوندنشین ناتوانن بەشداری لە ژیانی سیاسیدا بکەن، جەختی لەوە کردەوە کە ژنانی گوندنشین خەباتکاری ڕاستەقینەن، لەگەڵ واقیعی سەختدا ژیاون و کاریان کردووە، ئەمەش توانای خۆگونجاندن و داهێنەربوونی پێیانان، پێبەخشیوە، باسی لەوەشکرد کە هاتنی بۆ شار وای لێکردووە زیاتر تواناکانی خۆی بدۆزێتەوە، چونکە توانیویەتی سەرکەوتوو بێت و بە خێرایی خۆی لەسەرپێ بگرێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی توانای ژنانی گوندنشینە بۆ سەرکەوتن کاتێک دەرفەتیان پێدەدرێت.

 

ئاڵەنگارییەکانی بەردەم ژنانی دانیشتووی گوندەکان و دەرفەتەکانی پێشکەوتن

 سەمیرە عەباس باسی لەوەکرد کە ژنانی گوندنشین پێویستیان بە کۆمەڵێک ئامرازی سەرەتایی هەیە بۆ ئەوەی بتوانن پەرە بە خۆیان بدەن، دیارترینیان سەربەخۆیی ئابووریە لە ڕێگەی پڕۆژەی بچووک یان هەلی کاری گونجاو، پاڵپشتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە کار بۆ بەهێزکردنی ژنان دەکەن، هەروەها هەلی پەروەردەیی و ڕاهێنان کە کارامەیی نوێیان پێدەبەخشێت و متمانە بەخۆبوونیان بەرز بکاتەوە.

ڕوونیشیکردەوە  کە تێکچوونی دۆخی ئابووری ناوچە گوندنشینەکان گەورەترین بەربەستە لەبەردەم گەشەپێدانی ژنان، ئەمەش وایکردووە پێویستی بە پشتیوانی و بەرنامەکانی بەهێزکردن لە جاران بەپەلەتر بێت و بە ژنانی دانیشتووی گوندەکانی وت:" من هیواتان تێدا دەبینم، و باوەڕم وایە کە ئێوە توانای گۆڕانکاریتان هەیە، ئێوە بناغەی پێشکەوتنی سووریان، و دەتوانن داهاتوویەکی نوێ بنیات بنێن،ئەگەر پشتگیری و دەرفەتی پێویستتان بۆ ڕەخسێندرێت."

 

 گەیشتن بە ئاشتی مەدەنی و بەهێزبوون

 

  تەمارا عەلی لە موخرام فەوقانی لە شاری حومس پێی وابوو لەسەر ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا دەبێت لە تێگەیشتن لە پێداویستییە ڕاستەقینەکانیانەوە دەست پێبکات، جەختیشی لەسەر پێویستی بەهێزکردنیان لە هەموو ڕوویەکەوە بەتایبەتی ئابوری و سیاسی کردەوە، و باسی لەوەکرد کە ڕژێمی پێشوو ژنانی بە تەواوی پەراوێزخستووە، و بەمەش پێویستی بە ئاوەدانکردنەوەی ڕۆڵی ژنان هەیە لە کۆمەڵگەدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانەتر.

 

 لەگەڵ ڕووخانی ڕژێم، ژنانی دانیشتووی گوندەکان لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدا وەستاون بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا دابڕێژنەوە، سەرەڕای ئاستەنگەکان، ئەوان هێز و ئیرادەیان هەیە بۆ بەشداریکردن لە بنیاتنانی داهاتوویەکی نوێدا، بە مەرجێک پشتگیرییەکی تەواویان هەبێت کە بتوانن تواناکانیان بەدۆزنەوە و بەشداری کاریگەرانە لە هەموو بوارەکاندا بکەن.