"وەزعی دارایی باش بوو، دامەزراندن هەر نەبوو"

زیاتر لە پانزە ڕۆژە مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان داواکەن ببن بە هەمیشەیی و مافەکانیان بەدەستبهێنن، مامۆستایانی وانەبێژی هەڵەبجەش، بە دروشمی "هەتاکەی وانەبێژبین، بەڵێ بۆ دامەزراندنمان" گردبوونەوە.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- مامۆستایانی وانەبێژی هەڵەبجە لەبەردەم باخی گشتی هەڵەبجە بە ڕێپێوان چوونە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەڵەبجە و دروشمی "ئێمە لەم کوردستانە، دامەزراندن مافمانە" دەوتەوە، لەوێشدا خۆپیشاندانیان ساز کرد و مامۆستایان تێیدا بەشداربوون.

 

ژنان منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن

بەسۆز عومەر، مامۆستای وانەبێژە و منداڵەکەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، بۆ ئاژانسی نوژنها وتی: من بۆ ماوەی پێنج ساڵە وەک وانەبێژ وانە دەڵێمەوە و هەفتانە بیست و هەشت بەشم هەیە تا لە پۆلدا بیڵێمەوە، ئێستا بایکۆتی دەواممان کردووە کەس نەهاتووە بە دەممانەوە و نایانەوێت بزانین چۆن دەژین و خەریکی چین، ئەو مامۆستایە ئاماژە بەوەشدەدات منداڵەکەم هەموو ڕۆژێک دەهێنم، دەڵێم بەڵکوو بەزەییان پێدابێتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە و ناتوانین ژیان بەم جۆرە بەڕێبکەین.

 

نان و ئاومان لەسەر شەقام دەخۆین بۆئەوەی بێن بە دەممانەوە

لانە سدیق، مامۆستایەکی وانەبێژە و دەڵێت زیاتر لە ٢١ هەزار فەرمانبەر لەسەر شەقامن نان و ئاویان لەسەر شەقام دەخۆن و خۆپیشاندان دەکەین تاکو بە دەممانەوە بێن، ئێمە لەبەردەم باخی گشتی بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە بەردەوام دەبین تاوەکو وەڵاممان بدەنەوە، وەڵامەکەش هەرچەند بخایەنێت هەر چاوەڕێین.

 

بە دروشمی "وەزعی دارایی باش بوو، دامەزراندن هەر نەبوو" مامۆستایان بەناو بازاڕی هەڵەبجەدا گوزەریان کرد و توێژەکانی فەرمانبەرانی گرێبەست پۆل پۆل دەچوونە پاڵ مامۆستایانی وانەبێژ تاوەکو داوای مافاکانیان بکەن.

 

لە گوندی شیرەمەڕەوە بەشداری خۆپیشاندانەکان دەکەم

بەدریە مەعسووم، وانەبیژی زمانی کوردیە لە گوندی شیرەمەڕ، باسی لەوەکرد کە لە گوندی شیرەمەڕەوە هاتووە و داوا دەکات بکرێت بە هەمیشەیی، وتیشی:  بۆ پانزە ڕۆژە خۆپیشاندان دەکەین هەر ڕۆژە و لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتییەکین بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە

 

لەهەریمی کوردستان نزیکەی ٢١ هەزار مامۆستای وانەبێژ هەیە، لەبەرئەوەی حکومەت نەیتوانیوە مافەکانیان دابین بکات پەنایان بردووەتە بەر خۆپیشاندان و گردبوونەوە تاوەکو وەڵامی داواکارییەکانیان بدرێتەوە.

 

ت.پ