ڕووخۆش ساڵح: وەک منداڵەکانم ئاگاداری باخی ماڵەکەم دەبم

ڕووخۆش ساڵح عارف خاوەنی سەوزترین ماڵە لە هەڵەبجەدا و چەندین خەڵاتی لە بواری ژینگەدا پێبەخشراوە.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- ژنان هەمیشە بەوە ناسراون کە حەزیان بە گوڵ و گوڵزار و سەوزاییە، ڕووخۆش ژنێکی دانیشتووی گوندی عەبابەیلێیە و لەسەر ڕووبەری ٥۰۰م زەوی چەندین جۆر درەخت، دار و گوڵی چاندووە و وەک خۆشی دەڵێت لە هەموو وەرزەکاندا میوەی هەیە.

 

ئەو ژینگەدۆستە خەڵکی گوندی عەبابەیلێی سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە، خاوەنی پێنج منداڵە و هاوژینەکەی پێش ١٨ ساڵ بەهۆی بەرکەوتنی چەکی کیمیاییەوە کۆچی دواییکردووە.

 

سەوزی حەوشەکەم دەستی خۆم و هاوژینەکەمی تێدابووە

ڕووخۆشی ژینگەدۆست باس لەوەدەکات کە خانووەکەیان کەلاوەیەک بووە کە کڕیوویانە، پاش دوو ساڵ وردە وردە هەوڵی سەوزکردنیان داوە، ڕووخۆش دەڵێت هاوژینەکەی حەزی بە سەوزایی بووە و پێکەوە دارە بەردارەکانیان چاندووە.

"وەک وەفادارییەک بۆ هاوژینەکەم، دوو ئەرکی گەورەم کەوتە سەرشان منداڵەکانم و باخەکەم" ڕووخۆش وای وت، باسی لەوەشکرد کە پەیمانی داوە پارێزگاری لە باخەکە بکات و منداڵەکانیش پەروەردە بکات دەشڵێت: ویژدانم ئازارم دەدات ئەگەر ڕۆژێک درەختەکان بێ ئاو بن.

 

ئاوی کلۆراوی بۆ باخەکەم بەکارناهێنم

ڕووخۆش بەردەوام خزمەتی باخەکەی دەکات، دەربارەی ئەوەی چۆن دەتوانێت بە هەموو دارەکان بگات بێ جیاوازی، ڕووخۆش وتی: تەنها ئاوی بیری ماڵی خۆمان بەکاردەهێنێم چونکە سازگارە، ئاوی کلۆراوی بۆ ئاودانیان بەکارناهێنم، حەزم لە باخەکەمان هەیە و بۆیە بەردەوام خزمەتی دەکەم.

 

"لە هەڵەبجە یەکەم ماڵ بووین مۆز و سندیمان بەرهەمهێنا"

ڕووخۆش بە وردی و بە عەشقەوە باس لە درەختەکانی حەوشەکەی دەکات کە دوو بنە نەمامی تێدایە سێ جۆر میوە بەرهەمدەهێنێت "حەوشەکەمان دار لیمۆی تێدا بوو هاوژینەکەم پێوەنی کرد لە لالەنگی و پرتەقاڵ، یەکەم ماڵیش بوون لە هەڵەبجەدا کە مۆز و سندیمان بەرهەمهێناوە، میوەکانی مۆز، هەنار، لالەنگی، سندی، پرتەقاڵ، لیمۆ، ترێ، هەنجیر و کاکی هەن.

 

ڕووخۆش لەپای ڕێزگرتن لە ژینگە و سەوزکردنی حەوشە و ماڵەکەی لەلایەن ڕێکخراوەکانی هەڵەبجەوە لە کۆی ٥٠ ماڵ خەڵاتی یەکەمی بەدەستهێناوه، ڕێکخراوی ژینگەدۆستی سویدی ساڵی ڕابردوو خەڵاتی سەوزترین ماڵی لەسەر ئاستی هەرێم پێبەخشیوە.

 

ت.پ