"ڕێکخراوەکانی ژنان ئەرکیان هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە نەک تەنها ژنان"
لە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا ڕێکخراوەکان کار بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەکەن و چالاکوانێکی شاری هەڵەبجەش دەڵێت: دەبێت هۆشیارییەکان بۆ هەموو کۆمەڵگە بێت، نەک تەنها ژنان".
هەڵەبجە
لە ٢٥ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوە دەچێت و ڕێکخراو و چالاکوانان هەوڵ دەدەن زۆرترین پەیام و هۆشیاری لە دژی توندوتیژی بڵاو بکەنەوە، لە کاتێکدا کە توندوتیژییەکانی دژی بە ژنان لە ئاستی جیهانیدا گەیشتووەتە لوتکە و بە پێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە جیهاندا هەر ١٠ خولەک جاڕێک ژنێک دەکوژرێت، ئەمە لە باشووری کوردستانیش ڕاستە و بە پێی ئەو ئامارانەی کە نوژنها دەستی کەوتووە، لە ماوەی ١١ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە ٥٠ ژن کوژراون.
شارا عەبدولکەریم، بەرپرسی لقی شارەزووری یەکێتی ژنانی کوردستان، باسی لەوە کرد هەموو ساڵێک لە هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا هەڵمەتێکی هۆشیاری لەگەڵ سەرجەم ڕێکخراوەکانی ژنانی سنوری هەڵەبجە بەڕێوە دەبەین و چەندین چالاکی ئەنجام دەدەین، چونکە لەو ڕۆژەدا ئەرکمان جیاوازە و ڕێکخراوەکان کار لە سەر هۆشیاری تاک بە تاکی کۆمەڵگە دەکەین، چونکە باوەڕمان وایە، هەر کاتێک هۆشیاری کەم بێت ئەوکات توندوتیژی زیاد دەکات.
ڕێکخراوەکان ئەرکیان جیاوازە لە حکومەت
شارا عەبدولکەریم باس لەوە دەکات ئەرکی ڕێکخراو لە حکومەت قورسترە، چونکە کاری ڕێکخراوەکان کەمکردنەوەی توندوتیژی و بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە لە ناو کۆمەڵگەدا، حکومەتیش لە ڕێگەی بەکارخستنی یاسا و ڕێکاری یاساییەوە دەتوانێت پارێزگاری لە ژنان و ڕێگری لە توندوتیژییەکان بکات، بۆ شاری هەڵەبجەش، ئێمە ناڵێین توندوتیژی تیادا نییە، توندوتیژی بوونی هەیە، بەڵام لەچاو ناوچەکانی دیکەدا ڕێژەی توندوتیژی تیایدا کەمترە.
"دەبێت ژنان وشەی نەخێر فێر ببن"
شارا عەبدولکەریم وەک سەرپەرشتیاری ڕیکخراو لە سنوری هەڵەبجە، باسی لەوە کرد، ژنان هەمیشە ژیان دۆستن و هەرگیز مافی کەس و سنوری کەس نابەزێنن، وتیشی: ئەگەر ئەو سیاسەتە جێبەجێ بکرێت دڵنیاین توندوتیژی کەم دەبێتەوە و پێویستە ژنانیش وشەی نەخێر بەرامبەر توندوتیژییەکان بەکاربهێنن، چونکە ژنان کاراکتەریان نەرمە و دایک و سروشتیین.