کۆمەڵگە و دەسەڵات نەبوونەتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی گەنجانی داهێنەر

هەرچەند ڕێگری و بەربەستەکان هەن لەلایەن دەسەڵات و کۆمەڵگەوە بۆ ئەوەی گەنجان داهێنەر نەبن، بەڵام چەندین گەنجی داهێنەر هەن بوونەتە نمونەی گەنجانی بە توانا لە کۆمەڵگەدا.

شنیار بایز

سلێمانی- کۆمەڵگە و دەسەڵات پاڵپشتی داهێنەری گەنجان نین و هەمیشە سیستمی سەرمایەداری بیرۆکەی گەنجان بەلاڕێدا دەبات، ئەمەش لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی و نەبوونی سیستمی پەروەردەیی پێویست و لەناوبردنی توانای گەنجان دەکات.

سوودی سەرەکی دەسەڵات لەم گەنجێکی ناهۆشیار، ئەوەیە گەنجان داهێنەر نەبن و ببنە مشەخۆر، چونکە گەنجی داهێنەر هۆشیارە، کۆمەڵگەی هۆشیار قبوڵی چەوساندنەوە ناکات، بۆیە دەسەڵات دەرفەت ناڕەخسێنێت بۆ گەنجان و هەمیشە دەیەوێت بێ کار بن، بەڵام بەشێکی گەنجان پشت بە کۆمەڵگە و دەسەڵات نابەستن و بەم هەموو بەربەستەشەوە هەوڵی بەرەوپێشبردنی خۆیان و بیرۆکەکانیان دەدەن.

 

"کۆمەڵگە پێشوازی لە بیرۆکەی نوێی گەنجان ناکات"

دیدار کامیل، بەڕێوەبەری سەنتەری کولتووری ژینا، دەربارەی ڕەخساندنی کۆمەڵگەی کوردی بۆ داهێنانکردن لەلایەن گەنجانەوە ئاماژەی بەوەدا، کۆمەڵگەی کوردی یەکێکە لەو کۆمەڵگەیانەی دەرفەتی کەم دەڕەخسێنێت بۆ گەنجان تا ببنە گەنجی داهێنەر، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنێتەوە، بەوەی هەر لە سیستمی باخچەی ساوایان و خوێندنەوە منداڵان و گەنجان دەکرێنە ڕۆبۆتێک و لەسەر سیستمێک بەردەوام دەبێت خۆشی نازانێت بۆچی بەردەوامە، هەروەها، هیچ پرسیارێک لەم کۆمەڵگەیەدا قبوڵکراو نییە، ئەبێت گەنجان لەسەر سیستمێک بڕۆن کە باو باپیرانیان لەسەری بەردەوام بوون، ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی خۆ ئەگەر گەنجێک بیرۆکەی داهێنانێکیشی پێبێت، بیرۆکەکەی لەناوبچێت.

 

"دەرفەت بۆ گەنجان نا ڕەخسێندرێت تا ببنە گەنجێکی داهێنەر"

دیدار ئاماژەی بەوەشکرد، پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ گەنجێک نییە تا بتوانێت ببێتە گەنجێکی داهێنەر جگە لەوەش، خودی کۆمەڵگە بۆ خۆی نەی توانیوە پێشوازی لە بیرۆکەی گەنجان بکات، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بیرۆکەی گەنجەکە لەناو بچێت، کردارەکانی کۆمەڵگەش بۆیە بەو شێوازەیە، چونکە زۆرینەی تاکەکانی ناوی خاوەن بیرکردنەوەیەکی تەندروست نین چونکە ئاستی زانین و خوێندنەوەیان کەمە، چالاکی هونەری و ڕۆشنبیری گشتی کەمە، ئەمانە سەرجەمیان هۆکارن بۆ ئەوەی کۆمەڵگە پێشوازی لە بیرۆکەی گەنجان نەکات.

دیدار وەک گەنجێک تاکە چارەسەری بۆ ئەوەی گەنجان ساردنەبنەوە لە بوونی بیرۆکەکانیان ڕوونیکردەوە، هەرچەندە کۆمەڵگە پێشوازی لە بیرۆکەی نوێ نەکات بەڵام پێویستە گەنجان کار بکەن بە کارکردن بیرۆکەکانیان بەدی بهێنن، چونکە کارکردن دەبێتە ئەزموونێک بۆ گەنجان هانیان دەدات بۆ ئەوەی پشت بە خۆیان ببەستن و بتوانن پڕۆژەکانیان بەدی بهێنن، چونکە پاڵپشتی دارایی گرنگترین خاڵە لە بەدیهێنانی بیرۆکەی نوێ.

 

"دەسەڵات لە گەنجانی داهێنەر سڵ دەکەنەوە بۆیە هاوکاریان ناکەن"

جگە لە کۆمەڵگە دیدار کامیل بە ئەرکی دەسەڵاتی دەزانێت، گەنجەکانی کۆمەڵگەکەی بەرەوپێش ببات، هاوکاری ئەو گەنجانە بکات کە بیرۆکەی نوێیان پێیە، دەسەڵات خۆی پڕۆژەکان جێبەجێ نەکات و خاوەن بیرۆکەکە وەلا بنێت، بەڵکو دەبێت خاوەن بیرۆکەکە بەرەوپێش ببات و گەنجەکە خودی خۆی بخاتە سەر کار، وتیشی: گرنگە دەسەڵات درک بەوە بکات خاوەن چەندین گەنجی بە ئەزموونە، پێویستە پاڵپشتیان بکات تا بکەونە سەر پێی خۆیان، چونکە بەدیهێننای پڕۆژەی نوێ دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە وڵا.

ئەوەشی ڕوونکردەوە دەسەڵات لە نەبوونی پارەدا نییە کە هاوکاری گەنجەکانی ناکات، بەڵکو خودی دەسەڵات مشەخۆرە و سودمەندە لەوەی گەنجەکانی بێکار بن و خەڵکی خۆی خاوەن ڕۆشنبیری نەبن، پێی وایە گەنجانی داهێنەر ئەگەر بە پڕۆژەکانیان بگەن و هۆشیار ببنەوە لە حکومەت ڕادەبن، بۆیە حکومەت دەستیان ناگرێت و پاڵپشتیان ناکات.

 

"بەردەوامی گەنجان لەسەر بەدیهێنانی بیرۆکەکانیان دەیانکاتە گەنجێکی داهێنەر"

لە درێژەی قسەکانیدا دیدار وەک گەنجێک باسی لەوەکرد، تۆڕی کۆمەڵایەتی یەکێکە لەو بەربەستانەی بەردەم گەنجان بۆ ئەوەی بتوانن ببنە گەنجێکی داهێنەر و کۆمەڵگە بەرەوپێش ببەن، دەڵێت: کاتێک تۆڕی کۆمەڵایەتی بێ فلتەر دەچێتە بەردەم گەنجان، ئەوا بە لاڕێیان دا دەبات، خودی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بۆ ئەوە هێنراونەتە ناو کۆمەگە تا گەنجان بەکار بەر بن نەک داهێنەر.

وەک گەنجێک پەیام بۆ هەموو گەنجان دەنێرێت، کە پێویستە درک بە دەوروبەریان بکەن و هەست بکەن تەواوی کۆمەڵگە و ویستی دەسەڵات لە بەرژەوەندی ئەواندا نین، خۆیان پەروەردە بکەن لە ڕێی خوێندنەوە و خۆ هۆشیارکردنەوەوە تا بتوانن بە هەموو ئامانجەکانیان بگەن.