کەمبەر سەرچاوەیەکی وەرزیی داهاتە بۆ ژنانی کۆچبەر

لە ماوەی کۆچبەریی نزیکەی ٦ ساڵەدا، بەمەبەستی دابینکردنی بژێوی ژیان، جەمیلە شێخ عەلی گەڵاکانی کەمبەر کۆدەکاتەوە و دەیفرۆشێت، کە دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ چارەسەرکردنی چەندین نەخۆشی.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- میزۆپۆتامیا جوگرافیایەکی فراوانە کە ژنان دەتوانن لە هەموو وەرزێکدا لەگەڵیدا بژین و یەک بن، سوود لە خاک و بەرووبوومەو ڕووکەشەکەی وەربگرن، لەسەر ئەم خاکە چەندین گیای بەسوود هەن ژنان کۆیان دەکەنەوە و دەیفرۆشن بە بازرگانان، هەروەها دەرمان بۆ نەخۆشی دروست دەکەن و پێشکەشی کۆمەڵگە ناوخۆیی و بیانییەکانی دەکەن.

 

ئەم جۆرە لە دەریای ناوەڕاست لە کەناری ئەتڵەسی دوورگەکانی کەناری و مەغریب تا دەریای ڕەش لە کریمە و ئەرمەنستان و دەریای قەزوین لە ئێران دۆزراوەتەوە، لە باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و دەریای ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئاسیا گەشە دەکات، لە زۆرێک لەو وڵاتانەی کە کەشوهەوای دەریای ناوەڕاستیان هەیە، بووەتە سروشتی، وەک ئەمریکا "کالیفۆرنیا" و ئوسترالیا.

 

گیای کەمبەر

 بیهێنە بەرچاوت ئەگەر ژنان ئەم کارەیان نەکردایە، ئەوەندە دەرمان لە کوێوە دەهاتن، یان ئایا سوودەکانی گیا دەدۆزرانەوە یان نا؟

 

گیای کەمبەر گوڵێکی بەناوبانگە، پۆلێن کراوە بە سیمایەکی جوانکاری سەرسوڕهێنەر، چونکە گوڵی سپی بە گەڵای وەنەوشەیی و بۆنێکی تایبەت بەرهەم دەهێنێت، لە ساڵێکەوە بۆ دوو ساڵ، درەختەکە گەشە دەکات و لقەکانی فراوانتر دەبێت و لە ساڵی سێیەمیشدا گوڵەکانی دەکرێتەوە، درێژییەکەی دەگاتە مەترێک، لە ١٥ی ئایار تا ١٥ی ئەیلول گوڵ دەکات.

 

کەمبەر ڕووەکێکی کێوی دڕکاوییە و لە وەرزی هاویندا میوە دەگرێت، بۆ دروستکردنی ترشیات لە ماڵەوە و دروستکردنی چارەسەری سروشتی بەکاردێت و میوەکەیشی دەخورێت، گوڵی کەمبەر تەنها بۆ ماوەی یەک ڕۆژ دەژین و لە مانگی ئایارەوە تا سەرەتای پایز زۆرن، هەروەها کەمبەربە میوەی شێوە چوارگۆشە و فرە تۆو ناسراوە.

 

سوودە ئەفسوناوییەکانی

 لە باشترکردنی تەندروستی جگەر و گورچیلەوە تا چارەسەرکردنی کەمخوێنی، زیاتر لە ١٠ سوودی هەیە، یەکێکە لەو جۆرە ڕووەکانەی کە سوودێکی زۆریان بۆ جەستە هەیە، چونکە پڕە لە ڤیتامینە پێویستەکانی وەک ڤیتامین A، ڤیتامین B12، ڤیتامین E، ڤیتامین K و هتد، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە خۆپاراستن لە نەخۆشی شەکرە، هاوکات یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرزی شەکر لە خوێندا و بەرزبوونەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵ، ئێسک بەهێز دەکات، چاو لە شێرپەنجە و کزی بینین دەپارێزێت و هەروەها چالاکە لە خۆپاراستن لە شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی پێست.

کۆچبەری سەختە بەڵام پڕە لە هیوا

جەمیلە شێخ عەلی خەڵکی گوندی شێخ عەلییە لەسەر ڕێگای تل تەمری زرگان، گوندەکە بەرامبەر بنکەی مەناخی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە، نزیکەی ٥ ساڵ و ٨ مانگە گوندەکە بە چەکی قورس ڕووبەڕووی هێرشی لەشکرکێشی بووەتەوە.

 

جەمیلە لە ئێستادا لەگەڵ خێزانەکەی لە چادرێکدا لە گوندی تل ڕومانی ئاشوورییەکان لەسەر ڕێگای تل تەمر  حەسەکە دەژی.

 

بەیانی زوو، کاتێک بە شەقامێکدا دەڕۆیشتین، ژنێکمان بینی کە لەگەڵ کچە ٩ ساڵانەکەی و کچێکی دیکەی ١٤ ساڵانی لەبەردەم دارێکی کەمبەردا وەستابوون و کۆیان دەکردەوە، گفتوگۆیەکی کورتمان سەبارەت بە بەرخۆداانی کۆچبەران بۆ گەڕانەوەی سەلامەت و ئەو هیوایانەی کە ڕۆژانە نوێ دەبنەوە لەگەڵ ئەو دایکە کرد.

 

"ئێمەش خاوەن خانوو و زەوی بووین، بەڵام ئێستا پەنابەرین"

جەمیلە شێخ عەلی وتی: ١٠ منداڵم هەیە، جگە لە من کەس نییە بتوانێت کار بکات و بژێوی خێزانەکە دابین بکات، خاوەن ماڵ و زەوی بووین، بەڵام ئێستا ئێمە کۆچبەرین، خانوو و زەویەکانمان  لەژێر تۆپباراندان، خوا لەو کەسانە ڕازی نەبێت کە بوونە هۆی کۆچبەریمان.

 

هیوای گەڕانەوە هەر ساتێک خۆی نوێ دەکاتەوە

جەمیلە شێخ عەلی لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا کە تاکە ئاواتی ئەوان گەڕانەوەیە بۆ سەر ماڵ و خاکی خۆیان، بە بێ ترس و کۆچ بە ئارامی بژین، هیوای ئەوانە کە ڕۆژانە نوێ دەبێتەوە، وتی: ژیان لەناو چادردا ژیان نییە، ئێمە وێران بووین، دەمانەوێت لەم ساتەدا بگەڕێینەوە ماڵەکەمان.