"نەوەیەکی هۆشیار زامنی داهاتوویەکی ئازادە"

خەولە محەمەد، ئەندامی ئیدارەی قوتابخانەی حەسەکه جەختی لەوه کردەوه که سیستمی پەروەردە و فێربوون زۆر گرنگه چونکه له ڕێگەوە تاک و کۆمەڵگەی هۆشیار دروست دەبێت و وتی ئامانجیان ئامادەکردنی نەەوەیکی زانا به فەلسەفەیەکی دروسته.

ڕۆنیدا هاجی

 

حەسەکە - لە یەکی ئەیلوولدا دەرگای قوتابخانەکان لە سەرتاسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرایەوە، لە شاری حەسەکە لە ١٩٧ قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و بنەڕەتی قوتابیان دەخوێنن و فێری زمانی دایکی دەبن، ژمارەی مامۆستایان دوو هەزار و ٧٠٠ یە، زۆربەیان ژنن، لە لایەکی دیکەوە، دوای هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر سەرێکانی لە ساڵی ٢٠١٩، نزیکەی ٢٥ قوتابخانە بە هۆی جێگیر بوونی کۆچبەران تێیاندا داخران، هەروەها لەو وانانەی کە دیاریکراوە لەناو سیستمی پەروەردەدا، خولێکی ژنۆلۆژییە،

 

"ئامانجمان ئامادەکردنی نەوەیەکی زانا و پێشکەوتووە"

خەولە محەمەد، ئەندامی ئیدارەی قوتابخانەکانی شاری حەسەکە، ئاماژەی بەوەدا کە سیستمی پەروەردە زۆر گرنگە و پێویستە بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: سیستمی پەروەردە یەکێکە لە پایە بنچینەییەکانی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک، چونکە کەسایەتی و کۆمەڵگەیەکی تەندروست لە ڕێگەی سیستمی پەروەردەوە بنیات دەنرێت، کاتێک ئەو کۆمەڵگەیە فەلسەفەیەکی دروستی هەبێت، هیچ مەترسییەک لەسەر ئەو کۆمەڵگەیە نییە، مامۆستایانی ئێمە شارەزان، ئەوان لە ڕۆژانی جەژندا وانەیان دەگوتەوە و لەسەر ئەم بنەمایە هەوڵ دەدەن نەوەیەکی ئازاد، خاوەن زمان و مێژوو و کولتوور و ڕێزگرتن لە گەلانی دیکە دروست بکەن، ئامانجمان دروستکردنی نەوەیە کە کراوە بێت بەڕووی گەشەسەندنی فیکریدا، نەک مرۆڤێک وەک ڕۆبۆتێک کە تەنها وانەکانیان تەواو دەکەن، بە پێچەوانەوە دەمانەوێت ئەوان لە ناو کۆمەڵگەدا خاوەن  ڕۆڵ و ئەرک بن".

 

"دەرگای قوتابخانەکان کراوەن و خوێندن دەستی پێکردووە"

 

خەولە محەمەد سەبارەت بە ساڵی نوێی خوێندن دەڵێت: تازە دەرگای قوتابخانەکان کراوەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران لە ئێستاوە دەچنە قوتابخانە بۆ ئەوەی خۆیان پەروەردە بکەن و فێری زمانەکەیان ببن، ئێستاش قوتابیان دێن بۆ سەردانکردنی قوتابخانەکە و ناوی خۆیان تۆمار دەکەن، لە یەکەمی ئەیلوولەوە قوتابخانەکانمان لە ڕووی پاکوخاوێنیەوە ئامادە کردووە و سەرنجمان لەسەر ئەنجامدانی کاری پێویست بوو، کتێب بەسەر سەرجەم قوتابخانەکاندا دابەشکرا و قوتابیان دەستیان بە خوێندنەوە کرد، لە ٢٥ قوتابخانەکانمان کۆچبەرانی سەرێکانی نیشتەجێ بوون، ئێستا ئامادەکاری بۆ دەرکەوتنیان لە قوتابخانەکان دەکرێت، پاشان لە کامپی سەرێکانی جێگیر دەکرێن، چونکە داخستنی ئەم قوتابخانانە کاریگەری نەرێنی لەسەر سیستمی پەروەردە هەیە و خوێندکاران پێویستیان پێیەتی.

 

"بۆچی تا ئێستا سیستمی خوێندن پەسەند نەکراوە"

خەولە محەمەد سەرنجی بۆ هێرش و ڕەشبگیریەکانی سەر سیستمی پەروەردە ڕاکێشا و وتی: بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکرێتە سەر سیستمی پەروەردە، هەم لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و هەم لەلایەن ڕژێمی سووریاوە، لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر سەرێکانی سەرەتا سیستمی پەروەردە کرایە ئامانج و تا ئێستا زۆرێک لە قوتابخانەکان داخراون و خوێندکاران لە زرگان و ناوچە گوندنشینەکانی تل تەمر لە خوێندن بێبەشن، لە لایەکی تریشەوە پرسیارێک هەیە بۆچی تا ئێستا سیستمی پەروەردە پەسەند نەکراوە؟ پێویستمان بە ڕەزامەندی دەوڵەتان نییە، ئێمە خۆمانین، ئەمڕۆ ئاگاداری خۆمان و منداڵەکانمان دەبین، ئێمە سیستمی پەروەردە لە پێش قوتابخانەوە تا زانکۆکان بە شێوەیەکی دروست بەڕێوە دەبەین، ئەمەش سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی شۆڕشە، ئەمڕۆ کە دەبینین خوێندکارەکانمان فێری زمانی خۆیان دەبن، بۆ ئێمە شتێکی بەنرخ و پیرۆزە، دەوڵەت سیستمی ئێمە قبوڵ ناکات، چونکە ئەوان لەخۆیان دەترسن، بۆیە چاوەڕێ ناکەین کەسێک قبوڵمان بکات یان نا، بە ماندووبوون و ڕێکخستن بووینمان، خۆمان قبولکردن بەدەست دەهێنین.

 

خەولە محەمەد جەختی لەوە کردەوە کە ژنۆلۆژی یەکێکە لە بابەتەکانی خۆبەڕێوەبەری و وتی: ژنۆلۆژی لە وانەکانی خۆبەڕێوەبەریدا جێگیرکراوە، لە قۆناغی ئامادەکاریدا دەدرێت، ژنۆلۆژی بۆ  کچانی گەنج زۆر گرنگ و پێویستە، ئێمە دەمانەوێت لەم سەردەمەدا حەقیقەت، سروشت و مێژووی خۆمان بزانین، هەفتەی یەک کاتژمێر ئەم وانەیە دەدرێت.

 

"لە هیچ بارودۆخێکدا سیستمی پەروەردە ڕاناگیرێت"

 خەولە محەمەد بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "ئێستا هەزاران مامۆستا و خوێندکار لەژێر چادر درێژە بە خوێندن دەدەن، ئەمە خۆی لە خۆیدا سەرکەوتن و پەیامێکە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هەرچییەک ڕووبدات سیستمی پەروەردە بەردەوام دەبێت، ئێمە دەمانەوێت ئەم خوێندکارانە بگەڕێنەوە شار و قوتابخانەکانیان، بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی بەردەوام بن لە خوێندن.