ئەنفال، برینێکی نەتەوەیی سەر دڵی دایکان
ئەنفال کە ١٨٢ هەزار کەس تێیدا بوونە قوربانی، برینێکە لە مێژووی گەلی کورددا تا ئێستا ساڕێژ نەبووە، کۆمەڵکوژی ئەنفال لە دڵی دایکان و پڕۆسەی ئەنفال لە لای ژنان قورستر بوو، دایکە پیرۆز دەڵێت لەوکاتەدا منداڵ دەگریا، ژنی دووگیان منداڵی دەبوو فرۆکەش بەسەریانەوە.
تەوار پێنجوێنی
گەرمیان- ئەنفال، کۆمەڵکوژکردنی کورد بوو لە ٨ قۆناغدا، بە کۆمەڵکوژی لە دۆڵی جافایەتی دەستیپێکرد و بە ناوچەکانی قەرەداغ، گەرمیان، ئاوگەی زێی بچوک، دۆڵ و چیاکانی شەقڵاوە و ڕەواندوز و لە کۆتایشدا بە بادینان کۆتایپێهات، لە شاڵاوەکەدا ١٨٢ هەزار کەس لە باشوری کوردستان ئەنفالکران، ئەم کۆمەڵکوژییە بە سەرۆکایەتی سەدام حسێن، سەرۆکی ڕژێمی بەعس و بە سەرکردایەتی عەلی حەسەن مەجید، ناسراو بە عەلی کیمیایی بەڕێوەبرا.
ئەنفال تەنها کردەوەی ڕژێمی بەعس نەبوو بەرامبەر بە گەلی کورد، بەڵام پێناسی هێرشێکی هۆڤانەیە بۆسەر کوردان، شێوازێکی پەلاماردانی وێرانکەر و بەکارهێنانی توندوتیژی و کۆمەڵکوژی، برین و ترسەکەی تا ئێستا درێژەی کێشاوە، ئەنفال کە کۆکراوەی "نفل"ە بە واتای "غنیمە-دەستکەوت دێت، ناوی هەشتەم سورەتی قورئانی ئاینی ئیسلامە، ئەم ئایەتە لە کاتی شەڕ و تاڵانیدا بۆ دەستگرتن بەسەر ماڵ و سامانی کافراندا بەکارهێنرا، بۆیەش لەسەر حوکمی ئەم ئایەتە شەڕکەران لە کاتی فتوحات و شەڕ دژی ناموسڵمانەکان دەستیان دەکرد بە تاڵانی و تەنانەت ژن و منداڵیشیان وەک جاریە-کۆیلە بۆخۆیان دەبرد، لەمەوە دەردەکەوێت لەژێر ناوی ئەنفالدا کۆمەڵکوژکردنی گەلی کوردی باشوری کوردستان بەڕێوەبرا و کوشتن و تاڵانی کرا و ژنان و منداڵ وەک کۆیلە بران.
٤ هەزار گوند و ٣٠ شارەدێ وێرانکران
ئەنفال لە ٢٣ی شوباتی ١٩٨٨ لە دۆڵی جافایەتییەوە دەستیپێکرد و لە ٦ی ئەیلولی هەمان ساڵلە بادینان کۆتاییپێهات، لەو ماوەیەدا ١٨٢ هەزار کەس ئەنفالکران، ٤ هەزار گوند و ٣٠ شارەدێ سوتێنران و ڕووخێنران، ٢٥٠ شارۆچکە و گوند لەژێر هێرشی چەکی کیماییدا بوون، ١٧٥٤ قوتابخانە، ٢٧٠ نەخۆشخانە، نزیکەی ٣٠٠٠ مزگەوت و ٢٧ کڵێسا وێرانکران، زیاتر لە ٢ ملیۆن مەڕ و ماڵات تاڵانکران، ٢٠٠٠ لە مەسیحییە ئاشورییەکان لەگەڵ کورددا بوونە قوربانی گازە ژەهراوییەکان، هەروەها ژینگە و سروشتی ئەو ناوچانەی کە ئەنفالی تێدا بەڕێوەبرا، تێکدرا.
ئەنفالی گەرمیان، قورسترین قۆناغی ئەنفال بوو
قۆناغی سێیەمی ئەنفال، ئەنفالی گەرمیان یاخود ئەنفالی ڕەش بەرفراوانترین و قورسترین قۆناغی ئەنفال بوو، لە ٧ی نیسانی ١٩٨٨ دەستیپێکرد و هەموو ناوچەکانی چەمچەماڵ، سەنگاو، کفری، کەلار، زنانە، قادر کەرەم، دوز، پێباز و تیلەکۆ و لەیلانی گرتەوە و زیاتر لە ٥٠٠ گوند و چوار شارەدێ وێرانبوون، بە دەیان هەزار کەس برانە بیابانەکانی عەرعەر و زیندانەکانی نوگرەسەلمان و زیندەبەچاڵ کران، کە هەتا ئێستا ڕووفاتی بە هەزارانیان نەگەڕێندراونەتەوە و بەشێک لە خێزانەکان ئێشتا بە ئومێدی هاتنەوەی کەسوکار و ڕۆڵەکانیان دەژین.
تەنها لە ١٤ی نیسانی ئەو ساڵەدا نزیكهی ٢٠ ههزار کەس لە ژن، پیاو، پیر و مناڵ لە گوندی ملە سوورەوە گواسرانەوە بۆ قەلای سەربازی قۆرەتوو، دواتر بەرەو نوگرەسەلمان و دوبز و تۆپزاوا، دوای ١٩ ساڵ لە تاوانی ئەنفال و ١٥ ساڵ لە هەبوونی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە ١٤ی نیسانی ٢٠٠٧دا بڕیاردرا ١٤ی نیسان/٤ی هەموو ساڵێک بکرێتە ڕۆژی ئەنفال.
پیرۆز کەریم ساڵح، ڕزگاربووی ئەنفال لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٣یە، دانیشتووی گوندی لفتی ئاغایە لە گەرمیان، لە بیرەوەرییەکانی خۆیەوە باسی ئەنفالی گەرمیانمان بۆ دەکات و وەها دەستپێدەکات: ئێوارەیەکی مەغریب نزیکەی ٦ ژن و مێردمنداڵێک، بەرەو خوار گوندی لفتی ئاغا دەڕۆن و ئیدی ناگەڕێنەوە، دوایی دەزانن لەلایەن سەربازەکانی ڕژێمی بەعسەوە براون، دوای نزیکەی ١٥ ڕۆژ سوپای ڕژێمی بەعس لە زەمینەوە دێت و فرۆکە بە ئاسمانەوە بۆردومان دەکات، هەموو هۆکارەکەشی ئەوەیە خەڵکی گوندەکان لەسەر داوای ڕژێم ناچنە ئۆردوگاکانی دوزخورماتووەوە.
دایکە پیرۆز دەڵێت: "ئێمە ژیان، کشتوکاڵ، منداڵە وردەکانمان و زەوییەکانمان لەو گوندەدا بووە، ئەگەر بچوینایەتە دوز دەمردین"، لەو کاتەی ئەنفال ڕوویدا وەک پیرۆزی ڕزگاربوو دەڵێت، برنج لەسەر ئاگر بوو، نان لە تەنوردا دوکەڵی دەکرد، هەلیکۆپتەرەکان تەقەیان دەکرد و ئەوانیش ڕایاندەکرد و خۆیان دەشاردەوە، "چوار ژن کە لەسەر چەمی لای گوندەکەوە بوون، سیانیان خۆیان شاردەوە، بەڵام دانەیەکیان کە بۆلای منداڵەکەی ڕایکرد، بەر بۆردومان کەوت و لەجێیا سوتا، کەسێکی دیکەش کە دەڕاسەی لێدەخوری، کوژرا، سەربازەکان لە نەوجۆلەوە دەهاتن، پێشمەرگەش شەڕی دەکرد".
لە دوای ئەو ڕووداوانە ئاوارەبوون و ڕاکردنی گوندەکان دەستیپێکرد، بەشێکی خەڵکی گوندی لفتی ئاغا دەچنە وارانی و ڕۆژانە بۆ دان و نان پێدانی پەلەوەر و ئاژەڵەکان دەچنەوە گوندەکەیان، دوای ئەوەش ڕژێم دەگاتە لفتی ئاغا وەک دایکە پیرۆز باسی دەکات، دەچنە کەریم باستان و دواتر بەرەو ئاوباریک و تا قادر کەرەم.
منداڵەکانی لە قوڕ هەڵکێشا تا فڕۆکە نەیانبینێت
پیرۆز کەریم بیرەوەرییەکانی کە هەندێکی کاڵ بوونەتەوە، بەڵام بەسەرهاتی ئەو ڕۆژانە دەگێڕێتەوە کە لە لێشاوی ڕاکردنەکەدا سێ منداڵ کەوتوونەتە ناو ئاوی چەمەوە و نەیانتوانیوە ڕزگارییان بکەن، دوای ئەوەش فرۆکە هاتووە بەسەریاندا، "خۆم سێ منداڵم هەبوو لەگەڵ ٧ برازای هاوژینەکەم، هەموویان کردە ناو چەمەکە و قوڕاویم کردن، دوایی سێ بەرماڵم قوڕاویی کرد و دامبەسەریاندا بۆی فرۆکەکان نەیانبینن، ئەوکاتە زستان بوو لە سەرمادا منداڵەکان هەڵدەلەرزین، لەناو گوندەکەشماندا هەموو ئاژەڵ و پەلەوەرەکان مردبوون".
پرۆسەی ئەنفال لە زستاندا بوو، دنیا سارد و ئەو ڕۆژانە باران بە چڕی دەباری، پیرۆز و ٤٥ کەسی دیکە دەچنە ناو تراکتۆرێکەوە تا ڕێگەکەیان بەرەو شوێنێکی ئارام ببڕن، دوای ئەوەی لە جێیەک دەمێننەوە، هاوژینەکەی ئاگر دەکاتەوە تا خۆیان گەرم بکەنەوە، بەڵام فڕۆکەکان ناوەڕاستی ئاگرەکە بۆردومان دەکەن و وەک دایکە پیرۆز دەڵێت "ئەگەر لە ئاگرەکە دوور نەبووینایە هەموومانی دەکوشت، نانمان نەدەخوارد، دەچوینە گوندەکان و نان و هەویری بەجێماومان بۆ منداڵەکان دەهێنا".
لە قادر کەرەمەوە ڕژێمی بەعس بە زیلی عەسکەری خەڵکی گوندەکانیان بەرەو مەکتەب شەباب لە دوزخورماتوو ڕاگواست تا ئەنفالیان بکەن، هەندێک لە خەڵکە خۆیان ڕزگار کرد، ئەوەشی مایەوە ئەنفال کرا، لەوکاتە ژنی دووگیان ژان دەیگرت، منداڵ دەگریا و شیوەن بوو، خەڵک دەکوژرا، دایکە پیرۆز دەڵێت: زۆرم بیر نەماوە، بەڵام ڕۆژانێکی سەخت بوو، جارێک چووبوینە چەمەکە، فرۆکە هات و خۆمان لە بن دارەکاندا شاردەوە، جارێکیش شایەتمانمان هێنا نازانم چۆن نەکوژراین".
خەڵکی گوندەکانی گەرمیان لە ساڵی ١٩٨٨دا ئەنفالکران، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراق و ڕاپەرینی خەڵکی باشوری کوردستان گوندەکانیان ئاوەدانکردەوە، بەڵام برینی ١٨٢ هەزار ئەنفال و نەگەڕانەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوان و بە جینۆساید نەناساندنی ئەو کۆمەڵکوژییەی گەلی کورد برینی ژنان و دایکانی قوڵتر کردووە، کە هەندێکیان بەو داخەوە سەریان ناوەتەوە.