"وتاری پیاوانی ئایینی کاریگەری لەسەر توندوتیژی و کوشتنی ژنان هەیە"

لە باشوری کوردستان ڕێژەی توندوتیژی و کوشتنی ژنان لە ئاستێکی بەرزدایە و لە وتارە ئاینییەکانی ڕۆژانی هەینیدا لەبری هۆشیارکردنەوە بۆ دابەزینی ئەو ڕێژە زۆرە لە کوشتن، تەنها باس لە خاوەنداریی کردن و جلوبەرگی ژنان دەکرێت.

لاڤە کوردە

 

ناوەندی هەواڵ- ئایین ڕۆڵی هەیە لە ڕێکخستنی کۆمەڵگە و هاندانی خەڵک بۆ پێکەوەژیان و کەمکردنەوەی توندوتیژی، بە تایبەتیش لەسەر توندوتیژی دژی ژنان، زۆرینەی دانیشتوانی باشوری کوردستان موسڵمانن و پەیڕەوی ئاینی ئیسلام دەکەن، کە ئاینی ئاشتی، ئارامی، پاراستنی تاک لە خراپ، پێکەوە ژیان و لێبوردەییە، ئاینی ئیسلام دژی توندوتیژی و زۆرداریی و سەپاندنی ڕەگەزێکە بەسەر ڕەگەزێکی دیکەدا، بەڵام دەبینین پیاوانی ئاینی و وتاربێژەکان لە مزگەوتەکانەوە لە وتارەکانیاندا وشەکانیان و تەنانەت دەنگیشیان هۆکارن بۆ ئاڕاستەکردنی پیاو بەرەو پیاوێکی توندوتیژ، ڕۆژانی هەینی لە مزگەوتەکانی باشوری کوردستان وتارەکان تەنها خۆی لە باسکردنی مامەڵە لەگەڵ ژن و شێوازی جلوبەرگی ژندا دەبێنێتەوە، لەکاتێکدا چەندین قەیران و کێشەوگرفت هەیە کە دەبێت خەڵکی لێ هۆشیار بکرێتەوە، پرسی داگیرکاری بۆ سەر خاکیش هیچ کاتێک نابێتە بابەتی وتاری هەینییەک.

 

پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک بە پێکھێنانی ئاشتی نیوان تاک و خێزانەکان دێتەکایەوە، ئەوەش پێویستی به کارکردنی جدی مەلایانی ئاینی وەک چینێکی دیاری کۆمەڵگە هەیە، ئەوان دەبێت لە ڕێگەی مینبەرەکانیەوە ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی پێشبخەن و هۆکاری پێکەوەژیان و ئاشتی نیوان خێزانەکان بن، نەک ئەوەی پیاوێک دروستبکەن بەهۆی وتارەکانی ئەوانەوە دوای نوێژی هەینی لەناو خێزانەکەیدا توندوتیژی بەرامبەر دایک، خوشک، هاوژین و کچەکانیان ئەنجامبدەن.

 

پەیمان عیزەدین، پارێزەر و چالاکوان، نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەیان بۆ نوژنها کرد.

 

پەیمان عیزەدین، پارێزەر و چالاکوان ئاماژەی بەوەکرد کە ئاییینەکان بە ئاسمانی و زەمینییەوە فکر و فەلسەفەن بۆ باشترکردنی گوزەرانی خەڵک و ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی کۆمەڵگە، یاسا لە قۆناغی دوای ئەودا ئەو پەیوەندییانەی ڕێکخستووە، واتە بە شێوەیەکی گشتی ئایین دەستنیشانکردنی چاکە و خراپەیە بەو ئامانجەی مرۆڤەکان لە خراپە دووربخاتەوە و بەرەو کاری باش ئاڕاستەیان بکات.

 

"ئێستا لە کۆمەڵگەی خۆمان پیاوانی ئایینی و مزگەوتەکان کە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە مینبەری کەناڵێکی گەورەن بۆ دروستکردنی ڕای گشتی و کاریگەری دروستکردن لەسەر تەواوی کۆمەڵگە، ئاشکراشە کە لە باشوری کوردستان زۆرینە موسڵمانن و سەردانی بەردەوامی مزگەوتەکان دەکەن ئەو وتارانەی گوێی لێدەگرن ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەریان، ئەو پیاوانەی گوێبیستی وتارەکانیشن باوک و براو هاوژینن و دواتر دەچنەوە ناو خێزانەکان".

 

"وتارەکان هۆکارن بۆ توندوتیژی"

ئەوەشی خستەڕوو کە وتارەکان توندوتیژی دروستدەکەن، "من خۆم زۆر کات گوێم لە وتارەکان بووە کە تەنها لە چوارچێوەی جلوبەرگ و هەڵسوکەوتی ژناندا قەتیسکراوە و تایبەتکراوە بە باس کردن لە ژن، لەکاتێکدا وتارە ئایینییەکان بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن و هەڵسوکەتە لەگەڵ دەوروبەر و نان خواردن و چۆنیەتی ژیانکردن، ژیانی ژنان لە ڕاستیدا تایبەتە بە پەیوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری، بەڵام دیارە ئەو بابەتانە فەرامۆش کراوە و پیاوانی ئایینی تەنها باس لە پۆشاک و خوێندن و ڕەفتاری ژنان دەکەن بە شێوەیەک ئەوەی کە دەیڵێن پەیوەندی بە بیرکردنەوە و ناخی خۆیانەوە هەیە، بۆیە دەبینین زۆربەی جار وتارەکان هاندانە بۆ توندوتیژی بە شێوەیەکی وا مامەڵە دەکەن کە پیاوان خاوەنی ژنانن و ئەوان بڕیار لەسەر ژیانی ئەو ژنانە دەدەن کە لە چوارچێوەی خێزانەکەی ئەودا کۆدەبنەوە".

 

پەیمان عیزەدین ئاماژەی بەوەکرد کە وتارەکان بەو شێوەیە کاریگەری زۆر گەورەی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی توندوتیژی و کوشتنی ژنان هەیە، "چونکە ئەوەی ژن دەکوژێت پێیوایە واجبێکی ئایینی بەجێهێناوە ئەمەش هۆکارەکەی پیاوانی ئایینین کە وتارەکانیان هۆکاری توندوتیژییە."

 

"وتارەکان لەلایەن لیژنەی باڵای دانانی وتارەوە دەنوسرێن"

سەبارەت بە شێوازی وتارەکان و چاودێری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەر مزگەوتەکان و وتاربێژان کە ئایا چۆن وتارەکان پێشکەشدەکەن، نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکرد کە دیاریکردنی وتاری ڕۆژانی هەینی لە لایەن لیژنەی باڵای دانانی وتارەوەیە کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە دامەزراوە، لە کەسانی شارەزا و خاوەن بڕوانامەی بەرز پێکدێن، هەفتانە وتاری ڕۆژانی هەینی دادەنێن کە تەواوی وتارەکان گیانی خۆشەویستی و تەبایی بۆ ژیان و کۆمەڵگەیە، لە سەرجەم مزگەوتەکان بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەچووە و هیچ هێرش و قسەیەکی نەشیاو نەبووە کە پێویست بە لێپرسینەوە بکات.

 

وتیشی: "ئەو ڤیدیۆو وتارانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەبنەوە ئیمە لێی بەرپرس نین".

 

ئەو وتەبێژەی وەزارەتی ئەوقاف ئەوەی خستەڕوو، لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و ٢٥٠ مزگەوت هەن و لە هەموویان وتاری ڕۆژانی هەینی بە شێوەیەکی زۆر باش دەدرێت و لە حاڵەتیکدا نەبووە کە هەستی کەسی بەرامبەر بریندار بکات، وتارەکان لە ئەلف تا کۆتایی لەلایەن لیژنەی وتاری هەینییەوە دەنوسرێت کە شەرعیەتی ئاینی ئیسلامە و لە خزمەتی خێزان و مرۆڤایەتییە و تەواوکارییە لە نێوان خێزانەکان بەهیچ شێوەیەک بە ئاڕاستەی پیاوان نییە بۆ توندوتیژی، وتیشی: "لە وتارەکاندا نە پیاو ئاڕاستە دەکرێت کە خاوەنی ژنە، نە ژنیش ئاڕاستە دەکرێت بەوەی ببێتە خاوەنی پیاو".

 

ت.پ