تاڤگە ئەحمەد، یەکەم پڕۆفیسۆری ژن لە بواری دەرمانزانی و ژەهرزانی

ژنێک بە کەمترین ماوە توانیویەتی ببێتە پڕۆفیسۆر لە بواری دەرمانزانی و ژەهرزانی، کە یەکەم ژنە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت "ژنان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ژیانیان پێویستە پشت بە خۆیان ببەستن".

شنیار بایز

 

سلێمانی- بەدەستهێنانی هەر ئامانجێک لە ژیاندا هەوڵ و تێکۆشانی خۆی دەوێت، گەیشتن بە خەون سەختی زۆری دەوێت بە تایبەت ئەگەر ژنێک بێت و لە کۆمەڵگەی کوردیدا بێت، چونکە ئەرکی خێزان بە گشتی لەسەر شانی ژنانە و هەموو سەختییەکانی کۆمەڵگە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەش چەندین ژنی بەتوانا هەن لە بواری جیاوازدا هەوڵیانداوە و بە ئامانجەکانیان گەیشتوون.

 

یەکێک لەوانە، پزیشک تاڤگە ئەحمەدە، پڕۆفیسۆر لە بواری دەرمانزانی و ژەهرزانی، مامۆستای کۆلێژی دەرمانسازی زانکۆی سلێمانییە، یەکەم ژن بووە توانیویەتی لە بواری دەرمانزانی و ژەهرزانی پڕۆفیسۆری بەدەستبهێنێت لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان

 

"ماوەی ١٠ ساڵ وەک پزیشکی دەرمانساز کارم کردووە"

پزیشک تاڤگە کۆلێژی دەرمانسازی زانکۆی بەغدای تەواو کردووە، دواتر وەک پزیشکی دەرمانساز لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی دامەزراوە، ماوەی ١٠ ساڵ وەک پزیشکی دەرمانساز کاری کردووە، لەو ماوەیەدا چەندین ڕۆڵی کاریگەری هەبووە وەک چالاککردنی پزیشکی کلینیکی لە شاری سلێمانی، دواتر وەک یەکەمین ژن بووە بە لێپرسراوی بەشی دەرمان لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان.

 

تاڤگە ئەحمەد لە دوای ١٠ ساڵ خزمەت دووبارە دەستی کردووەتەوە بە خوێندن لە زانکۆی سلێمانی، سەرەتا ماستەری هێناوە و دواتر دکتۆرا تا گەیشتووەتە پڕۆفیسۆری، دەربارەی هەوڵەکانی بۆ خوێندن وتی" "لە منداڵییەوە خەونم بووە ببم بە توێژەر و مامۆستای زانکۆ بۆ ئەوەی بتوانم توێژینەوە بکەم، لە ماوەی کاری پزیشکیم بەردەوام بیرم لای ئەو ساتە بووە دەستبکەمەوە بە خوێندن و توانیم لە ساڵی ٢٠٠٩ نازناوی مامۆستای یاریدەدەرم وەرگرت".

 

لە باسی توێژینەوەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، زۆرینەی توێژینەوەکانی لە زانکۆی سلێمانی ئەنجامداوە و بە نزیکەی ٣٤ توێژینەوەی بڵاوکراوەی هەیە، هەندێکی دیکەی هەن تا ئێستا بڵاونەکراوەتەوە، هەندێک توێژینەوەی دیکەی لەگەڵ مامۆستایانی تردا بەرامبەر بەرزکردنەوەی ئاستی زانکۆی سلێمانی بە ئەنجامدانی توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی لە جۆڕناڵی ئاست بەرزدا خەڵاتکراون.

 

بە کەمترین ماوە توانیویەتی ببێت بە پڕۆفیسۆر

پزیشک تاڤگە، ­زیاتر خولیای مامۆستایەتی هەیە وەک لە کاری پزیشکی، چونکە لە دوای ١٠ ساڵ دووبارە گەڕاوەتەوە سەر خوێندن بەو هیوایەی بتوانێت مامۆستایەکی باشی لێدەربچێت، "دابڕان لە خوێندن و دووبارە دەستپێکردنەوەی کارێکی زەحمەتە، بەڵام چونکە خەونی خۆم بوو هەوڵی تەواوی خۆممدا و ئەو بوارەم هەڵبژارد کە خۆم حەزم لێی بوو ئەویش 'دەرمانزانی ژەهرزانی' بوو".

 

ساڵی ٢٠٠٩ بووە بە مامۆستای یاریدەدەر، تا ساڵی ٢٠٢٢ توانیویەتی ببێتە پڕۆفیسۆر کە کەمترین ماوەیە تیایدا بتوانیت ئەو ئاستە بەدەستبهێنیت، هەمیشە توێژینەوە باشەکانی بوونەتە هۆکار بۆ پێشکەوتنەکانی.

 

"دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان خەونی خۆت و خێزانەکەت کارێکە قورسە"

باسی لەوەکرد، بەشێوەیەکی گشتی خوێندن بۆ هەموو کەسێک قورسە بەڵام  کاتێک بابەتەکە دەبێتە ژن قورسییەکان زیاتر دەبن، چونکە ژن ئەرکی خێزانەکەی زیاتر لەسەر شانە بە بەراورد بە پیاوان، "لە خوێندنی ماستەر و دکتۆراکەشم منداڵی بچوکم هەبووە کە زەحمەت بووە منداڵەکانم بەخوێو بکەم و تێی بپەڕێنم، هەرچەندە خێزانەکەم پاڵپشتی تەواوەتیان کردووم بەڵام پاراستی هاوسەنگی نێوان خێزان و خولیاکە بە تەواوەتی دەکەوێتەوە سەر خۆت".

 

جەختیکردەوە کاتێک کەسێک خەونێکی هەیە نابێت وشەی ئەستەم لە هزریا بێت، بەڵکو دەبێت باوەڕی بەوە بێت دەتوانێت بە خەونەکەی بگات و بڕوای تەواوەتی بە خۆی هەبێت.

 

"پاڵپشتی سەرەکی خۆتی"

تاڤگە ئەحمەد باسی لەوەکرد، هاندەری سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێک خودی خۆتی، لەگەڵ ئەوەی دەبێت خولیات هەبێت بۆ ئامانجەکەت، بەڵام پێویستە هەموو توانای خۆت کۆبکەیتەوە بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجەی هەتە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە خۆت پاڵپشتی خۆت بکەی سەرەتا دواتر پشت بە خێزانەکەت ببەستیت.

 

دەڵێت: "تەنها بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەم باجی زۆرم داوە، بەڵام نابێت ئەو باجانە لەسەر دەستی کەسانی تر بێت، بەڵکو دەبێت خودی خۆت بیت"، پەیامی دکتۆر تاڤگە بۆ ئەو ژنانەی خەونێکیان هەیە بریتییە لەوەی، هیچکات نەوەستن لە بەدەستهێنانی خەونەکانیان، بە جۆرێک بتوانن هاوسەنگی ڕابگرن لە نێوان خودی ژیانی خۆیان و ئامانجەکانیشیان.

 

"ئەو ژنەی خەونێکی هەیە باجی یەکەمی خەونەکەی خۆی دەیدات، بە تایبەت لە کۆمەڵگەی کوردی کە زۆرینەی ئەرکی خێزانەکان لەسەر شانی ژنە و ڕۆڵی سەرەکی ناو خێزانەکان ژن دەیبینن، بۆیە دەبێت کۆمەڵگە شانازی بەو ژنانەوە بکات کە بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان".