تورکان لەو چادرەدا دەژی کە لەسەر زەوییە سووتاوەکەی دروستی کردووە

تورکان ئەلایومات دوای سوتاندنی گوندەکەی لە ساڵی ١٩٩٢ ناچارکرا کۆچ بکات بۆ ئیستەنبوڵو بەڵام چەند ساڵێک دوای ڕۆیشتنی گەڕایەوە بۆ گوندەکە و ئێستا لەو چادرەدا دەژی کە لەسەر زەوی خانووە سووتاوەکەی دروستی کردووە.

 

مەدینە مامەدئۆغڵو

بەدلیس- زۆرێک لە ناوچەکان لە ساڵانی نەوەدەکانەوە تا ئێستا لەژێر سیاسەتی کۆچ و کۆمەڵکوژیدان، لە ساڵانی نەوەدەکاندا هەزاران گوند چۆڵکران لەژێر فشار و هەڕەشەدا و ملیۆنان کەس ناچارکران لە گوندەکانەوە کۆچ بکەن بۆ شارەکان، بەڵام خەڵکەکە جارێکی دیکە دەستیان کرد بە گەڕانەوە بۆ گوندەکان و لە یەکێک لەو گوندانەوە کە خەڵکەکە دەستیان کرد بە گەڕانەوە بۆی گوندی کارۆکانی ناوچەی تێتوان لە بەدلیس بوو.

 

گوندەکانیان لە دوای کۆمەڵکوژییەکە سوتێنران

گوندی کارۆکان لە ١٠ی حوزەیرانی١٩٩٢ کۆمەڵکوژییەکی گەورەی بینی، ئەو شەوە ڕێگاکە داخرا لەبەردەم مینی پاسێک کە لە ناوەڕاستی شارەکەوە بەرەو گوندەکە بەڕێکەوتبوو لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ، تەقەیان لە سەرنشینەکان کرد و ١٣ هاوڵاتییان کوشت، لەنێویاندا دوو منداڵ لەناو پاسەکەدا، ئەم ڕووداوە بۆ ماوەی ٣٠ساڵ شاردراوەتەوە، دوای ئەم کۆمەڵکوژییە، ماڵی گوندنشینەکان سوتێندران و ناچارکران لە گوندەکانیان هەڵبێن ئیستەنبوڵ، ٤ ساڵ لەمەوبەر هەندێک لە گوندە کۆچبەرەکان دەستیان کرد بە گەڕانەوە بۆ گوندەکە، کە گوندنشینەکان لەوێ سەرەڕای ئەو سەختییانەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە بەهۆی نەبوونی کارەبا و ڕێگاکانی گواستنەوە بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوای زستانەوە، هەوڵیان دەدا لە گوندەکەدا بمێننەوەو بەردەوام بن.

 

بۆ ماوەی چەند ساڵێک نەیانتوانی بچنە ناو گوندەکەیان

تورکان ئەلایومات یەکێکە لەو دانیشتوانەی کە گەڕاوەتەوە بۆ گوندەکە، بەڵام لەبەر ئەوەی توانای دروستکردنی خانوویەکی نییە، ئێستا لەناو ئەو چادرەدا دەژی کە لەسەر زەوی ماڵەکەی خۆی دروستی کردبوو کە سووتێندراوە، هاوینان لە گوندەکە بەسەر دەبات، بەڵام ناچار دەبێت لە زستاندا بڕوات بۆ ئیستەنبوڵ، دەیەوێت بە هەمیشەیی و بە درێژایی ساڵ لە گوندەکە بمێنێتەوە، بەڵام تواناکانی ڕێگەی پێ نادات ئەو کارە بکات و وتی: تەنها مانەوە لە گوندەکە وا دەکات هەست بە ئاسوودەیی بکەم.

تورکان باسی ئەزموونی خۆی دوای کۆمەڵکوژییەکە کردو وتی: دوای ئەوەی گوندەکەمان جێهێشت، دەوڵەت ئاگری لە ماڵەکانمان گرت و گوندەکەی سووتاند، ناچار بووین بڕۆین بۆ شارە گەورەکان، چەندین ساڵ لەوێ کارمان دەکرد، بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ نەمانتوانی سەردانی گوندەکەمان بکەین، لە کۆتاییدا، کاتێک خێزانەکان دەستیان کرد بە گەڕانەوە بۆ گوندەکە، منیش گەڕامەوە، بەڵام هیچ ئەگەرێکم نەبوو بۆ دروستکردنی خانوو، بۆیە چادرێکم بۆ خۆم دروستکرد و لەناویدا دەژیام، دوو هاوینم لێرە بەسەر برد، سەرەڕای بارودۆخە سەختەکە، بەڵام کەش و هەوای ئەم شوێنە بۆ من زۆر باشە.

 

"کاتێک لە شارەوە دێمە ئێرە، هەست بە ژیانەوە دەکەم"

تورکان ئەلایومات ڕوونیکردەوە کە کەش و هەوای گوندەکە تەندروستترە و لە شار پاکترە و تاکە خەونی ئەوەیە کە خانوویەک دروست بکات و لە گوندەکە بمێنێتەوە، وتی: من لە بەهاردا دێم بۆ گوندەکە و لە پایزدا دەڕۆم، کاتێک کەسێک گوندەکەی نابینێت، حەزی لە ماڵەکەی و ڕابردووی خۆی دەبێت، تەنانەت ئەگەر ئەو شوێنەی من تێیدا دەژیم چادرێک بێت، هەموو ناخۆشییەکان چارەسەر دەکات، کاتێک لە شارەوە هاتم بۆ ئەم خاکە، هەستم بە ژیانەوە کرد کاتێک سەیری دەرەوەی چادرەکە دەکەم، هەموو بەشەکان دەبینم، هەرچەندە هیچ شتێک لێرە نییە، ئێمە ئاژەڵمان نییە بۆ ئەوەی چاودێرییان بکەین یان ماڵێکمان هەبێت بۆ ئەوەی تێیدا بژین، بەڵام بۆ من تەنانەت مانەوەم لێرە زۆر باشە، ئەگەر خانوو دروست بکەین و خەڵکەکە بگەڕێنەوە گوندەکە، ئێمە بە هەمیشەیی و جێگیری لێرە دەمێنینەوە.

 

"ماوەی ٣٢ ساڵە کارەبا نەماوە"

ئاماژەی بە نەبوونی خزمەتگوزاری لە گوندەکە کرد، بەتایبەتی لە ژێرخانی گوندەکە، وتی: بۆ ماوەی ٣٢ ساڵە لێرە کارەبا نییە، چەندین ساڵە داوای کارەبا دەکەین، ئەمساڵ دەستیان کردووە بە دانانی ستوون بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ گوندەکە، بەڵام تا ئێستا لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە پێداویستییەکانمان دابین دەکەین و بەهۆی تاریکییەکی زۆرەوە لە شەودا هەرگیز ناتوانین بڕۆینە دەرەوە، هەروەها ڕێگاکانی گوندەکە باش نین.