تێڕوانینی ژنانی ئیدلب بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان

ژنانی ئیدلب بۆچوونی خۆیان لەسەر ڕۆژی جیهانی ژنان خستەڕوو و وتیان: ئەم ڕۆژە بووەتە سیمبولی هەبوونی ژنانی سوریا، بیرۆکەی پیرۆزکردنی ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکار ڕێزگرتن بوو لە قوربانیدان و دەستکەوتەکانی ژنان، واتای ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکار کاتێک گەورەتر دەبێت کە هەموو ژنانی سوریا ڕزگار بکرێن".

 

سوهێر ئەل ئیدلبی

ئیدلب- ڕۆژی جیهانی ژنان هەموو ساڵێک هاوشانی پێشێلکارییە گەورەکان و سەختییەکانی سەر ژنانی سوریا بەڕێوەدەبرێت، ژنان لە سوریا و بە تایبەتی ژنانی ئیدلب لە ماوەی ئەم ١١ ساڵەی شەڕدا تووشی زوڵم و ستەمی گەورە، سوکایەتی، پێشێلکاری و دژواری بوونەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژنانی سوریا لە بەرخۆداندان و بەردەوام پێگە و ڕۆڵی خۆیان دەرخستووە، لەم بارەیەوە ژنانی ئیدلب بۆچوونی خۆیان لەسەر ٨ی ئادار خستەڕوو.

 

"ڕۆژی جیهانی ژنان بووەتە سیمبولی هەبوونی ژنانی سوریا"

خەلیا ئەلرەحاڵی ٤٦ ساڵ، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مەزایای ژنانی ئیدلبە، ئاماژەی بەوەدا کە ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکار بووەتە سیمبولی هەبوونی ژنانی سوریا، "ژنان هیواخوازن هەمیشە بەهێز بن و مافەکانیان بپارێزن، ژنان سەرچاوەی ئاشتی و ئاسایشن، ژنانی سوریا لە ئەنجامی ئەو شەرەی بەڕێوەدەچێت کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەی سوریا زیاتر بووە".

 

"بیرۆکەی پیرۆزکردنی ئەم ڕۆژە ڕێزگرتنە لە بەرخۆدان و دەستکەوتەکانی ژنان"

ئایشە میترماوی، چالاکوانی مەدەنیی ٢٨ ساڵ، باسی لەوەکرد کە ژنانی سوریا نەک تەنها لە ژیانی ڕۆژانەدا بەڵکو لە ڕووی سیاسی و کۆمەلایەتی و فەرهەنگیشەوە چالاکن، هەروەها وتی: بیرۆکەی پیرۆزکردنی ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکار ڕێزگرتن بوو لە قوربانیدان و دەستکەوتەکانی ژنان لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا.

 

"ژنان لە هەموو ناوچەکان جێدەستی خۆیان جێدەهێڵن"

نادیە زێدان، چالاکوانی مەدەنی ٢١ ساڵم هێنایە زمان کە ژنانی سوریا بەهێز، ئیلهامبەخش و ئارامگرن، کە یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکان تا بەسەر شەڕ و ناکۆکی و پێشێلکارییەکاندا زاڵببن و یەکگرتوو بن، "سەرەڕای هەموو ئەو شتانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ژنان لە هەموو ناوچەیەکدا جێدەستیان بەجێدەهێڵن و بێ ترس بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان، زاڵ بوون بەسەر هەموو ئەو سەختی و دەسەڵاتە خەیاڵیانەی کە دەیانچەوسێننەوە".

 

"کاتێک هەموو ژنانی سوریا ئازاد دەکرێن، واتای ئەم ڕۆژە مەزنتر دەبێت"

حەسنا دەحنونی ٤٨ ساڵان، سەرۆکی دۆسیەی ژنان لەسەر تیمی مەجد و سەرۆکی پەیمانگای خانەی بێسەرپەرشتان، ئاماژەی بەوەدا کە ژنانی سوریا هێشتا لە زینداندان و ئاوارەی وڵاتانی ترن، لە کامپەکاندا زوڵم و ستەمیان لێ دەکرێت، وتیشی: کاتێک خاکی سوریا لە ململانێکان ڕزگار دەکرێت و ژنانی سوریا بە ئازادی و ئاشتییانە لەسەر خاکەکەیان دەژین، ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکار واتایەکی زۆر گەورەتری دەبێت و بەپێی ماناکەی ئاهەنگ دەگێڕدرێت".

 

ت.پ