تەنها یەک ڕۆژ بەس نیە بۆ زمانی دایک
ڕۆژی٢١ی شوبات ،هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک ناسێنراوە و کوردیش خاوەنی زمان و کلتورو فەرهەنگی تایبەت بە خۆیەتی و ساڵانە چەندین چالاکی جۆر بەجۆر لەو بوارەدا ڕێک دەخرێت.

میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- زمانی کوردی تەنیا ئامڕازی پەیوەندیکردن نییە، بەڵکو هەڵگری شوناس و مێژوو و خەباتی نەتەوەیەکە. بە درێژایی مێژوو سەرەڕای سیاسەتی سەرکوتکردن و ئاسیمیلاسیۆن، ئەم زمانە لە شێوەی ئەدەب و مۆسیقا و بیرۆکەی ئازادیخوازانەدا ماوەتەوە و گەشەی کردووە. کوردی بەتایبەت لەناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا ڕۆڵی سەرەکی لە پێکهێنانی شوناسی دەستەجەمعیدا گێڕاوە و ئەمڕۆش زیاتر لە جاران بۆتە هێمای بەرخۆدان و دووبارە دروستبوونەوەی کولتووری. پاراستن و فراوانکردنی ئەم زمانە تەنیا پاراستنی میراتێکی کۆن نییە، بەڵکو هەنگاوێکە بەرەو گەیشتن بە دادپەروەری و کولتووری.
کوێستان ئەکرەم فەرەج، چالاکوان لە هەڵەبجە، بۆ ئاژانسەکەمان بەمجۆرە باسی ڕۆژی زمانی دایکان دەکات و دەڵێت: یەکێکە لەو ڕۆژانەی زۆر پیرۆزانە ، چۆنکە ئێمە زمانمان بە زمانی دایک ئپشکوێ .
دایک و باوکان پێویستە وا لە منداڵەکانیان بکەن شوناسنامەیان بپارێزن
ڕۆڵی دایک و باوک لە پاراستنی شوناسنامە زۆر گرنگە و کوێستان ئەکرەم باس لەوە دەکات، کە ئیستا نەوەیەک دروست بووە زۆربەی وشەکانیان وشەی ئینگلیزی بەکار دەهێنن و ئەمە مانای شارستانیەت و ڕۆشنبیری ناگەیەنێ بەڵکو پێویستە دواکەوتوییە، لە پارێزگاکانی کوردستان چەند مارکێت و کافێیەک کراوەتەوە کە بەناوی ئینگلیزی نوسراوە بۆ نمونە "تودەی کافێ". بەڵام لە پاڵی کافێی "مێخەک" هەیە، ئەنجا جوانی ناوو زارەوەی کوردیمان بۆ دەردەکەوێت.
ناوی ڕەسەن و جوان مان هەیە و دەوڵەمەندین بە وشەی کوردی
کوێستان باس لە گرنگی زمانی دایکی کرد و ئاماژەی بەوەدا:" کە زمانی کوردی زۆر دەوڵەمەندە یەک وشە دەیان چاوگی هەیە وەک چۆن دەگوترێ "چین و ماچین لەسەر چین ئەم هەموو چینانە چین" ئەمەش لە ئەدەبیاتدا ڕەنگی داوەتەوە. پێویستە گەنجەکانمان هۆشیار بن و بە قسەی بیانی فریو نەخۆین بۆیە پیویست ناکا لە ئێستاوە گەنجان هۆشیار بکەینەوە بەڵکو ئەبێت خۆیان کار بکەن لە پێناو زمانێکی پاراو و ئایندەیەکی ڕوون.