تەندروستی دەروونی ژنان لە ناوچە جەنگییەکان؛ کێشەیەک کە لەبیر دەکرێت
ژنان لە ناوچە جێناکۆکەکان و ململانێ چەکدارییەکان ڕووبەڕووی کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەبنەوە کە زۆر لەوە زیاترە کە بەزۆری چارەسەر دەکرێت.

زهور مەشرقی
تونس -هەرچەندە تونس ناوچەیەکی جەنگ نییە، بەڵام ژنانی تونس ئاستێکی بەرزی هۆشیارییان لە ڕووداوەکانی ناوچە جێناکۆکەکانی وەک فەلەستین و سووریا و سودان نیشان دەدەن. ئەوان لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی مرۆیی ئەو ناوچانە دەکەن و هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ ئەو ژنانە دەردەبڕن کە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە.
هەرچەندە شەڕ زیانەکانی خۆی بەسەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا دەگەیەنێت، بەڵام ژنان قورسایی ئەو زەربە لە ئەستۆ دەگرن. ئەوان دەبنە قوربانی دەستدرێژی و توندوتیژی سێکسی، لە ماڵ و گوندەکانیان دوور دەخرێنەوە و ئاسایش و ئارامی خۆیان لەدەست دەدەن. ئەوەی ئەم ئازارە قووڵتر دەکات، بێبایەخکردنی تەندروستی دەروونیانە. نە دامەزراوە فەرمییەکان و نە ژینگەی کۆمەڵایەتیش وەک پێویست گرنگی بە کێشە دەروونی و مەعنەوییەکانی ژنان لە ناوچە جەنگییەکان نادەن، ئەمەش دۆخەکە هێندەی تر مەترسیدارتر دەکات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، زیاتر لە ٣٠%ی ژنانی ناوچە جەنگییەکان تووشی جۆرەها دەستدرێژی سێکسی و دەروونی دەبنەوە. ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتەکەی ساڵی ٢٠٢٣دا ڕایگەیاندووە کە لە شەڕە چەکدارییەکاندا ژنان وەک ئامرازی شەڕ دەستدرێژی دەکرێتە سەر، ئەمەش ژمارەی دەستدرێژی سێکسی زیاد دەکات. سەرەڕای هەموو ئەم ئازارانە، فشارە کۆمەڵایەتییەکان ڕێگری لە ژنان دەکەن کە داوای یارمەتی دەروونی بکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییە دەروونییەکان لەنێوانیاندا.
دکتۆر حەیات وارتانی، دەروونناسێکی کلینیکی تونسی، پێی وایە کە گرنگیدانی ژنانی تونس بۆ چارەنووسی ژنان لە ناوچە جەنگییەکان لە کولتووری کراوە و نیگەرانییە مرۆییەکانیانەوە سەرچاوە دەگرێت. سەرەڕای ئەوەی لە ژینگەیەکی تاڕادەیەک سەلامەتدا دەژین، بەڵام بەدواداچوون بۆ پرسەکانی ژنان لە ناوچە قەیراناوییەکاندا دەکەن و پشتگیریان دەکەن.
ئەم دەروونناسە بە شیکردنەوەی دۆخی دەروونی ژنان لە ناوچە جەنگییەکان دەڵێت: ئەم ژنانە بەردەوام لەژێر فشاری دەروونیدان کە بەهۆی سەختی ژیان و مەترسییەکانی هەموو ڕۆژێکەوە دروست دەبێت.
بە جەختکردنەوە لەسەر کاریگەرییە وێرانکەرەکانی شەڕ لەسەر ژنان بەهۆی لاوازییان لە کۆمەڵگە پڕ قەیرانەکاندا، دەشڵێت: ژنان لە ناوچەکانی شەڕدا ناچارن لە یەک کاتدا ڕۆڵی دایک و هاوسەر و سەرۆکی ماڵ لە ژینگەیەکی نائەمن و ناسەقامگیردا بگێڕن.
بە وتەی ئەو، بەرکەوتنی بەردەوام بە زەبر و زەنگی دەروونی، وەک بیستنی دەنگی تەقینەوە و بۆردومان ڕۆژانە، گرژی و ترسی بەردەوام لە داهاتوویەکی نادیار دەهێنێت. هەروەها ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی ئاڵۆزییەکانی جەستەیی وەک ماندوێتی درێژخایەن و کێشەکانی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.
ئاوارەبوونی زۆرەملێ یەکێکە لەو قەیرانە گرنگانەی کە ژنانی ناوچە جەنگییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و ئازارەکانیان چەند هێندە زیاد دەکەن. لەدەستدانی ماڵەکەیان کە پەناگە و ماڵە سەلامەتەکەیانە، هەست بە تەنیایی و خەمۆکی و تێکچوونی دەروونی دروست دەکات. زۆربەی ئەو ژنانە ناچارن لە کەمپەکاندا بژین بەبێ ئەوەی تایبەتمەندی و ئاسوودەیی تەواویان هەبێت، ئەمەش باری دەروونییان زیاتر خراپتر دەکات.
حەیات وارتانی پێی وایە لە ناوچە جەنگییەکان کۆمەڵگە ژنان ناچار دەکات ئازارە دەروونییەکانی بشارنەوە، چونکە زۆر ئاسانترە بۆیان باس لە کێشە جەستەییەکان بکەن نەک دان بە کێشە دەروونییەکاندا بنێن. دەڵێت: سەرکوتکردنی هەستەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کێشە دەروونییەکان بە تێپەڕبوونی کات توندتر بن و ببنە نەخۆشی درێژخایەن. ئەم دەروونناسە جەخت لەسەر پێویستی پاڵپشتی دەروونی ڕاستەقینە بۆ ژنان لە ناوچە قەیراناویەکان دەکاتەوە: "دەبێت وڵاتانی سەلامەت و سەقامگیر ڕۆڵێکی بەرچاوتر بگێڕن لە پاڵپشتی دەروونی و هاوسۆزی بۆ قوربانیانی شەڕ".
لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو پسپۆڕە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە تەندروستی دەروونی وەک مافێکی سەرەتایی مرۆڤ بناسرێت و تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ئەم بابەتە پێویستی بە گۆڕان هەیە: "یارمەتی دەروونی لە کاتی خۆیدا ڕێگەی سەرەکییە بۆ یارمەتیدانی ژنان بۆ دەربڕینی ئازارەکانیان و ڕێگریکردن لە گۆڕینی ئەو کێشانە بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان".