شلێر سەمەد بە دامەزراندنی سەنتەرێک شاخەوانی و ژینگەپارێزی پێشدەخات

لەناو کار و سەختی ژیاندا ژنان جگە لە ئەنجامدانی ئەرکەنیان، دەستییان کردووە بە ئەنجامدانی گەشتی شاخەوانی و لەگەڵ ئەوەشدا ژینگە پاک دەکەنەوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ئەنجامدانی گەشت و شاخەوانی بۆ دەروون و جەستەی هەموو مرۆڤێک پێویستە، لە باشووری کوردستانیش لەم چەند ساڵەی دوایدا چەندین گروپی شاخەوانی دروستبووە، ژنان بە ئەندامبوون لەو گروپانە و هەندێکیان بە سەرپەرشتی کردنی گروپەکە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە پێشخستنی وەرزشی شاخەوانیدا، لە پاڵ ئەنجامدانی ئەرکەکانی سەرشانیان وەکو دایک، ژن، هاوژین و فەرمانبەر و هەر کارێکی دیکەن، شاخەوانیش ئەنجام دەدەن و چیژ دەبینن لە گەشتەکەیان و هیلاکی تەواوی هەفتەیان لەبیر دەباتەوە.

 

"هیچ نابەینە ناو سروشت و لە سروشتیشەوە هیچ ناهێنینەوە"

شلێر سەمەد، سەرۆکی سەنتەری شاخەوانی بۆ ژینگەپارێزی و شاخەوانییە، یەکێکە لە شاخەوانەکان و لەبەر گەرمای هاوین و سەرمای زستانیشدا گەشتە ژینگەپارێزییەکانی ئەنجام دەدات و بێ ماندوو بوون، ماندوێتی هەفتەکە دەڕەوێنێتەوە، شلێر باسی لە گەشتەکانیان کرد، کە لە سێ ساڵی سەرەتادا هەموو هەفتەیەک گەشتیان دەکرد، بەڵام ئێستا کراوە بە دوو هەفتە جارێک بە تایبەت لە هاویندا، "کەشوهەوا گەرمە، پێش گەشتەکان هیچ بڵاوناکەینەوە و زۆربەی گەشتەکانمان تایبەتە، ئەوانەی لەم گروپەدان هەر یەکەو لە شارێکەوە هاتووە و پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی بەهێزمان هەیە، لە ساڵێکدا دوو گەشتی سەخت ئەنجام دەدەین بۆ سەر چیای هەڵگورد و بیکۆدیان، جگە لە چیاکانی کوردستان گەشتی شاخەوانیم کردووە بۆ سەر چیای ئارارات و دەماوەند، لە سنوری سلێمانیشدا زیاتر پیادەڕەوی ئەنجام دەدەین".

 

دەربارەی سروشت شلێر دەڵێت: ئەو سروشتەی بۆی دەچین نابێت هیچ شتێکی لێ بەجێبهێڵین و نابێت هیچ شتێکیش لە سروشتەوە بهێنینەوە، لەم چەند ساڵەی دوایدا ژنان بە ڕێژەیەکی باش بەشداریان کردووە لە گەشتی شاخەوانی و پیادەڕەویدا، لە سەنتەرەکەماندا سێ ئەندامی ژنمان هەیە و زۆر چالاکن و زۆربەی شاخە سەختەکان ڕۆشتوون، کەسانی نەخۆشمان تیادا نییە، بەڵام گروپی وا هەیە زۆربەی گەشتیارەکانیان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و لەگەڵ گەشتکردنەکانیان بەرەو باش ڕۆشتوون.

 

"هەموو نەخۆشێک نابێت شاخەوانی ئەنجام بدات"

شلێر سەمەد ئەوەی خستەڕوو، کە شاخەوانی لە ڕووی دەروونیەوە سوودێکی زۆری هەیە و دەروونی مرۆڤ ئارام دەکات و لە قەرەباڵغی ناو شار دوور دەکەوێتەوە، لە ڕووی جەستەیشەوە بۆ کەسانی نەخۆش پێویستە، بەڵام لەبەرئەوەی شاخەوانی یاسا و ڕێسای تایبەت بە خۆی هەیە هەموو نەخۆشێک نابێت ئەنجامی بدات، سەرەکیترین خاڵیش لە شاخەوانیدا پاک ڕاگرتنی ژینەگەیە و ئەو کەسانەی یەکەم جاریانە یان جگەرەکێشن و گەشت ئەنجام دەدەن ئەرکە لەسەر سەرۆکی گروپ ڕێنماییان پێ بدات.

 

دەشڵێت:سەنتەرەکەی ئێمە چەندین چالاکی لە بواری شاخەوانی و ژینگەییشدا کردووە وەک، چاندنی زیاتر لە ٢٥٠ نەمام لە شاخی گۆیژە، پاک کردنەوەی پارکی هەواری شار و بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی هاکارمان بوون، چەندین چالاکی ترمان ئەنجام داوە، هەرچەندە چالاکییە ژینگەییەکانمان لە خواستی ئێمەدا نین، چونکە تا ئیستا بودجەیەکی تایبەت بە خۆمان نییە، دەبیت هەوڵ بدەین ژینگە پیس نەکەین نەک پاکی بکەینەوە.

 

"هەموو بەیانییەک لە جیاتی کارمەندی پاککەرەوە کۆڵانەکەمان پاک دەکەمەوە"

شلێر سەمەد باسی لەوەکرد، هیچ ئیشێک مەحاڵ نییە بۆ ژن، هەرچەندە ئەرکی ژنان قورسترە بەڵام ئەوەندە بەهێزن کە دەتوانن لەگەڵ ئەرکی خۆیاندا لە دەرەوەش کار بکەن، وتیشی: منیش وەکو ژنێک کە چەند ئەرکێکم لەسەرە و سەرۆکی گروپێکی شاخەوانیم و هیچ هەست بە ماندوبوون ناکەم، چونکە چێژ لە ئیشەکەم وەردەگرم، پاک ڕاگرتنی ژینگە هیچ پەیوەندی بەتەمەن و بڕوانامەوە نییە، دەبێت سەرەتا لە ماڵ و منداڵەکانی خۆمانەوە دەستپێبکەین، کە چۆن ڕێز لە ژینگەکەمان بگرین و من بۆ خۆم هەموو بەیانیەک کۆڵانەکەی خۆمان پاک دەکەمەوە.

 

سەنتەری سلێمانی بۆ ژینگەپارێزی و شاخەوانی بە هەوڵ و ماندووبوونی شلێر سەمەد لە ساڵی ٢٠١٩ و لە ڕۆژی جیهانی ژینگەدا وەکو سەنتەرێکی ناحکومی دامەزراوە، یەکەم سەنتەرە لە شاری سلێمانیدا کە شاخەوانی و ژینگەپارێزیش بەیەکەوە ئەنجام دەدات.