ژن تیڤی، چوار ساڵ کارکردن بە ئیرادەوە بۆ پێشخستنی دۆزی ژن

لەناو فەزایی میدیای باشووری کوردستاندا ، ژن تیڤی دەبێتە دەنگ و ڕەنگی ژنان و هەزاران هۆکار دەهێنێتەوە بۆ بەتوانایی و بەهێزی ژنان، تێکۆشانی هەزاران ساڵەی ژن و ڕەگ و ڕیشەی ڕاستەقینەی ژن دەردەخات.

شنیار بایز

 

سلێمانی- میدیا و دەزگا ڕاگەیاندنەکان زۆرن، بەشێکیان زەرەر لە پرسی ژن دەدەن، هەندێکی دیکەیان بە ڕووکەش کار بۆ ژن دەکەن، لە بەرامبەردا بەشێکیان پێیان وایە کار بۆ پرسی ژن دەکەن بەڵام دواجار بە ئەقڵیەتێکی پیاوسالاری کاردەکەن و دووبارە دەیانکەنە کاڵا، بە گشتی لە میدیایدا ژن وەک بوکەڵەیەک بەکاردەهێنرێت و بۆ ڕاکێشانی بینەر دەخرێتە سەر شاشەکان، کارەکانی دیکە بۆ پیاوانە، واتە ژنان متمانەیان پێناکرێت لە کاری کامێرا، مۆنتاژ، هەواڵسازی و تا ئاستی بەڕێوەبردنیان پێبدرێت.

 

چوار ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر پەخشی فەرمی تەلەفزیۆنی ژن تیڤی، تەلەفزیۆنێک ئامانج لە دامەزراندن و کارکردنی، دەرخستن و پەرەدان بە تواناکانی ژن، دەست خستنەسەر کێشەکانی ژن و خستنەڕووی چارەسەرییەکانە، لەناو فەوزایی میدیای جیهانی و بە تایبەت باشووری کوردستاندا هەبوون و دامەزراندنی تەلەفزیۆنێکی وەک ژن تیڤی پێویستبوو، ئەمەش وایکرد ژن تیڤی بە ستافێکی تەواو ژنانە و بە فکری ئازادی ژن دابمەزرێت، دووبارە بەرگی ژنبوون بکرێتەوە بە ژنانی کۆمەڵگەدا.

 

ژن تیڤی لە ٨ی ئاداری ٢٠١٨دا، هاوکاتی ڕۆژی جیهانی ژنان بەشێوەی ئەزموونی دەستی بە پەخشکرد، لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٨یشدا بە فەرمی دەستی بە پەخشکرد، بەرنامەکانی ژن تیڤی بە زمانەکانی کوردی(سۆرانی- کرمانجی ، هەورامی، زازاکی و شێوەزارەکان)، عەرەبی، ئینگلیزی، تورکی پەخش دەکات.

 

ژن تیڤی لە بابەتێک زیاتر، بەدوای چارەسەری پرسی ژندا دەگەڕێت

ئەڤین نەسرین، بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی ژن تیڤی بەشی باشووری کوردستان، دەربارەی ئامانجی ژن تیڤی و جیاوازی لەگەڵ دەزگاکانی ئاماژەی بەوەدا، بنیادنانی هەر میدیایەک ئامانجێکی هەیە، بێگوومان ئامانجی ژن تیڤی کارکردنە لەسەر هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندیدارن بە ژنان، سەرکەوتنەکان و کێشە و گرفتەکانی ژن دەخاتە ڕوو، "پرسی ژن لەناو ژن تیڤیدا تەنها وەک بابەتێک و ڕۆژەڤێکی ئاسای تەماشا ناکرێت، بەڵکو  هەر پرس و کێشەیەکی جیاواز هەبێت بە چەندین ڕێگا کاری لەسەر دەکات، لە باشووری کوردستان میدیای زۆر هەن، بەڵام ئەم میدیایانە بە ئەقڵیەتێکی باڵادەستی و پیاوسالاری کاردەکەن، بۆیە پێویست بوو ژن تیڤی بونیادبنرێت".

 

"هەمیشە هەوڵ دەدەین ئەو ئامانجە ون نەکەین کە ژن تیڤی بۆ بونیاد نراوە"

ئەڤین نەسرین باسی لەوەشکرد، زۆرکات تانەیان لێدەدرێت کە بۆچی میدیایەک بەڕێوەدەبەن تایبەتە بە ژن و جیایانکردووەتەوە لە پیاوان، لە وەڵامدا دەڵێت: ژن تیڤی تەنها کار لەسەر پرسی ژن ناکات. بەڵکو لەسەر کێشەکانی کۆمەڵگا و منداڵان و تەندروستی کار دەکات و هەوڵی چارەسەری کێشەکان دەدات، هەواڵی ژن تیڤی و پەخشی بەرنامەکانی جیاوازە لە دەزگاکانی دیکە، هەروەها لە زۆربەی میدیاکاندا ژن بێدەسەڵات نیشاندراوە، بەڵام ژن تیڤی توانیویەتی هەموو ئەو بێدەسەڵاتیانە ڕەتبکاتەوە و دەریبخات ژنان چەند بە هێز و توانا کار دەکەن.

 

دەربارەی پلانەکانیان لە ساڵی پێنجەمینی کارکردنیاندا ئەڤین نەسرین وتی "هەموو ساڵێکی تازە خۆ نوێکردنەوە گرنگە، لە هەمووی گرنگتر لەبیرنەکردنی ئەو ئامانجەیە کە ژن تیڤی لەسەر بونیادنراوە، ئێمە هەوڵدەدەین بە هەمان هێز و ئیرادەوە کارەکانمان بەردەوامی پێبکەین، لە هەموو بەرنامە و ڕپۆرتێکماندا کرداریانە ئامانجەکەمان بپێکین و هەوڵدەدەین ئەوەی تائێستا دەستمان بە خەمی چ ژنێک نەگەیشتووە، دەستمان پێیبگات و چارەسەری کێشەکانی بۆ بکەین".

 

"میدیاکان لە باشوری کوردستان لەژێر دەستی دەسەڵاتدان و کار بۆ پرسی ژن ناکەن"

لاڤین مەحمود، پێشکەشکاری ژن تیڤی، ئاماژەی بەوەدا ئەو میدیایانەی لە باشووری کوردستان هەن نەیاتوانیووە توندوتیژییەکانی سەر ژنان دەربخەن و چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە چونکە دەسەڵاتداران بەڕێیانەوە دەبەن و پیاوان وەک بەڕێوەبەرن تیایدا، ئەمەش وادەکات ئەو بابەتانەی پەخش دەکرێن بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری بێت و فلتەر بۆ پرسەکانی ژن نەبێت.

 

"لەو میدیایانەدا لە بچوکترین ڕاپۆرت و وێنە تا گەورەترین بەرنامەیان تیشکیان نەخستۆتە سەر پرسی ژن و بناغەکانی، بەڵکو هەمیشە لە هەوڵدابوون لە پێگەی ژن بدەن، تاوانەکانی ژنان کە دە هێندەی تاوانەکانی پیاوان کەمترە، زەق دەکرێتەوە، لە میدیاکانی باشووردا دەرفەت بۆ تاوانباران دەڕەخسێندرێت تا بەرگری لە خۆیان بکەن لە بەرامبەر ئەو توندوتیژیانەی ئەنجامیانداوە دژی ژنێک، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە میدیاکان دەیانەوێت تەواو لە پرسی ژن بدەن، ئەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵە بەسەریاندا، بۆیە میدیایەکی تایبەت بە ژن وەک ژن تیڤی گرنگە بوونی هەبێت".

 

"دەزگاکانی دیکە دەیانەوێت ژن وەک کاڵایەک بەکاربهێنن، بەڵام ژن تیڤی وەڵامێکە دژی ئەو قاڵبە"

لە بەشێک لە میدیاکاندا ژنان بۆ سەر شاشەکان و کۆکردنەوەی بینەر بەکاردەهێنرێت، سۆزیار عەلی، بەشی تەکنیکی ژن تیڤی، هۆکاری ئەمەی گەڕاندەوە بۆ ویستی دەزگاکان خۆیان کە نایانەوێت ژن کاری دیکە بکات، بەڵکو تەنها دەیانەوێت وەک کاڵایەک سەرنجی بینەر بە لای خۆیدا ڕابکێشێت.

 

"میدیاکان ئەگەر بابەتەکانیان ڕاستی نەبێت و بەشێکی دروستکراوی خۆیان بێت دەیانەوێت لە ڕێگای ژنێکەوە بینەری بۆ ڕابکێشن، هەروەها باوەڕیان بەوە نییە ژنان بتوانن کاری تەنیک بکەن و کامێرا و کۆمپیوتەر بەکاربهێنن، بەڵکو ژنان دەتوانن تەنها ئەو قسانە بکەن لەسەر شاشە کە پیاوێک دایدەڕێژێت بۆیان، بەڵام ئەزموونی ژن تیڤی ئەوەی سەلماندووە کە ژنان دەتوانن جیا لە کاری پێشکەشکاری، کاری دیکەی ناو میدیا بکەن، بووەتە وەڵامێک بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە دەڵێن ژن ناتوانێت هەموو کارێک بکات، هەروەها ژن تیڤی بەم چوار ساڵەی کارکردنی تەواوی ئەو ڕێچکانەی شکاندووە".

 

ژن تیڤی  لە ٨ی ئادار لەگەڵ ڕۆژی جیهانی ژنان کاری خۆی بە شێوەی ئەزموونی دەستی پێکرد ، لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٨یش بەفەرمی دەستی بە پەخش کردن کردووە، بەزمانەکانی کوردی(سۆرانی- کرمانجی ، هەورامی)، عەرەبی، ئینگلیزی، تورکی پەخش دەکات.