بەهۆی کارەساتە بەردەوامەکانەوە ژنانی باشووری لوبنان ڕووبەڕووی سەختی ژیان دەبنەوە

مەنال غەریب، یەکێکە لە ژنانی ئاوارەبووی باشووری لوبنان، باس لەوە دەکات کە ژنان زۆرترین سەختی ژیانیان بینیووە بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابوورییەوە،

فادیا جومعە

 

بەیروت- زیاتر لە هەشت مانگە ژنان لە باشووری لوبنان ڕووبەڕووی بارودۆخی سەختی ژیان و شەڕ و ئاوارەبوون بوونەتەوە، هەرچەندە ژنانی لوبنیان بە گشتی ڕووبەڕووی بارودۆخی سەختی ژیان و قەیرانی ئابووری بوونەتەوە بەڵام ژنانی گوندەکان و شارۆچکە سنورییەکان لە نێوان ژیان و مەرگدا دەژین ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی هەموو ژنێک لەو ناوچانە چیرۆکێکی ژیانی تایبەت بە خۆی هەیە.

 

مەنال غەریب، یەکێکە لەو ژنانەی لەگەڵ سەختی ژیان و کارەساتی شەڕدا ئاوارە بووە بۆ شاری تایر، تەمەنی ٤٠ ساڵە، بەهۆی شەڕ و هێرشە بەردەوامەکانەوە کارەکەی لەدەستداوە بەڵام لە هەوڵەکانی نەوەستاوە و کارێکی نوێی بۆ خۆی دامەزراندووە و نانەوخانەیەکی نوێی بنیات ناوە.

 

دەربارەی ژیانی ئاماژەی بەوەدا کە لە تەمەنێکی بچووکدا و لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە و خێزانی پێکهێناوە و دەڵێت: خێزانەکەم لە قۆناغە جیاوازەکاندا پشتگیریان دەکردم، خەمی سەرەکیشم دابینکردنی ژیانێکی شایستە و خوێندنی باش بۆ منداڵەکانم، لەگەڵ هاوژینەکەم هەمیشە پشتیوانی یەکتر بووین، خوێندنم بە منداڵەکانم تەواو کردووە و هەندێکیشیان تا ئێستا لە زانکۆ دەخوێنن، ئەوەش خەرجی زۆری دەوێت، ئەمڕۆ شەڕ کاریگەری هەیە و ئیتر توانامان نییە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان.

 

لە درێژەی قسەکانیدا، ڕوونیکردەوە کە لە کشتوکاڵدا دەستی بە کارکردن کردووە، دواتر چێشتخانەیەکی دامەزراند بۆ خواردنە ئامادەکراوەکان و دابینکردنی خواردنی ئامادەکراو بۆ بۆنە و ئاهەنگەکان، وتی: پێنج ساڵ لەمەو بەر دەستم کرد بە دروستکردنی نان بە شێوازی ماڵەوە، دواتر پیشەکەم گەشەی کرد و فراوانتر بوو بۆ ئامادەکردنی بەرهەمی زیاتر، سەرەتا لە ئامادەکردنی شیرینی و نان بەرهەمەکانم بەناوبانگ بوو، دواتر توانیم بچمە ناو بازاڕەو و لەوێ دوکانێکی تایبەت بە خۆم بکەمەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردوو، کە سەرەتا وەک خەڵکی دیکە پێی وابوو کە شەڕەکە زۆر ناخایەنێت، بۆیە هەموو ڕۆژێک چاوەڕێ بوو شەڕ کۆتایی بێت و دەست بکاتەوە بە کارکردن تا ئەوکاتەی بارودۆخەکە خراپتر بوو، بۆیە نەوەستاو دەستی کرد بە دامەزراندنی ناوەندێکی نوێی کارکردن وتی: دڵنیام لەوەی بەم زوانە بارودۆخەکە باش نابێت بۆیە ئێمە پێویستمانە ژیان ئاسایی بکەینەوە لای خۆمان هەر بۆیە دەستمان کرد بە کارکردن و دروستکردنی نان.

 

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: بە فڕنێکی بچووک دەستم پێکرد، لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا فراوانترم کرد، بۆ من کارکردن شێوازی ژیانی منە، ناتوانم بەبێ کار بژیم، خۆم بە نموونەیەک دەزانم بۆ منداڵە بەهێزەکانم و ڕووبەڕووبوونەوەی ژیان، ئامانجمە خێزانێکی بەهێز دروست بکەم، و ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکەم، نامەوێت منداڵەکانم هیوایان لەدەست بدەن، من لە ڕێگەی کارەکانمەوە فێریان دەکەم کە هەموومان دەتوانین کار ئەنجام بدەین ئەگەر بمانەوێت، لە ڕێگەی کارەکەشمەوە بوومەتە نمونەیەکی باش بۆ ژنانی دیکەی ناوچەوە بۆ ئەوەی ئەوانیش ئیرادەیان لەدەست نەدەن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی، پەیامی من بۆ ژنان ئەوەیە کە ملکەچی بارودۆخەکان نەبن، ژنان توانای گەورەیان هەیە، توانای ئەوەیان هەیە ڕووبەڕووی ئاستەنگە جۆراوجۆرەکان ببنەوە و ئەگەر بیانەوێت سەختی و ئاستەنگەکان تێبپەڕێنن، تەنانەت ئەگەر لە ماڵەکەی خۆیانەوە دەست پێبکەن بۆیە دەبێت ژنان کاتەکانیان بۆ بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن، ئیرادە وایان لێدەکات کەسایەتی و بوونێکی سەربەخۆی خۆیان بنیات بنێن.