تاڵیبان بۆ ئەمساڵی خوێندن ،مەرجی بۆ خوێندنی ژنان دانا

وەزیری خوێندنی باڵای تاڵیبان پێیوایە ئەفغانستان لە ڕووی پەروەردەییەوە لە کارەساتدایە، هەر بۆیە بۆ ئەمساڵی خوێندن چەندین مەرجی جیاجیای داناوە لە پێناو باشترکردنی سیستمی خوێندن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا عەبدول باکی حەقانی، وەزیری خوێندنی باڵای تاڵیبان مەرجەکانی تایبەت بە خوێندنی ئەمساڵ ڕاگەیاند و سەرەکیترین مەرجیان تێکەڵ نەبوونی ڕەگەزەکانە.

 

ئاماژەی بەوەدا، ئەو ژنانەی خوازیاری تەواوکردنی خوێندنن دەبێت پابەندی ئەو یاسایانە بن کە بۆیان دادەنرێت لەوانە لەبەرکردنی پۆشاکی ئیسلامی و جیابوونەوەی هۆڵەکانی خوێندنیان لەگەڵ ڕەگەزی نێر.

 

هەروەها وتی: "تێکەڵکردنی ڕەگەزەکان لە دامەزراوە پەروەردەییەکان پێچەوانەی بنەما ئیسلامییەکان و بەهاکانی دەوڵەتە هەروەها دژی نەریت و بزووتنەوەی تاڵیبانە، هەر بۆیە دەبێت مامۆستای ژن بۆ خوێندکارانی ژن دابمەزرێت و مامۆستای پیاو بۆ خوێندکارانی پیاو دابمەزرێت".

 

لەماوەی بەڕێوەبردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە لە ساڵانی ١٩٩٦ بۆ ٢٠٠١دا ژنان لە کایە جیاوازەکانی ژیاندا وەک خوێندنی زانکۆ و قوتابخانەکان، لە وانەی مۆسیقا بێبەشکرابوون.

 

وەزیری خوێندنی باڵای تاڵیبان ئاماژەی بەوەشدا لە دوای ساڵی ٢٠٠١وە پەروەردەی ئەفغانستان لە مەترسیدابووە، بۆیە لە پاش گەڕاندنەوەیان دەڵێت: "پێویستە ئەو کارەساتانەی بەسەر خوێندندا هاتووە چارەسەرییان بۆ بدۆزینەوە".

 

بە پێی زانیارییەکانی نوسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی ئەفغانستان کە داوای مافی ژنانیان دەکرد بە تایبەت بۆ پەروەردە و کارکردن، لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە دەستدرێژیان کراوەتە سەر و ئەشکەنجە دراون.