تەعاونە ئابوورییەکان؛ ڕێگای ڕزگارکردنی ژنانی گوندنشین لە میسرە

ژیانی ژنانی گوندنشین پڕە لە دژایەتی. زۆرێک سەرەڕای هەوڵە گەورەکانیان و تەنانەت دابینکردنی بژێوی خێزانەکانیان، بەردەوامن لە پێشێلکردنی مافەکانیان.

ئەسما فەتحی

 

 قاهیرە - ژنانی گوندنشین بەدەست چەشنە کۆنەپەرستانەکانەوە دەناڵێنن سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان. زۆربەیان خۆیان تەنها وەک خزمەتکاری ماڵ دەبینن. هەندێکی تر ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و گروپێک لە کێڵگەکانیشدا کار دەکەن، کە جگە لە گەرمای توند، لەگەڵ هەراسانکردنی کرێکاران و سەرپەرشتیارانیشدا کێشەیان هەیە.

 

کێشەکانی ژنانی گوندنشین زۆرن و بەپێی کولتوور و هۆشیاری خێزانەکان جیاوازن، بەڵام ئەم کێشانە لە زۆربەی خێزانەکاندا دەبینرێن. سەرەڕای باشتربوونی بارودۆخی گشتی و گرنگیدان بە خوێندنی ژنان، هێشتا سنووردارکردن بۆ جووڵەیان لە شوێنی خۆیدایە؛ ئەوان دەرفەتی ئەوەیان نییە بۆ کارکردن گەشت بۆ پارێزگاکانی دیکە بکەن و زۆرێکیان لە مافی بڕیاردان لەسەر ژیانی خۆیان بێبەشن.

 

بەهێزکردنی ئابووری چارەسەرێکی کاریگەرە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کولتوری نەریتی

نەدی سەڵاح ئەندامی پڕۆژەی ژنانی گوندنشین دەڵێت: کارکردن لەگەڵ ژنانی گوندنشین کاریگەری زۆری لەسەر من هەبووە، ئێستاش لەگەڵ هاوکارەکانم بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک گەشت دەکەم بۆ گوندەکان”. دەشڵێت، ئامانجیان بەهێزکردنی ژنانی گوندنشینەکانە لەڕووی ئابوورییەوە و ڕاهێنانی تاکەکانە کە بتوانن بڕیاری خۆیان بدەن و کاریگەر بن لە ژینگەی ژیانیاندا.

 

بە بڕوای نەدی سەڵاح، کولتوری نەریتی بەربەستی سەرەکییە لە بەردەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان لە شکاندنی ئەو چەشنە کۆنەپەرستانە سەبارەت بە ژنان، کە بە شێوەیەکی سەرەکی ڕۆڵی خزمەتگوزاریان و قبوڵکردنی زۆرەملێی توندوتیژی دەگرێتەوە. ژنان ڕاهێنان دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەی بچووک بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەک کە بتوانێت واقیع بگۆڕێت و ژینگەکەی بگۆڕێت.

 

تەعاونەکان، پاڵپشتیکردنی ژنانی گوندەکان و کەمکردنەوەی مەترسییەکان

 نەدی سەڵاح دەڵێت، بەرهەمەکانی ژنانی گوندنشین لە ڕێگەی پەیجی فەیسبووکەکەیانەوە ڕیکلامیان بۆ دەکرێت، کە بازاڕی نوێیان بۆ دابین دەکات لە ناوچە فراوانەکاندا. بە وتەی ئەو، بەرهەمی گروپە هاوبەشەکان بەم پلانە پێشوازییەکی باشیان لێدەکرێت.

 

نەدی سەلاح دەشڵێت: هەوڵی جددی لە بواری بەهێزکردنی ئابووری دەدرێت. ئەوان فێری بەڕێوەبردنی زیانەکان و کاری گروپی دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەرگەی فشارەکان بگرن و بە شێوەیەکی هاوکارانە بەسەر سەختییەکاندا زاڵ بن. ئەم ڕاهێنانانە بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانە بەسوودە کە ناتوانن خۆیان لەگەڵ زیانە داراییەکان بگونجێنن. جەخت لەوە دەکاتەوە کە چالاکییەکانیان ژنان لە تۆڕێکدا دادەنێن کە بتوانن پشتگیری یەکتر بکەن و بەرهەمەکانیان بە بازاڕە جیاوازەکان بناسێنن.

 

توندوتیژی لە گوندەکاندا بەربڵاو و فرەلایەنە

 

نەدی سەلاح ڕوونی کردەوە کە توندوتیژی لە کۆمەڵگە گوندنشینەکان ئاڵۆزە و فرە چینە. مامەڵەکردن لەگەڵیدا پێویستی بە هەوڵێکی زۆر هەیە، لە تێگەیشتن لە سروشتی خۆیەوە تا بەکارهێنانی ئامرازەکانی بەهێزکردن، بەتایبەتی ئامرازە ئابوورییەکان. سەربەخۆیی دارایی ڕێگە بە ژنان دەدات لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانیان بوەستنەوە، بۆیە بەهێزکردنی ئەم سەربەخۆییە بۆ ئازادی لە توندوتیژی زۆر پێویستە.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە ناونانی "لاواز و هەژار" بۆ ژنانی گوندنشین هەڵەیە. ئەم ژنانە بەهێزن و بەرهەمدارن و توانای دابینکردنی پێداویستی خێزانەکانیان لە سەختترین بارودۆخدا هەیە و توانای خۆگونجاندن و بەرهەمهێنانیان لە هەر ژینگەیەکدا نیشانداوە.

 

تەحەددیاتی ژنانی گوندنشین

 نەدی سەڵاح دەڵێت، ژنانی گوندنشین ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە، لەوانە ژیان لە ژینگەیەکی ناپارێزراو و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە ماڵەوە، لە شوێنی کار و لە شوێنە گشتیەکاندا دەبنەوە.

 

بە وتەی ئەو، ئەم ژنانە لە ژێر خۆری سووتێنەردا لە کێڵگەکاندا لە بارودۆخێکی سەختدا کاردەکەن و بەردەوام بەرکەوتەی قڕکەری کشتوکاڵی دەبن. شێوازی کارکردنیش ماندووکردنە، چونکە دەبێت بەردەوام بە پشتی کێشراو کاربکەن. زۆرێکیان بەبێ وەستان بەردەوامن لە کارکردن تەنانەت لە کاتی دووگیانی و شیرپێدانیشدا کە زۆرجار لێکەوتەی نەرێنی لەسەر تەندروستی دایک و منداڵ دەبێت.

 

سەبارەت بە گواستنەوە، نەدی سەلاح هەروەها دەڵێت، ئەو ئامێرانەی بەکاردەهێنرێن بە هیچ شێوەیەک سەلامەت نین. ژنانی کرێکار بە بارهەڵگر گەشت دەکەن و ئەمەش ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبنەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، لەم دواییانەدا ڕووداوی کوشندە لە پارێزگا جیاوازەکاندا ڕوویانداوە.

 

هه ڕوەها ئاماژەی بەوەدا که ژنانی گوندنشین له مافی بڕیاردان بێبەشن و تەنانەت ناتوانن لێدوان له سەر کار یان کرێی خۆیان بدەن. زۆرێکیان کۆنترۆڵی داهاتیان نییە و خاوەنی زەوی نین. تەنانەت ئەگەر زەوی بە پارەی خۆیان بکڕدرێن، بەزۆری بەڵگەنامەکان بە ناوی پیاوانی ناو خێزانەکە (هاوژین، باوک یان برا) تۆمار دەکرێن.

 

نەدی سەلاح لەبارەی سەندیکاکانەوە دەڵێت کە ژنان بۆیان نییە ئامادەبن و نوێنەرایەتیان تێدا بکەن. ئێستاش ئامادەبوونیان لە کۆبوونەوەکانی پیاوان قەدەغەکراوە و زۆربەی یەکێتییە کشتوکاڵییەکان بۆ پیاوانن. ئاماژەی بەوەشکرد، تەنانەت بەشداریکردنی ژنان لە کۆبوونەوەکانی پیاواندا ڕەنگە چەواشەکارییەکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ خۆیاندا بهێنن.

 

نەدی سەلاح پێی وایە کە کولتوری کۆمەڵایەتی ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لەم کێشانەدا و گرنگترین چارەسەر بۆ ژنانی گوندنشین لە میسر بەهێزکردنی ئابوورییە. ئەمەش دەتوانێت بارودۆخیان باشتر بکات و سەربەخۆیی دروست بکات کە ڕێگەیان پێدەدات بڕیار بدەن و بەرەنگاری شەڕانگێزی ببنەوە. جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕاهێنانی چالاکوانان بەتایبەتی بۆ ئامادەکردنی ژنانی چالاکوان لە سەندیکاکان و پاڵپشتیکردنیان بۆ ئەوەی بەبێ ترس لە دەرئەنجامەکان مامەڵە بکەن، زۆر گرنگە. ئەم جۆرە ڕاهێنانە کەشێکی لەبار دروست دەکات، بەتایبەتی ئەگەر بتوانرێت ژنانی زیاتر بەشداربن لە پێکهێنانی سەندیکادا.