تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هۆکارێک بۆ لەناوچوونى شیرازەى کۆمەڵگای کوردى

هاتنە ناوەوەی ئینتەرنێت و نەبوونی هۆشیاری پێویست لە ئاست بەکارهێنانیدا بووەتە هۆی دروستبوونی کێشە و لێپرسراوی نوسینگەی مافی مرۆڤیش لە هەڵەبجە دەڵێت: نەبوونی هۆشیاری و سانسۆر هۆکاری زیادبوونی کێشەکانە.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- لە سەرەتای هاتنی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کۆمەڵگای کورد بەرەو هەڵدێر  چووە بەهۆی نەبوونی هۆشیاری پێویست لەرووی چۆنیەتی و بۆچییەتی بەکارهێنانی ئینتەرنێتەوە، بەو هۆشیەوە کێشەی جۆراوجۆر سەریهەڵداوە و ڕێژەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیریش ڕوو لەزیادبوونە.

 

گوڵستان محەمەد، لێپرسراوی نوسینگەی مافی مرۆڤ لە هەڵەبجە، لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ ئاژانسی ژنها وتی: ئەم بابەتە بەردەوام پێویستی بە نوێ کردنەوەیە هەیە، پێویستە هۆشیاری کۆمەڵگا لەبەرچاو بگیرێت و کۆمەڵگا هۆشیار بکرێتەوە، چونکە هەر کۆمەڵگایەک بەشێوەیەکی خێرا گۆرانکاری دروستبکات بەبێ لێکداوە لە لێکوتەکانی دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە، بەتایبەت ئینتەرنێت کە بێ جیاوازی تەمەن بەکارهێنەری هەیە.

 

گوڵستان باس لەوەش دەکات کە هۆکاری زۆری کێشەکان لەناو کۆمەڵگای کوردیدا  بەبێ سانسۆر و هەرزان دەستکەوتنی هێڵەکانی ئینتەرنێت و هەبوونی ئۆفەری تایبەتە بۆ ئەوەی بەئاسانتر دەستی هەموو کەسی پێبگات، بەکارهێنانی خێزان و منداڵ لە ڕێکلامەکاندا هۆکارێکی تری زیادبوونی کێشەکانە لە کۆمەڵگای کودیدا.

 

حکومەت هۆکارە بۆ زیادبوونی خراپ بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی

ئەم لێپرسراوەی نوسینگەی مافی مرۆڤ هۆکارەکان زیاتر ڕوون دەکاتەوە و حکومەتیش بە کەمتەرخەم دەزانێت بۆ خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکانی پەیوەندی و نمونەی بواری خوێندن دەخاتەڕوو، لە نمونەشدا ناچارکردنی خوێندکارە لە بەکارهێنانی ئینتەرنێت بێ هۆشیاری، دەشڵێت: "خێزان ناتوانێت بەردەوام چاودێربێت بەسەر منداڵەکەیەوە تا بزانێت دەخوێنێت یان خەریکی تۆڕی کۆمەڵایەتییە، دڵنیاشین بە ئاسانی کۆنترۆڵ ناکرێت".

 

بۆ چارەسەرکردن پێویستە چەندین ئەڵقە پێکەوە ببەسرێتەوە

بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان کە پێویستە بەزووترین کات بگیرێتە بەر لێپرسراوی نوسینگەی مافی مرۆڤ لە هەڵەبجە ئاماژەی بەوەدا کە ڕۆژانە چەندین کێشە ڕوویان تێدەکات لەو ڕوانگەیەوە دەڵێت: پێویستە ئەڵقەیەکی فراوانی کارکردن هەبێت تا بە زووترین کات کاری لەسەر بکەین، سانسۆرێکی گشتی دروستبکرێت بۆ ئەوەی ئینتەرنێت بە ئاسانی نەکەوێتە بەردەست منداڵ و خێزان، چونکە دەبین چەندین بابەتی بێمانا و بێسود بڵاودەکرێتەوە و ڕاستوخۆ کاریگەری لەسەر منداڵ و خێزانەکان هەیە.

 

دەتوانین لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە خۆمان پەروەردە بکەین

گوڵستان باسی لەوەکرد چەند باس لە زیانەکانی هێڵی ئینتەرنێت وسۆشیال میدیا بکەین هێشتا کەمە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین سودی لێببینین بەشێوەیەکی عاقڵانە، دەشڵێت: گەنجان دەتوانن ئینتەرنێت بۆ ڕۆشنگەری فکری بەکاربهێنن نەک بۆ چات و شەڕی کۆمەڵایەتی، ئێمە وەک نوسینگەی مافی مرۆڤ چەندان کێشەی جۆراوجۆر دێتە بەردەممان کە دەبێت ڕێگەی یاسایی و کۆمەڵایەتی بۆ بگرینەبەر، بەکارهێنانی هەر ڕێگەیەکیش پاشکۆی خۆی بەجێدەهێڵێت و کۆمەڵێک گرفتی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

 

ت.پ