سەیدسادق، ژنانی مامۆستای وانەبێژ باس لە گرفتەکانیان دەکەن

سێ ڕۆژە خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ لە سەیدسادق بە مەبەستی دامەزراندن و وەرگرتنی موچە لەکاتی خۆیدا دەستیپێکردەوە.

سێ ڕۆژە خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ لە سەیدسادق بە مەبەستی دامەزراندن و وەرگرتنی موچە لەکاتی خۆیدا دەستیپێکردەوە، مامۆستایانی وانەبێژیش دەڵێن سەرەڕای هاتوجۆیان بەڵام موچەکانیان پێنادرێت.

 

ئاسودە محەمەد

شارەزوور- خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا، بووە هۆکارێک تا حکومەت بڕیاربدات بودجەی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشبکرێت، بەڵام وانەبێژان دووبارە دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە و داوای دامەزراندنیان بە فەرمی و وەرگرتنی موچەکانیان دەکەن.

 

دونیا فەرەج ماوەی سێ ساڵە وانەبێژە و تا ساڵی پار هاتوچۆی دەکرد بۆ قوتابخانەکەی، ئەو موچەیەی وەریدەگرت تەنها بەشی هاتوچۆکەی بوو ئەویش لەکاتی خۆیدا نەدەهات، دونیا باسی ڕۆڵ و گرنگی ژنانی وانەبێژ دەکات لەم خۆپیشاندانەدا و دەڵێت: جێگەی دڵخۆشیە ئامادەبوونی ئەو ڕێژە زۆرەی ژنان لە خۆپیشاندانەکەدا.

 

ڤیان ڕەشید، مامۆستای وانەبێژ، نیگەرانە لەجیاوازیکردن و جیاکردنەوەی وانەبێژان لە مامۆستایانی تر، داواکاری دامەزراندنیانە لە زووترین کاتدا.

 

پەیام عوسمان، مامۆستایەکی وانەبێژی دیکەیە، باس لە بەردەوامی بایکۆت و خۆپیشاندان دەکات تا وەرگرتنی موچەکانیان، وەک خۆی دەڵێت: ماوەی هەشتا ڕۆژ زیاترە موچەیان وەرنەگرتووە و ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر دۆخی ئابوری و وانەوتنەوەی مامۆستایان هەیە.

 

ناسک حەمە سەعید، لە هەموو خۆپیشاندانەکاندا بەشداربووە، ماوەی چوار ساڵە وانەبێژە، تەواوی چوار ساڵەکە هاتووچۆی کردووە و هیچ کاتیش موچەکەی لە کاتی خۆیدا نەهاتووە، دەشڵێت بە خزمەتیش بۆی نەنوسراوە چونکە وانەبێژە.

 

ئەم جیاوازیەش وایکردووە ناسک حەمە سەعید لە خۆپیشاندانەکەدا بەشدار بێت و داوای دامەزراندن بکات.

 

مامۆستایانی وانەبێژی شارۆچکەی سەیدسادق ماوەی سێ ڕۆژە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، ئامادەبوونی ژنان زیاتر لە نیوە بووە و ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە داواکردنی مافەکانیاندا.

 

ت.پ