سلێمانی، ژنان ئاگاداری ٢٥ی تشرینی دووەم نین

هەرچەندە ڕۆژێک تایبەت کراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڵام خودی ژنان خۆیان ئاگاداری ئەو ڕۆژە نین، هۆکارەکەشی گرنگی نەدانە بە پرسی ژنان و کپکردنەوەی ئەو ڕووداوە توندوتیژییانەی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت.

 

شنیار بایز

سلێمانی- ڕۆژانە هەواڵەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەبێتەوە، بەپێی ئامارەکانیش دەردەکەوێت کە ڕێژەی توندوتیژی لە بەرزبوونەوەدایە، لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ پێشکەوتنەکان لە بواری کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژی و زانست، بەڵام توندوتیژییەکان زیادی کردووە.

 

بەپێی ئاماری نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەرێمی کوردستان، ١٠ هەزار و ٣٠٢ حاڵەتی توندوتیژی تۆمارکراوە، ٤٦ حاڵەتی خۆکوشتن، ١٦ کوشتن، ٥٦ حاڵەتی سوتاندن و خۆسوتاندن، ١٠٨ دەستدرێژی سێکسی و ١٠ هەزار و ٧٦ سکاڵا تۆمارکراوە.

 

دوای تیرۆرکردنی خوشکانی میرابیل لە کۆماری دۆمێنیکا کە بۆ ئازادی و دژی زوڵم و دیکاتۆری تیدەکۆشان، ٢٥ی تشرینی دووەم بە فەرمی کرایە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەڵام ئایا تا چەند ژنان ئاگاداری ئەمڕۆژەن و بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی هەوڵ دەدەن؟

 

٢٥ی تشرینی دووەم، هەرچەندە ڕۆژێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، بەڵام لە گەڕانێکی مەیدانی ئاژانسی نوژنهادا، دەرکەوت کە ژنان ئاگادار نین ڕۆژێک هەیە بۆ تێکۆشان لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان و وەستاندنەوە بە ڕووی توندوتیژیدا.

 

٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی چییە؟

ئەژین قادر، یەکێکە لەو ژنانەی ئاگاداری ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی نییە، دەربارەی ئەو ڕۆژەش دەڵێت "قورسی ژیان و ناڕەحەتیەکانی وات لێدەکات ئاگاداری ئەو ڕۆژانە نەبیت، هەروەها بەردەوام لە وڵاتی ئێمەدا توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت بەڵام بە بەراورد بە وڵاتانی دیکە کە دوور لە ئیسلامن کەمتر توندوتیژی بەدی دەکرێت".

 

ئاماژەی بەوەدا، لە بوونی هەر کێشەیەکدا لە نێوان دوو کەس پێویستە هەردوولا بە هۆشیارانە ڕەفتار بکەن بۆ ئەوەی لە کۆتایدا نەبێت هۆکارێک بۆ دروستبوونی توندوتیژی، "هۆکاری زیادبوونی توندوتیژی لە وڵاتی ئێمە کە بەردەوام لە سۆشیاڵ میدیاوە دەیبیستین بۆ خراپبوونی باری ئابووری دەگەڕێتەوە چونکە کاتێک خێزان لە ڕووی داراییەوە دۆخی خراپ بێت، پیاو داخی بێکاری بە ژن و منداڵەکانی دەردەکات".

 

ئاسیا محەمەد خوێندکاری زانکۆیە و دەربارەی ٢٥ی تشرینی دووەم و هەبوونی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان وتی "نازانم ٢٥ی تشرینی دووەم چییە و تا ئێستا نەم بیستووە" باسی لەوەکرد لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئەوەندەی توندوتیژی بەرامبەر ژن دەکرێت بەرامبەر پیاو ناکرێت هەروەها ژنان بەردەوام مافیان دەخورێت دەنگیان کپ دەکرێتەوە.

 

ژنان هۆکارەکانی ئاگادارنەبوون لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەگەڕێننەوە بۆ پەروەردەی خێزان و قوتابخانەکان کە گرنگی بە مافی ژنان نادرێت.

 

"پەروەردە لەسەر گرنگیدان بە مافی ژنان پەرەی پێنەدراوە"

ئەسما عوبێد، خوێندکاری زانکۆیە و ئاگادار نییە ٢٥ی تشرینی دووەم تایبەتە بە چی، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ پەروەردەی خێزان کە بەشێوەیەکە گرنگی بە مافی ژنان نادرێت تیایدا، منداڵەکان بە گشتی فێر ناکرێن کە پێویستە ڕێز لە ژن بگیرێت و توندوتیژی بەرامبەر نەکرێت.

 

پێی وایە لە ئێستادا ئاستی هۆشیاری هاوڵاتیان بە گشتی و ژنان بە تایبەت بەرزبووەتەوە هەروەها توندوتیژی لەلایەن زۆرینەی ژنانەوە قبوڵ ناکرێت بۆیە پیاوان بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بە شێوەی ڕاستەوخۆ کەمتر توندوتیژی دەکەن، بەڵکو ڕێگای دیکە بەکاردەهێنن بۆ توندوتیژی.

 

دەڵێت "پێویستە لە بوونی هەر حاڵەتێکی توندوتیژی ژنان بێدەنگ نەبن و بچنە لای کەسانی شارەزا و ڕێنمایکار تا کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات".

 

لازیا کاروان، بەهەمان شێوە خوێندکاری زانکۆیە بەڵام ئاگاداری ٢٥ی تشرینی دووەم نییە بۆیە دەڵێت "پێویستە ڕاگەیاندنەکان زیاتر گرنگی بەو هەواڵانە بدەن کە توندوتیژین دژ ژنان، تا ژنان هۆشیارتر بن لەوبارەیەوە، چونکە کۆمەڵگای ئێمە ئەقڵیەتی پیاوسالاری هەیە بۆیە نابێت ڕێگە بدرێت ژنان توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت".

 

لازیا بە گرنگی دەزانێت وەک هەر بۆنە و یادێکی دیکە گرنگی بە ٢٥ی تشرینی دووەم بدرێت، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بە گشتی و ژنان بە تایبەت بێدەنگ نەبن و چاوپۆشی نەکەن لە بوونی هەر توندوتیژییەک ئیتر بە هەر ڕێگایەک بێت ڕاستەوخۆ یاخود لە ڕێگای سۆشیاڵ میدیاوە.

 

ڕێژەیەکی کەمی ژنان ئاگاداری ٢٥ی تشرینی دووەمن، پێیان وایە پێویستە ژنان هۆشیار بن و بەڕووی توندوتیژی بوەستنەوە و مافەکانیان بەدەستبهێنن.

 

"پێویستە ژنان خۆیان پڕ چەک بکەن لە زانست و هێز دژی توندوتیژی"

خۆشی شەوقی، مامۆستای پەیمانگای هونەرە جوانەکان، دەربارەی بوونی توندوتیژی دەڵێت کە پێویستە ژنان خۆیان پڕ چەک بکەن لە زانست و هێز و کار تا ڕێگری لەوانە بکەن کە هەوڵدەدەن ژنان بخەنە تاریکی ژیانەوە.

 

دەشڵێت "لە ئێستادا توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان زیادیکردووە هۆکارەکەی لایەنی کۆمەڵایەتی و هەندێک لایەنی دینییە کە ژنیان کردووەتە سوچێکی ماڵەوە و ڕێگری لێدەکەن لە ئەنجامدانی ئەو کارانەی خولیاین"، ئاماژەی بەوەدا توندوتیژی تەنها لێدان نییە، بەڵکو هەر هۆکارێک ببێتە هۆی پێشێلکردنی مافەکانت ئەوە توندوتیژییە.

 

شەنگە کاروان، باسی لەوەکرد زیادبوونی توندوتیژی پەیوەستە بە لایەنی دەروونی مرۆڤەکانەوە، بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا دەروونی مرۆڤەکان بەهۆی سەختی ژیانیانەوە نائارامە بۆیە زۆرینەی هاوڵاتیان و بە تایبەت پیاوان توندوتیژی دەکەن بەرامبەر ژنان، وە پێویستە ژنان لەبەرامبەر توندوتیژیدا بەهێز بن و ڕووبەڕووی ببنەوە پێیان عەیب نەبێت کاتێک دەستدرێژییان دەکرێتە سەر بێنە دەنگ.

 

ت.پ