"پرسەکانی ژنان لە پرسە سیاسی و ئابوورییەکان گرنگترە بۆ پەرلەمان"

دواخستنی هەڵبژاردنەکان و وەستانی کاری پەرلەمان کاریگەری لەسەر دۆخی کۆمەڵگە و بە تایبەت ژنان هەیە، پارێزەرێکیش دەڵێت: ئەگەر پەرلەمان نەکەوێتەوە سەر کار، مەترسی ئەوە هەیە دوای پەسەندکردنی هەموواری یاسای باری کەسێتی لە هەرێمی کوردستانیشدا کاری پێبکرێت.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان مافێکی یاسایی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستاندا سەرەڕای دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنەکان چەندین جار دواخستنی بەخۆیەوە بینیوە، دواخستنی هەڵبژاردنەکان مەترسیەکی گەورە دەکەوێتە سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەوەی دۆخی خەڵکی زیاتر لە ساڵێکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و ڕاگرتنی دانیشتنەکانی پەرلەمان، دۆخی هاوڵاتیانی خراپتر کردووە. ئەم ڕاوەستانەی کاری پەرلەمان بە تایبەت بۆ پرسەکانی پەیوەست بە ژنان کاریگەری زیاترە و ئاستی بەرزی ڕێژەی توندوتیژی و کوشتنی ژنانیش بەڕووی کاریگەرییەکانی نەبوونی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نیشان دەدات.

 

"هەموواری یاسای باری کەسێتی بەبێ بریاردانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کاری پێناکرێت"

پەیمان عیزەدین، پارێزەر، باس لەوە دەکات، هەمووارکردنەوەی هەر یاسایەک لە پەرلەمانی عێراقدا بەبێ دانیشتنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و دەنگدان لەسەری کاری پێناکرێت، لەو بارەیەوە دەڵێت: هەمووارکردنەوەی یاساکان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە نابێتە بەشێک لە یاساکانی هەرێمی کوردستان، هەمووارکردنەوەی یاساکان لە پەرلەمانی هەرێمدا هەتا لە دانیشتنێکدا بڕیاری لەسەر جێبەجێ کردنی یاساکە نەدات، ناچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

 

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشکرد، دواخستنی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستاندا ئەگەرێکی کراوە دەبێت، بە هۆکاری نەبوونی بناغەیەکی سیاسیی لە پەرلەمانی کوردستاندا، کە چوار ساڵ جارێک پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، وتیشی: لە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، هاوڵاتیان لە بەردەم دوو بارودۆخدا دەبن، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دوادەخرێت و بەم بارودۆخەی ئێستایەوە دەمێنێتەوە هەتا دیاریکردنی وادەیەکی دیکەی هەڵبژاردن، هەروەها مەترسییەکی گەورە دەکەوێتە سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان بە هەمووارکردنەوەی یاساکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، لە بارودۆخێکی وەهادا هەموو ئەو یاسایانەی لە دەوڵەتی فیدڕاڵدا و ئەنجومەنی عێراقدا دەردەچێت، ئەوکات بۆ کۆی عێراق دەبێتە یاسایەکی کارپێکراو.

 

لە کۆتاییدا ئەوەی خستەڕوو، لەسەر هەمووارکردنەوەی باری کەسێتی لە عێراقدا گەورەترین ناڕەزای لێ کەوتووەتەوە، لە چەندین گفتوگۆ و کۆنفڕانسدا باس لە لێکەوتەکانی هەموواری یاساکان دەکرێت، وتیشی: کۆمەڵگەی عێراقی دەزانێت هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی پەیوەندیدارە بە تاک بە تاکی کۆمەڵگەوە، ئەو جێگیرییە یاسایەی کۆمەڵگە و خێزانەکان لەسەری ڕاهاتوون دەگۆڕدرێت، هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی هاوئاستی بابەتە ئابووری و سیاسییەکان گرنگی هەیە، ئەگەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا جێبەجێ بکرێت، بگاتە ئەو بڕوایەی بابەتەکانی پەیوەستە بە ژنانەوە زۆر گرنگتر بن لەو بابەتانەی پەیوەستە بە بارودۆخی و سیاسیی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە، چونکە بارودۆخی ژنان و هاوڵاتیانە وادەکات بارودۆخی ئابووری و سیاسی باشتر ببێت.