بەهەست وریا: ڕاگەیاندن هۆکاری سەرەکی زیادبوونی توندوتیژییەکانە

جۆر و ئاستی توندوتیژییەکان لە هەڵکشاندایە و چەندین هۆکار هەن کە ڕێژەی توندوتیژییان بەرز کردووەتەوە، کارمەندێکی پۆلیسی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەڵێت: ڕاگەیاندن و پیشاندانی تاوانبار پاڵنەری توندوتیژییە.

ئەڤین جبرائیل

کۆیە- ژنان لە جیهاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی دەبنەوە، بەڵام هاوشانی ئەوە، تێکۆشانی ژنان ئەو پەیامە دەداتە جیهان، کە چەندە توندوتیژییەکان زیاد ببن، تێکۆشانی ژنان گەشە دەکات و بەرەنگاری ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتداری دەبنەوە.

ئەم دۆخە لە باشووری کوردستانیش هاوشێوەیە، ژنان بەدەست توندوتیژی، دەستدرێژی، پێشێلکردنی مافەکانیان لەناو خێزان و کۆمەڵگە و لە شوێنی کاردا دەبنەوە، لە مافی میرات و ژیانێکی شایستە بێبەش دەبن، هێرشەکانی سەر ژنان لە زارەکییە هەتا جەستەیی و تا دەگاتە کوشتن و هاندان بۆ خۆکوشتن بە توندوتیژی بەناو دەکرێت و لەلایەن یاسا و دادگاکانەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و سزای بۆ دانراوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا تا چەندە یاساکان وەک خۆیان کاریان پێدەکرێت و مافی ژنان دەپارێزن؟ تا چەند دادگاکان سەربەخۆن و چۆن مامەڵە لەگەڵ کەیسەکانی ژناندا دەکەن.

 

ئێستا دەنگی ژنان لە ئاست توندوتیژی بەرز بووەتەوە

بەهەست وریا، کارمەندی پۆلیسی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە شاری کۆیە، کە بە هۆی پێگە ئەمنییەکەیەوە نەیتوانی وێنەی خۆی نیشان بدات، باسی لەوەکرد، کێشەکانی کۆمەڵگە ئەگەر نەتوانرێت بنەبڕ بکرێت، دەتوانرێت کەم بکرێتەوە، لەبارەی توندوتیژی دژی ژنان وتی: سەردەمانی زوو ژنان بێدەنگ بوون لە ئاست ئەو توندوتیژیەی بەرامبەریان دەکرا، ئێستا بە پێچەوانەوە ژنان لە کاتی بوونی هەر توندوتیژیەک پەنا دەبەنە بەر  یاسا و دادگا و بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان.

بەهەست وریا باسی لە شێوازەکانی توندوتیژی کرد و وتی: ئەگەر جاران چەند شتێک هەبوایە بە پاڵنەری توندوتیژی لە قەڵەم بدرایە، ئەوا ئێستا زۆر شتی دیکە هەیە کە کاریگەری لەسەر هەڵکشانی ڕێژەی توندوتیژی هەبێت، بۆنمونە، لایەنی ئابووری، پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان زۆر تێکەڵ بوون و دەستوەردان لە ژیانی یەکتری، پەروەردەی خێزانی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەمانە وەک ڕیز بەندی سەرەتای.

لە درێژەی قسەکانیدا بەهەست وریا باسی لەوەکرد، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هۆکاری سەرەکین لەناویشیاندا تەلەفیزیۆن، چونکە کاتێک کە کەسێک تاوانێک دەکات دەیانهێننە سەر شاشە و بە وردی هەموو زانیارییەکیان پێ دەدرکێنن، ئەمەش ڕێگە خۆشکەرە بۆ ئەنجامدانی تاوان، وتیشی: بێکاری هۆکارێکی دیکەی توندوتیژییە.

بەهەست وریا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەموو کێشەیەک چارەسەری هەیە و دەتوانین چارەسەری بکەین بەهەموو لایەک، بۆنموونە، باشتر کردنی ژیانی خەڵک لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە دەکرێت ڕێگەچارەسەرییەک بێت، هەروەها هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە و هەر کەسە و سەرقاڵی ژیانی بێت و دەستوەردان لە ژیانی یەکدیدا نەکردن و تۆمەت دروستکردن بۆ ژنان، بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و کەناڵ و سایتەکان و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و ڕێکخراوەکان بۆ هۆشیارکردنەوەی تاکەکان چارەسەرین بۆ کەمبوونەوەی توندوتیژییەکان.

 

"پەروەردە ڕۆڵی لە کەمکردنەوەی توندوتیژی هەیە"

بەهەست باس لە ڕۆڵی پەروەردەی خێزان دەکات، کە کاریگەری لەسەر پێگەیاندنی تاکی تەندروست هەر لە سەرەتای ژیانییەوە هەیە، وتیشی: پێویستە بە هەر شێوازێک بێت کۆمەڵگە هۆشیار بکرێتەوە ، تا توندوتیژییەکان کەم ببنەوە و ڕێگری لە سووتان و کوشتنی ژنان بکرێت.

بەهەست وریا، کارمەندی پۆلیسی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە شاری کۆیە، باسی لە هێلێ گەرمی ١١٩ کرد، کە لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بە شەو و ڕۆژ دەتوانرێت کەسێک، کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە، پەیوەندی پێوە بکات، یاخود، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە شاری کۆیە بکات و لە ڕێگەی ڕاوێژکاری دەروونییەوە چارەسەری کێشەکانی دەکرێت بە کەمترین تێچووی گیانی و ژیانی.