سیستەمی پاشایەتی لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا مافی ژنانیان پێشێل کردووه (١)

ژنان لە قۆناغە جیاوازەکان و بە درێژایی مێژوو، بەها و پێگەیەکیان لە جیهاندا هەبووە و ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پێشکەوتنی شارستانییەتەکان و گەشەپێدانی کولتوورەکاندا هەبووە، بەڵام لە سەردەمی جیاوازدا و بە دەسەڵات و عەقڵیەتی کۆمەڵگەی پیاوسالاری مافەکانیان پێشێل کراوە

 مژدە کرماشانی

 

 ناوەندی هەواڵ - مافەکانی ژنان ئەو مافانەن کە لە هەموو جیهاندا بۆ ژنان داوادەکرێت، ئەو مافانه بنەمای بزووتنەوەی مافی ژنانە لە سەدەی نۆزدەهەم و بزووتنەوە فێمینیستییەکانی سەدەی بیستەم و بیست و یەکیان پێکهێنا، لە هەندێک وڵاتدا ئەم مافانە بە بە یاسا و داب و نەریت و ڕەفتاری ناوخۆیی، جێگیر دەبن و پشتیوانی دەکرێن، له کاتێکدا لە هەندێک وڵاتی تردا پشتگوێ دەخرێن و سەرکوت دەکرێن.

 

ماف، ڕۆڵ و دەسەڵاتی ژنان لە سەردەمی سۆمەرییەکاندا

لە باوەڕی سۆمەرییەکاندا، هەر شارێکی سۆمەری هی ژنەخواوەندێک بووە کە پشتیوانی ئەو شارە بووە، زۆرێک لە ژنەخواوەندەکانی سۆمەرییەکان، پشتیوانی شارەکان و خواوەندەکانی توخمە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکان، بوونێکی مێینەیان هەبووە، هێزی ژن لە جیهانبینی سۆمەرییەکاندا نیشان دەدات.

 

لە پەرستگاکانیشدا ژنە پیرۆزەکان یان قەشە ژنەکان نەک تەنها دەسەڵاتی ئایینی بەڵکوو دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەریشیان هەبووە، بەڵام دواتر لەگەڵ یەکگرتنی شارەکانی سۆمەریدا، ئەم دەسەڵاتە ناوەندییە بوو به جێگای ململانێی نێوان پەرستگا و کۆشکی پاشاکانی سۆمەری، ئابووریی سۆمەرییەکان لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و پێویستی بەرهەمهێنانی خۆراک و ئامڕازی ژیانی زیاتر، هەر زوو لە حاڵەتی بەرهەمهێنانی خێزانی هاتە دەرەوە و بەرهەمهێنان زیاتر سیمایەکی کۆمەڵایەتی گرتە خۆی.

 

لێکۆڵینەوەکان دەری دەخەن کە کاریگەرییەکانی ئەم بە کۆمەڵایەتی کردنەی بەرهەمهێنان، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژیانی ژنان هەبووە و زۆرێک لە ژنان لە ڕاستیدا بوون بە هێزی کاری کۆمەڵایەتیی چالاک، دابەش کردنی کاری کۆمەڵایەتی و دابڕانی ڕۆڵی کۆمەڵایەتیی ژن و پیاویش وردە وردە لێرەوە دەست پێدەکات، بەڵگەکان دەری دەخەن کە ژنان زیاتر لە پیشەسازییەکانی خوری و قوماش و دروومانی جلوبەرگدا چالاکییان هەبووه.

 

هەروەها ژنان چالاکانە بەشدارییان لە کاروباری کۆگا و هەڵگرتنی خۆراکدا کردووە و هەروەها ژنان توانیویانە ڕۆڵی سەرکردایەتی و بەڕێوەبردنی گروپەکانی کار بگرنە ئەستۆی خۆیان، فێرگەکانی سۆمەری لەناو پەرستگاکاندا دادەمەزران و منداڵان فێری خوێندنەوە و نووسین و بیرکاری دەبوون، لە لەوحەکانی سۆمەریدا ناوی ژنانیش وەکوو ژمێریاری پەرستگاکان هاتووە و هەندێک لە ژنان وەکوو ژمێریار کاریان کردووە، سروشتییە کە ئەم ژنانە لە تەمەنێکی کەمتردا لە قوتابخانەکانی پەرستگاکاندا فێری خوێندنەوە و نووسین بووبن.

 

لە نێو مافە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا، ژنان مافی ئەوەیان هەبووە کە دادوەری بکەن و لەسەر کورسیی دادوەری دادەنیشتن یان مافی ئەوەیان هەبووە لە دادگا سکاڵا تۆمار بکەن، ژنان مافی خاوەندارێتیی موڵک و ماڵییان هەبووە و بەشداری کڕین و فرۆشتنی کاڵایان کردووە و هەروەها یەکێک لە ڕۆڵە کۆمەڵایەتییە گرنگەکانیان گەیشتن بە دەسەڵاتە باڵاکانی پەرستگاکان بووە کە خاوەنی دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەری بوون.

 

له سۆمەری کۆندا دەیانتوانی موڵک و ماڵ بکڕن و خاوەندارێتیی بکەن و بیفرۆشن و له ڕێی میراتەوە وەریگرن، ژنان دەیانتوانی بازرگانی بکەن و دەیانتوانی وەکوو شایەتحاڵ لە دادگادا شایەتی بدەن، بەڵگە شوێنەوارناسییەکان و دەقی نووسراوەکانی سۆمەرییەکان نیشانی دەدەن کە زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگە تاک هاوسەر بوون و نیشانەکانی فرەهاوسەری تەنیا لە کۆشکی پاشاکاندا بینراوە، لە یەکێک لە یاساکانی حامورابیدا هاتووە: ئەگەر پیاوێک لەگەڵ ژنێکی نەزۆکدا هاوسەرگیریی کرد و ئەو ژنە نەزۆکە کەنیزەیەک بە ژنەکەی بدات و کوڕێکیان ببێت، دواتر پیاوەکە بڕیار بدات ژنێکی دیکە مارە بکات، ئەگەر ژنی یەکەم ڕەزامەند نەبێت، ئەو پیاوە ناتوانێت ژنێکی تر مارە بکات، بەڵام ئەگەر کوڕێک بۆ ئەو پیاوە نەهێنێت و ئەو پیاوە بڕیار بدات ژنێک مارە بکات، ئەوا دەتوانێت و ڕێگای پێ دەدرێت، پیاوەکە دەتوانێت ئەو ژنەی که مارەی کردووه بهێنێتە ماڵەوە، بەڵام مافەکانی ئەو ژنە یەکسان نابێت لەگەڵ ژنی یەکەمدا، بەگشتی یاساکانی حامورابی بە بەراورد لەگەڵ ژنان، مەرجی جیابوونەوەی ئاسانتری بۆ پیاوان داناوە.

 

له ئەگەری بە دیل گیرانی یان هەڵهاتنی پیاو له ماڵ (بەهۆی نەبوونی توانای دانەوەی قەرزەوە) ژنان دەیانتوانی جیاببنەوە وەربگرن، ئەم یاسایانە هی سەردەمی نسکۆی شارستانییەتی سۆمەری و لوتکەی شارستانییەتی بابلییە، بەڵام بێ گومان ئەم یاسایانە ڕەگ و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ یاسا سۆمەرییەکان.

 

دوای نزیکەی هەزار ساڵ و لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاشوورییەکاندایه که ئامۆژگاریی پیاوان دەکرێت کە وەکوو ئاژەڵەکانتان مامەڵە لەگەڵ ژنان بکەن، یاسا ئاشوورییەکان زۆر توند و چەوسێنەر بوون بۆ ژنان و تەنانەت بۆ حیجابی ژنان یاسا دادەنێت و تەنیا لەشفرۆشان لە داپۆشینی قژیان بێبەشبوون، دەقی هەندێک لە یاسا ئاشوورییەکان لێره دەخرێتە ڕوو کە چۆن سنوور دانان بۆ ژنان شێوەی یاسایی گرتووەتە خۆی و سەقامگیر بووه، ئەو سنوور دانانەی کە هەزاران ساڵە بە شێوەی جۆراوجۆر ماونەتەوە، لە یەکێک لەو بڕگانەدا، ئەگەر پیاوێک لە ژنەکەی جیا ببێتەوە، ئەگەر بیەوێت دەتوانێت شتێکی پێ بدات، ئەگەر نەیویست پێویست ناکات هیچی پێ بدات و دەتوانێت بە دەستی بەتاڵ بینێرێتەوە.

 

یاساکانی بابلی کۆن ڕێگەی بە پیاو دەدا لە هەر بارودۆخێکدا بتوانێت لە ژنەکەی جیاببێتەوە، بەڵام بە ئەنجامدانی ئەو کارە دەبوو هەموو موڵک و ماڵی ژنەکەی بگەڕێنێتەوە و هەندێکجاریش غەرامەی پێ بدات، لە میسری کۆندا، ژنان بەپێی یاسا هەمان مافی پیاوانیان هەبوو، هەرچەندە مافی ڕەوا پەیوەست بوو بە چینی کۆمەڵایەتییەوە، زەوی هی نەوەی مێینە بوو و لە دایکەوە بۆ کچ دەگوازرایەوە و ژنان مافی بەڕێوەبردن و خاوەندارێتیی موڵک و ماڵی خۆیان هەبوو، ژنان لە میسری کۆندا دەیانتوانی بکڕن و بفرۆشن و له گرێبەستی یاسایی و وەسیەتنامەدا سەرپشک بن و شایەتحاڵی بەڵگەنامەی یاسایی بن و بچنە دادگا و منداڵی تر به فەرزەندی وەربگرن.

 

هەرچەندە زۆربەی ژنان لە دەوڵەت-شارەکانی یۆنان کۆندا مافی سیاسی و یەکسانیان نەبوو، بەڵام تا سەردەمی کۆن له ئازادییەکی تایبەت بەهرەمەند بوون، هەروەها هەندێک پێشینە و بەڵگه سەبارەت به ژنان لە دێلفی، گۆرتین، تێسالی، مێگارا و سپارتای کۆن بەردەستە که خاوەنی کۆمەڵێک مۆڵک و زەوی بوون کە لەو کاتەدا بڕواپێکراوترین و بەرزترین ئاستی ئیعتیباری خاوەندارێتیی تایبەت بووە، سەرەڕای ئەمانه، لە دوای سەردەمی کۆنەوە، یاسادانەران دەستیان کرد بە دەرکردنی یاسا بۆ جێبەجێ کردنی جیاکاریی ڕەگەزی، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی مافەکانی ژنان.

 

ژنانی ئەسینای کلاسیک هیچ پێگەیەکی یاساییان نەبووە و بڕوایان وابوو کە ژنان بەشێکن لە ئۆیکۆس کە لەلایەن کیریۆسی نێرەوە سەرکردایەتی دەکرا، تا کاتی هاوسەرگیری، ژنان لە ژێر سەرپەرشتی باوکیان یان خزمێکی تری پیاودا بوون، دوای هاوسەرگیریش هاوسەرەکانیان، بە پێی ئەوەی که ژنان ڕێگرییان لێ کرابوو کە ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر، کیریۆس بەناوی ئەوانەوە ئەو کارەی دەکرد، ژنانی ئەسینا تەنها دەیانتوانی گرێبەستێک که بەهاکەی کەمتر لە یەک مێدیمنۆس (پێوانەیەک بۆ دانەوێڵە) جۆ  بێت ببەستن و ئەمەش ڕێگەی بە ژنان دەدا لە ئاستی کەمدا بەشداریی بازرگانی بکەن، ژنان لە دیموکراسیی ئەسینای کۆن دوورخرانەوە، چ لە ڕووی پرەنسیپەوە و چ لە ڕووی پراکتیکەوە، کۆیلەکان دەیانتوانی دوای ئازادی خۆیان ببنە هاوڵاتی ئەسینا، بەڵام هیچ ژنێک لە ئەسینای کۆندا نەدەبوو به هاوڵاتی.

 

هەروەها لە ئەسینای کلاسیکدا، ڕێگری دەرکرا له ژنان که ببنە شاعیر، توێژەر، سیاسەتوان، یان هونەرمەند، به درێژایی سەردەمی هێلینیستی لە ئەسینادا، ئەرستۆی فەیلەسووف پێی وابوو کە ژنان بشێوی و خراپە بەرهەم دەهێنن، کەواتە باشترین کار ئەوە بوو که ژنان لە تەواوی کۆمەڵگە جیا بکرێنەوە، ئەم جیابوونەوەیە پێویستی بە ژیان لە ژوورێکدا بوو کە پێی دەوترا ژووری ژنان، له کاتێکدا سەرپەرشتیی ئەرکەکانی ماڵەوە دەکات و تێکەڵی جیهانی پیاوانە نابێت، ئەم بابەتەش گەرەنتی بوو بۆ ئەوەی که ژنان تەنیا له هاوسەرانی خۆیان منداڵدار بن، ژنانی ئەسینا هیچ پەروەردەیەکیان نەدەدیت، جگە لە پەروەرده و فێربوونی ناوماڵ بۆ کارامەییە سەرەتاییەکانی وەکوو ڕستن، چنین، چێشت لێنان و هەندێک زانیاری لەسەر پارە.

 

هەرچەندە ژنانی سپارتا بە شێوەیەکی فەرمی لە ژیانی سەربازی و سیاسی دوورخرانەوە، بەڵام پێگەیەکی بەرچاویان وەکوو دایکی جەنگاوەرانی سپارتایی هەبوو، کاتێک پیاوان سەرقاڵی چالاکیی سەربازی بوون، ژنان بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی زەوی و موڵک و ماڵیان لە ئەستۆ دەگرت.

 

دوای شەڕە درێژخایەنەکانی سەدەی چوارەمی پێش زایین، ژنانی سپارتا خاوەنی نزیکەی ٪٣٥-٤٠ هەموو زەوی و موڵک و ماڵی سپارتا بوون، لە سەردەمی هێلینیستیدا هەندێک لە دەوڵەمەندترین سپارتەکان ژن بوون، ژنانی سپارتایی کۆنترۆڵی موڵک و ماڵی خۆیان و هەروەها ئەو خزمه پیاوانەی کە لە سوپا دوور بوونیان، له ئەستۆ دەگرت. کچان و هەروەها کوڕان پەروەردەیان دەدیت، بەڵام سەرەڕای ئازادیی جووڵەی تاڕادەیەک زیاتر بۆ ژنانی سپارتایی، ڕۆڵی ئەوان لە سیاسەتدا هاوشێوەی ڕۆڵی ژنانی ئەسینایی بوو.

 

ئەفلاتون دانی بەوەدا نا کە پەرەسەندنی مافە مەدەنی و سیاسییەکان بەرەو ژنان، به شێوەیەکی بنەڕەتی، سروشتی خێزان و دەوڵەت دەگۆڕێت، ئەرستۆ کە لەلایەن ئەفلاتونەوە پەروەردەی دیتبوو، ڕەتی کردەوە که ژن کۆیلە یان هاوڵاتی بێت و دەیوت "سروشت جیاوازیی لە نێوان ژن و کۆیلەدا داناوە" بەڵام ژنانی بە "کڕدراو" دادەنا، ئەو بەڵگەی هێنایەوە کە چالاکیی ئابووریی سەرەکیی ژنان پاراستنی ئەو موڵک و ماڵەی خێزانە کە لەلایەن پیاوانەوە دەستەبەر کراون، بە وتەی ئەرستۆ کاری ژنان هیچ بەهایەک زیاد ناکات، چونکە "هونەری بەڕێوەبردنی ماڵ هەمان لەگەڵ هونەری بەدەستهێنانی سەروەت و سامان یەکسان نییە، بە پێی ئەوەی که یەکەمیان ئەو کەرەستانە بەکاردەهێنێت کە ئەوی دیکە دابینی دەکات".

 

بەپێچەوانەی تێڕوانینی ئەفلاتوونەوە، فەیلەسووفە ستۆیکەکان بەڵگەیان بۆ یەکسانیی ڕەگەزەکان دەهێنایەوە، چونکە لە ڕوانگەی ئەوانەوە نایەکسانیی ڕەگەزی پێچەوانەی یاساکانی سروشتە، بەم کارە، ئەوان شوێنی ڕەشبینەکان کەوتن کە بەڵگەیان دەهێنایەوە ژن و پیاو دەبێت جلوبەرگی یەکسان لەبەر بکەن و پەروەردەی یەکسان ببینن، ئەوان هەروەها هاوسەرگیرییان وەکوو هاوڕێیەتییەکی ئەخلاقی نێوان تاکه یەکسانەکان دەبینی، نەک پێویستییەکی بایۆلۆژیک یان کۆمەڵایەتی و ئەم بۆچوونانەیان له ژیانی خۆیاندا و هەروەها له وانەکانیاندا بەکارهێنا، ستۆیکەکان بۆچوونەکانی ڕەشبینەکانیان قبوڵ کرد و زیادیان کرد له تیۆرییەکانی خۆیان سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ، بەم شێوەیه یەکسانیخوازیی ڕەگەزیی خۆیان لەسەر بناغەیەکی فەلسەفیی بەهێز دانا.

 

ژنان هیچ جۆره دەنگ یان ڕۆڵێکی گشتییان نەبوو

 

یاسای ڕۆمانی، هاوشێوەی یاسای ئەسینا، به دەستی پیاوان و بۆ بەرژەوەندیی پیاوان دروست بوو، ژنان هیچ دەنگێکی گشتی و هیچ ڕۆڵێکی گشتییان نەبوو، ئەمەش تەنها دوای سەدەی یەکەم هەتا شەشەمی پێش زایین باشتر بوو، ئەو ژنه ئازادانەی کە لە ڕۆمای کۆن لەدایک دەبوون، هاوڵاتیانێک بوون کە پشکی تایبەت و پشتیوانیی یاساییان هەبوو و ئەمە کۆیلەکان یان ئەوانەی هاووڵاتی نەبوونی نەدەگرتەوە، سەرەڕای ئەمە کۆمەڵگەی ڕۆمانی، کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری بوو و ژنان نەیاندەتوانی دەنگ بدەن و پۆستی حکومییان هەبێت یان لە سوپادا خزمەت بکەن، ژنانی چینی سەرەوە لە ڕێگەی هاوسەرگیری و دایکایەتییەوە کاریگەری سیاسییان هەبوو، لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕۆمانیدا، دایکانی برایانی گراکۆس و جولیۆس سیزار بە ژنانێکی نموونەیی ناسرابوون کە دەبوونە هۆی بەرز بوونەوەی پیشە و پێگەی کوڕەکانیان، لە سەردەمی ئیمپراتۆریدا، ژنانی بنەماڵەی ئیمپراتۆر دەیانتوانی دەسەڵاتێکی سیاسیی بەرچاویان هەبێت و بە بەردەوامی لە هونەری فەرمی و لەسەر دراوی ئاسندا وێنەیان دەکێشرایەوە.

 

لە قۆناغی یەکەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا کچێک لە ژێر دەسەڵاتی باوکیدا هاوسەرگیری (مانۆس) دەکرد و دواتر ملکەچی یاساکانی هاوسەرەکەی دەبوو، ئەم شێوازە کۆنەی هاوسەرگیریی مانۆس لە سەردەمی جولیۆس سیزاردا تاڕادەیەکی زۆر وەلانرا، ئەم جاره ژن بەپێی یاسا لە ژێر دەسەڵاتی باوکیدا دەمایەوە، تەنانەت کاتێک دەگوازرایەوە بۆ ماڵی هاوسەرەکەی، ئەم شێوازه یەکێک بوو لە هۆکارەکانی سەربەخۆیی ژنانی ڕۆمانی، هەرچەندە ژنان دەبوو لە پرسه یاساییەکاندا وەڵامی باوکیان بدەنەوە، بەڵام لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیاندا لە چاودێری ڕاستەوخۆی ئەو ئازاد بوون و هاوسەرەکانیشیان هیچ دەسەڵاتێکی یاساییان بەسەریانەوە نەبوو، کاتێک باوکی ژنێک دەمرد، ئەو ژنە بە شێوەیەکی یاسایی ئازاد دەبوو، ژنێکی هاوسەردار خاوەندارێتی لە هەر موڵکێک کە لە هاوسەرگیریدا بەدەستی هێنابوو، دەکرد، کچان ماف و میراتێکی یەکسانیان لەگەڵ کوڕاندا هەبوو ئەگەر باوکیان بەبێ وەسیەت بمردایە بەپێی یاسای کلاسیکی ڕۆمانی، پیاو مافی ئەوەی نەبوو دەستدرێژی جەستەیی بکاتە سەر ژنەکەی یان ناچار به سێکس کردنی بکات، لێدانی ژن هۆکارێکی بەس بوو بۆ جیابوونەوە یان ڕێکاری یاسایی دیکە دژی هاوسەرەکەی.

 

ژنان له ڕۆمانیی کۆندا بەهۆی دۆخی یاساییانەوە وەکوو هاووڵاتی دەیانتوانی ئازادییان هەبێت، دەیانتوانی خاوەنی موڵک و ماڵی خۆیان بن و گرێبەست بکەن و بەشداری له بازرگانیدا بکەن.  هەندێکیان سامانێکی بەرچاویان بەدەستهێنا و لە نووسراوە سەر بەردەکاندا بەشدار بوونیان وەکوو خێرخواز لە دابین کردنی دارایی کارە گشتییە گەورەکاندا تۆمار کراون. ژنانی ڕۆمانی دەیانتوانی لە دادگا ئامادە بن و له دۆسییەکاندا موناقەشە بکەن، هەرچەندە باو بوو کە پیاوێک نوێنەرایەتییان بکات. لە هەمان کاتدا بە نەزان و ئیرادە لاواز بۆ جێبەجێ کردنی ئەرکی وەکالەت و وەکوو زۆر چالاک و کاریگەر لە بابەتە یاساییەکاندا دەکەوتنە بەر توانج و سووکایەتی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە فەرمانێک دەربچێت کە ژنان سنووردار بکات بۆ بەڕێوەبردنی کەیسەکان بەناوی خۆیانەوە له جیاتی کەسانی دیکە. بەڵام تەنانەت دوای جێبەجێ بوونی ئەم فەرمانەش، چەندین نموونەی جۆراوجۆر له چالاکیی وشیارانەی ژنان لە بوارە یاساییەکاندا هەیە، لەوانە دیکتە کردنی ستراتیژی یاسایی به پارێزەرانی پیاو.

 

یاسای ڕۆمانی دەستدرێژی سێکسی وەکوو تاوانێکی گەوره ناساند کە تێیدا قوربانییەکە بێتاوانه. دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنێک بە ئەتک کردنی خێزان و شەرەفی باوکی دادەنرا و قوربانیانی دەستدرێژییەکە لەبەر ئەوەی کە ناوبانگی خراپیان دەدایه پاڵی شەرەفی باوکیان، شەرمەزار بوون. بەپێی یاسا دەستدرێژی سێکسی تەنیا بەرامبەر به هاوڵاتییەکی سەربەخۆ دەکرا.  دەستدرێژی کردنە سەر کۆیلەیەک تەنیا وەکوو زیان گەیاندن بە موڵک و ماڵی خاوەنەکەی، دەکرا سکاڵای لەسەر تۆمار بکرێت.

 

فەلسەفەی ستۆیکی کاریگەرییان لەسەر پەرەسەندنی یاسای ڕۆمانی دانا

 

ستۆیکییەکانی سەردەمی ئیمپراتۆری لەوانه سێنێکا و موسۆنیۆس ڕوفۆس تیۆرییەکانی پەیوەندیی دادپەروەرانەیان پەرەپێدا، ئەوان لە کاتێکدا پشتگیری یەکسانی لە کۆمەڵگە یان لە ژێر یاسادا نەدەکرد، بەڵام پێیان وابوو سروشت توانای یەکسانی بە ژن و پیاو بەخشیووە بۆ چاکه و پابەندبوونی یەکسان لە پێناو کردەی ڕاست و دروستدا، کەواته ژن و پیاو پێویستییەکی یەکسانیان بە پەروەردەی فەلسەفی هەیە، وا مەزەندە دەکرێت کە ئەم ڕەوتە فەلسەفییانە لە نێو ئێلیتی دەسەڵاتداردا یارمەتیدەر بووه بۆ باشتر کردنی پێگەی ژنان لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتدا، ڕۆمانی هیچ سیستەمێکی پەروەردەیی نەبوو کە دەوڵەت پشتیوانیی بکات و پەروەرده تەنیا بۆ ئەو کەسانە بەردەست بوو کە توانای بژاردنی بەهاکەیان هەبوو، پێدەچێت کچانی سیناتۆر و جەنگاوەرەکان بەردەوام خوێندنی سەرەتاییان دیتبێت، بەبێ گوێدانە ڕەگەز، و کەسانێکی کەم لەوە زیاتر پەروەردەیان دیتبێت، کچانی چینی ناوەڕاست لەوانەیە بۆ یارمەتیدانی کاروباری خێزان یان بەدەستهێنانی شارەزایی خوێندەواری کە له ڕێگای ئەوەوە دەیانتوانی وەکوو نووسەر و سکرتێر کاربکەن، پەروەردەیان دیتووە، ئەو ژنەی لە جیهانی کۆندا لەبەر پەوردەی بەرز زیاترین ناوبانگی بەدەستهێنا، هیپاتیای ئەسکەندەریەیی بوو کە خولی پێشکەوتووی پەروەردەی بە پیاوانی گەنج دەوتەوە و ڕاوێژکاری دەسەڵاتداری ڕۆمانیی میسر بوو لە بواری سیاسەتدا.

 

بە پێی ئەوەی که یاساکانی بیزەنتین له بنەڕەتدا لەسەر یاسای ڕۆمانی دامەزرابوو، به بەراورد لەگەڵ سەدەی شەشەم دۆخی یاسایی ژنان گۆڕانێکارییەکی بەرچاوی بەسەردا نەهات، بەڵام سنووردار کردنی نەریتیی ژنان لە ژیانی گشتیدا و هەروەها دوژمنایەتی لەگەڵ ژنانی سەربەخۆدا بەردەوام بوو، کاریگەری زیاتری کولتوری یۆنانی پەرەی به تێڕوانینی توند سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان له بواری گشتیدا دەدا و پشتیوانیی له ڕۆڵی ژنان له خێزاندا دەکرد، هەروەها ڕەوتێک لە گەشەکردندا بوو بۆ ئەوەی ئەو ژنانەی کە لەشفرۆش و کۆیلە نەبوون یان کاری کات بەسەربەربردنیان نەدەکرد، بە تەواوی حیجاب بکەن، وەکوو یاساکانی پێشووی ڕۆمانی، ژنان نەیاندەتوانی شایەتحاڵی یاسایی بن، کاروباری بەڕێوەبردن یان کاروباری بانکی بکەن، بەڵام هێشتا دەیانتوانی موڵک و زەوی بە میرات وەربگرن.

 

وەکوو ڕێسایەک کاریگەریی کەنیسە لە بەرژەوەندی ئەو تەنگژانەی به هۆی یاسای کۆنەوە بەسەر ڕەبەن و بێ منداڵەکاندا سەپێندرابوون و زیادکردنی ئاسانکارییەکانی چوونە ناو ژیانی ئایینی و دابین کردنی ژیانێکی گونجاو بۆ هاوسەر جێبەجێ دەکرا، هەروەها کەنیسه پشتگیریی لە دەسەڵاتی سیاسی ئەو کەسانە دەکرد کە هاوڕێی قەشەکان بوون، دامەزراندنی دایکان و داپیرەکان وەکوو مامۆستا لەلایەن یۆستینیانەوە پەسەند کرا، سنووردار کردنی هاوسەرگیریی سیناتۆرەکان و پیاوانی پلەبەرزی دیکە لەگەڵ ژنانی پلە نزمدا لەلایەن کۆنستنتینەوە درێژ کرایەوە، بەڵام به تەواوی لەلایەن یۆستینیانەوە لابرا، ڕێگری لە هاوسەرگیریی دووەم کرا، بەتایبەت بە یاسایی کردنی مەرجێک کە ئاماژەی بەوە دەکرد مافی خاوەندارێتیی بێوەژن دەبێ ڕابگیرێت ئەگەر دووبارە هاوسەرگیری بکاتەوە و دەستووری لیۆنین لە کۆتایی سەدەی نۆدا سزای بۆ هاوسەرگیریی سێیەم دانا.

 

 ژنان لە سەرانسەری چینی مێژوویی و کۆندا بە کەمتر دادەنران

بەپێی یاسای کۆنفۆسیۆس، ژنان پێگەی یاسایی ژێردەستە و پاشکۆیان هەبوو، لە چینی ئیمپراتۆریدا "سێ گوێڕایەڵی" کچانی به گوێڕایەڵی باوکیان، ژنانی به گوێڕایەڵی هاوسەرەکانیان و بێوەژنەکانی به گوێڕایەڵی کوڕەکانیان، ناچار دەکرد، ژنان نەیاندەتوانی کار و پیشه یان سامان بە میرات وەربگرن و پیاوان بۆ مەبەستێکی دارایی ئەوتۆ ناچار بوون کوڕێک بەخێو بکەن، هەروەها یاساکانی ئیمپراتۆریەتی دواتریش، حەوت جۆری جیاوازی جیابوونەوەی لەخۆگرتبوو.

 

"ئەگەر ژنێک کوڕ بە دنیا نەهێنێت، له دەرەوەی هاوسەرگیری پەیوەندی هەبێت، گوێڕایەڵی دایک و باوکی هاوسەرەکەی نەبێت، زۆر قسە بکات، دزی بکات، تووشی ئێرەیی ببێت یان تووشی نەخۆشی یان تێکچوونێکی چارەسەرنەکراو یان قێزەون بووبێت، ئەوا دەکرێت لە کارەکەی دوور بخرێتەوە".

 

بارودۆخی ژنان لە چینیشدا خراپ بوو، له پلەی یەکەمدا بەهۆی نەریتی بەستنەوەی پێ بوو، کە بۆ چینەکانی سەرەوەی کۆمەڵگە نزیک به ٪١٠٠ بوو، لە ساڵی ١٩١٢ حکومەتی چین فەرمانی ڕاگرتنی بەستنی پێی دەرکرد، بەستنی پێ بریتی بوو لە گۆڕینی پێکهاتەی ئێسکەکان بەجۆرێک کە قاچەکان تەنیا نزیکەی چوار ئینج درێژ بوون، بەستنی پێ دەبووە هۆی کێشه له جووڵەدا و بەم شێوەیە چالاکییەکانی ژنانی زۆر سنووردار دەکرد.

 

بەهۆی ئەو داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەوە کە نابێت ژن و پیاو لە یەکترەوە نزیک بن، ژنانی چینی ئامادە نەبوون لەلایەن پزیشکی پیاوەوە چارەسەر بکرێن، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە لە چیندا پێویستییەکی زۆر بە پزیشکی ژن لە بەشی پزیشکیدا هەبێت، بۆیە ژنە میسیۆنەر دکتۆر ماری ئێچ، فۆلتن لەلایەن دەستەی کاروباری دەرەوەی کەنیسەی پرۆتستانتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە ڕاسپێردرا بۆ دامەزراندنی یەکەم کۆلێژی پزیشکی بۆ ژنان لە چیندا، ئەم کۆلێژە که بە کۆلێژی پزیشکی هاکێت بۆ ژنان ناسراوە، لە شاری گوانگژۆی چین بە یارمەتیی دارایی زۆری ئێدوارد A.K دەستی به کار کرد، ئامانجی ئەم کۆلێژە بڵاوکردنەوەی ئایینی مەسیحی و پزیشکیی مۆدێرن و باشترکردنی پێگەی کۆمەڵایەتیی ژنانی چینی بوو.

 

لە سەردەمی کۆماری چین لە ساڵی ١٩١٢ بۆ ١٩٤٩ و حکومەتەکانی پێشووتری چیندا، ژنان بە شێوەیەکی یاسایی به ناوی خزمەتکارانی ماڵەوە وەکوو کۆیلە بازرگانییان پێوە دەکرا، ئەم ژنانە بە مۆی تسای دەناسران، بەڵام لە ساڵی ١٩٤٩ دا ئیمپراتۆریەتی چین لەلایەن هێزە کۆمۆنیستەکانەوە ڕووخێنرا و لە هەمان ساڵدا کۆماری گەلی چین دامەزرا، لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٥٠ کۆماری گەلی چین یاسایەکی نوێی هاوسەرگیری دەرکرد بۆ بەرنگار بوونەوەی فرۆشتنی ژنان وەکوو کۆیله، ئەم یاسایه هاوسەرگیری بە وەکالەتی بە نایاسایی دەزانی و هەتا هەردوولا ڕەزامەندییان نەبا، هاوسەرگیرییەکە نەدەبوو بە یاسایی.

 

یاسای نوێی هاوسەرگیری، تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری بۆ پیاوان بۆ ٢٠ ساڵ و بۆ ژنان بۆ ١٨ ساڵ بەرزکردەوە، ئەمە بەشێکی سەرەکی بوو لە پرۆژەی چاکسازیی زەویی گوندی، چونکە ڕێگە نەدەدرا ژنان چیتر بە شێوەیەکی یاسایی بە خاوەن خانووەکان بفرۆشرێن، دروشمی فەرمی ئەمە بوو: ژن و پیاو یەکسانن.

 

ئینگلتەرای سەدەی ناوەڕاست کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری بوو و ژیانی ژنان زۆر لە ژێر کاریگەری بیروباوەڕی هاوچەرخدا بوو سەبارەت بە ڕەگەز و دەسەڵات.

 

مێژووی ژن لە بەریتانیادا، ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسیی ژنان لە بەریتانیادا لە ماوەی دوو هەزارەی ڕابردوودا دەگرێتەوە، ئینگلتەرای سەدەی ناوەڕاست کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری بوو و ژیانی ژنان زۆر لە ژێر کاریگەری بیروباوەڕی هاوچەرخدا بووە سەبارەت بە ڕەگەز و دەسەڵات، بەڵام پێگەی ژنان بەپێی هۆکارانێکی وەکوو چینی کۆمەڵایەتییان جیاواز بوو، جا چ ڕەبەن بن، چ خێزاندار، بێوەژن بن یان دووباره هاوسەرگیرییان کردبێتەوە یان لە کام بەشی وڵاتدا دەژیان، هێرنیستا لیسەر باس لەوە دەکات کە ژنان دەسەڵاتێکی نافەرمیی زۆریان لە ماڵ و کۆمەڵگەکانیاندا هەبووە، هەرچەندە بە فەرمی ژێردەستەی پیاوان بوون، ئەو پێی وایە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دۆخی ژنان خراپتر بووە، هەرچەندە ڕۆڵی بەهێزی خۆیان لە ڕۆشنبیری و ڕۆحانییەتدا پاراستووە.

 

نایەکسانییەکی جێندەریی بەرچاو بە درێژایی ئەو سەردەمە بەردەوام بوو، چونکە ژنان بە شێوەیەکی گشتی بە بەراورد لەگەڵ پیاوان مافی هەڵبژاردنی شێوەی ژیانیان، دەستڕاگەیشتن بە کار و بازرگانی و مافی یاساییان سنووردارتر بوو، دوای هێرشی نۆرمانەکان، پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەدا گۆڕانی بەسەردا هات، ماف و ڕۆڵی ژنان هەتا ڕادەیەک بەهۆی پەرەسەندنی سیستەمی فیۆداڵی و فراوانتر بوونی سیستەمی یاسایی ئینگلتەرا بە شێوەیەکی ڕوونتر دیاری کرا، هەندێک لە ژنان سوودمەند بوون لەم کارە، له کاتێکدا هەندێکی تر زیانیان پێگەیشت، مافی ژنانی بێ سەرپەرشت لە کۆتایی سەدەی دوازدەهەمدا بە شێوەیەکی فەرمی لە یاسادا چەسپێندرا، ئەمەش مافی ژنانی ئازادی بۆ خاوەندارێتی موڵک و ماڵ ڕوون کردەوە، بەڵام ئەمە ڕێگری لەوە نەکرد که ژنان تووشی ئەوە نەبن که بە پێچەوانەی ویستی خۆیان ناچار بکرێن دووبارە هاوسەرگیری بکەنەوە.

 

 گەشەی دامودەزگاکانی دەوڵەت لە سەردەمی دەسەڵاتی قەشەکاندا، ڕۆڵی شاژنەکان و بنەماڵەکانیانی لە حکومەتی فەرمیدا کەم کردەوە، ژنی خێزاندار یان بێوەژن وەکوو پشتیوانی کولتووری و ئایینی گرنگ مانەوە و لە ڕووداوە سیاسی و سەربازییەکاندا ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو، تەنانەت ئەگەر مێژوونووسان دڵنیا نەبوون لەوەی کە ئایا ئەم ڕەفتارە گونجاوە یان نا، وەکوو سەدەکانی پێشووتر، زۆربەی ژنان لە بواری کشتوکاڵدا کاریان دەکرد، بەڵام لێرەدا ڕۆڵەکان بە ڕوونی به ڕەگەزی کران، بۆ نموونە کێڵان و بەڕێوەبردنی زەوی بە کاری پیاوان پێناسە دەکرا و بەرهەمهێنانی شیرەمەنیش کەوتە ژێر دەسەڵاتی ژنان.

 

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ژنان بەرپرسیارێتی دروست کردن و فرۆشتنی ئەو کحولاتەیان له ئەستۆ بوو کە پیاوان دەیانخواردەوە، لە ساڵی ١٦٠٠ پیاوان ئەم ڕۆڵەیان گرتە ئەستۆی خۆیان، هۆکارەکانی ئەم بابەتە بریتین لە گەشەی بازرگانی، دروست بوونی زێڕ، گۆڕانی تەکنەلۆژیا، ڕێسا نوێیەکان و دەمارگرژییەکی بەربڵاو کە ژنانی بیرەسازکەریان بە سەرخۆشی و نائارامی تۆمەتبار دەکرد، مەیخانەکان هێشتا ژنانیان دامەزراند بۆ خزمەت کردنی مەیخۆرەوەکان، ئەم ئەرکە بە ئەرکێکی نزم و کەم پاداشت کە شارەزاییەکی زۆری پێویست نییه، دادەنرا.

 

لە کاتێکدا سەردەمی تیۆدۆر زانیاریی زۆر سەبارەت بە ژنانی ئەرستۆکرات، بە تایبەت هاوسەرانی ناو دەربار و شاژنەکان به دەستەوە دەدات، مێژوونووسان بەڵگەی کەمیان لەبارەی ژیانی مامناوەندی ژنانەوە دەست کەوتووە، سەرەڕای ئەوە، شیکارییەکی ئاماریی بەرفراوان هەیە بۆ داتاکانی ژمارەی دانیشتووان کە ژنان لەخۆدەگرێت، بە تایبەت لە ڕۆڵی منداڵ هێنانیاندا، ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگە له قۆناغی مێژووییدا تاڕادەیەک بێ سنوور بوو، سەردانکەرانی ئیسپانی و ئیتاڵی بۆ ئینگلتەرا بە بەردەوامی و هەندێکجاریش لەسەر ئازادیی ژنان لە ئینگلتەرا بە پێچەوانەی کولتوری ناوماڵی خۆیانەوە لێدوانیان دەدا، ئینگلتەرا لە هەموو شوێنێکی دیکەی ئەوروپا ژنانی خوێندەواری زیاتر بوو.