شلێر بە بەخێوکردنی پەلەوەر بژێوی ژیانی دابین دەکات

ژنانی کورد هەر لە کۆنەوە تا ئێستا ڕەنج و ماندووبونی زۆریان بینیوە بە تایبەتی لە گوندەکاندا، شلێریش وەکو ژنێکی گوند بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی پەلەوەر بەخێو دەکات.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ژیان کردن لە گوندەکاندا قورسی و بارگرانی خۆی هەیە، بەڵام ژنان لەو بوارەشدا شوێن دەستیان دیارە و پشتیان بە خۆیان بەستووە، بێ گوێدانە هیلاکبوون بە بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەر بژێوی خۆیان دابین دەکەن، هەرچەندە لە ئێستادا گوندەکان خەریکە چۆڵ دەبن و خەڵکی ڕوو لە شارەکان دەکەن، بەڵام بەشێک لە ژنان هەر سەر کولتووری خۆیان ماون و لە گوندەکاندا سەرقاڵی ئاژەڵداری و بەخێوکردنی پەلەوەرن.

 

کاتژمێر ٦ی بەیانی هەڵدەستێت بۆ خزمەتکردنی پەلەوەرەکانی

شلێر محەمەد، ژنێکی دانیشتووی گوندی سابوراوای سەر بە پارێزگای سلێمانییە، ماوەی ٣١ ساڵە لە گوند خەریکی بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەرە، بەیانیان کاتژمێر ٦ لە خەو هەڵدەستێت و خەریکی دان پێدانی پەلەوەرەکانیەتی و دواتر دەیانباتە دەرەوە بۆ ئەوەی خۆراکی خۆیان بخۆن، ئێوارەش دەگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان، مریشک و قازەکان بە شلێرەوە پەیوەستن و هەر دەنگی ببیستن دێن بۆلای، شلێر ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ ئەو ئاژەڵ و پەلەوەرانەی بەخێوی دەکات و هەست بە دڵخۆشی دەکات لەگەڵیان.

 

شلێر بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان پشتی بە بەخێوکردنی پەلەوەر بەستووە، چونکە سوودێکی باشی هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤیش، پەلەوەرەکانیشی هیچ ماددەیەکی کیمیاییان پی نادرێت و بۆ پێگەیشتنیان نزیکەی ساڵێکی دەوێت و خزمەتێکی زۆریان دەکات، چونکە ئەوانیش پێویستیان بەو خزمەتەیە، شلێر دەڵێت: لەبەر ئەوەی خەڵکی گوند بەیانیان زوو هەڵدەستن لە خەو و شەوان بەهۆی هیلاکی ڕۆژەوە زوو دەخەون، تەندروستییەکی باشتریان هەیە.

 

"لە کۆندا خواردنی مریشکی کوردی بۆ چارەسەری نەخۆشی بەکارهاتووە"

بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەرەکان لە وەرزی زستاندا بۆ شلێر قورسترە، چونکە لەو کاتانەدا کەشوهەوا ساردە و نابێت ببرێنە دەرەوە و لە ماڵەوەش خواردنێکی زۆریان پێویستە، پەلەوەرەکانی زیاتر حەزیان بە خواردنی سەوزاییە، بۆ زیادبوونی پەلەوەرەکان شلێر هێلکەکانیان کۆدەکاتەوە و دواتر دەیاننێتەوە بۆ ئەوەی هێلکەکان هەڵبهێنێت و ببن بە جوجەڵە، دوای هەڵهێنانیان جوجەڵەی قاز دەبێت تا ماوەیەک نانی نەرم بخوات، جوجەڵەی قەل دەبێت هێلکە بخوات تا تەمەنی دەگاتە ٢٥ ڕۆژ، جوجەڵەی مریشکیش سەرەتا شەکراویان پێ دەدرێت تا بەرگرییان زیاتر بێت و دواتر پرپۆڵەیان پێ دەدرێت تا فێری خواردنی گەنم دەبن.

 

شلێر دەڵێت: ئەو مریشکە کوردییەی بەخێوی دەکەین لە کاتی لێنانیدا زۆر جیاوازە لەو مریشکەی لە دەواجینەکاندا بە ماددەی کیمیایی گەورە دەکرێت، هەر لە کۆنیشدا ئەگەر کەسێک نەخۆش بوایە، پێشنیاری خواردنی مریشکی کوردیان بۆ کردووە و بۆ چارەسەری زۆربەی نەخۆشییەکان بەکارهاتووە.

 

شلێر لە کۆتایدا وتی: ژنی کورد هەر لە کۆنەوە تا ئێستا ئەرکی قورس بووە، بە تایبەتی ژنانی گوندەکان، ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی بوارەکانی ژیانەوە کار ئاسانییەکمان بۆ دروستبووە، هەروەها پێویستە هەموو ژنێک هەوڵ بدات و لەسەر پێی خۆی بوەستێت، بژێوی ژیانی خۆی دابین بکات لە ڕێگەی هەر کارێکەوە بێت.