شیلان شاکر: لە هەر وڵاتێک داگیرکاری هەبێت، دەبێت ژنان پێشەنگایەتی بکەن

شیلان شاکر باس لە دەرئەنجامەکانی کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەکات و ڕایگەیاند، ژنانی بەشداربوو جەختیان لە ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان کردەوە، کە مۆری خۆی لە کۆنفرانسەکە دا.

تەوار پێنجوێنی

 

بەیروت- ڕۆژانی ١٨-١٩ی ئاب، لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژین-ی ژنان و کۆمەڵەی کولتووری و کۆمەڵگەیی نەورۆز، بە دروشمی" بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، ئەزمونی تەڤگەری ژنان بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانە هەرێمییەکان" بە بەشداری زیاتر لە ١٠٠ ژن، لە ١١ وڵاتە بەڕێوەچوو.

 

ژنانی بەشداربوو بە جلی کولتووری وڵاتەکەیانەوە بەشدارییان کرد و لە ماوەی دوو ڕۆژدا دەربارەی، دەستوەردانی سیستمی جیهانی بۆ سەر ژنان لە سەدەی ٢١، ئەزموونی ژنانی کورد بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانی هەرێمی گفتوگۆ دەکەن، بە تایبەت لە بارەی تێڕوانینی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر ژنان و کاریگەرییەکانیان لەسەر بەرز کردنەوەی ئاستی تێکۆشان هەڵسەنگاندن کرا و گەشتنە ئەو دەرئەنجامەی، ژنان بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنی ژنانی ئێزدی و ئەفغانی و فەلەستینی و هەموو ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی هێرش و داگیرکاری دەبنەوە.

 

پەرەپێدان بە سیستمی هاوسەرۆکایەتی، کارکردنی پێکەوەیی ژنان لەپێناو پاراستنی مافی مرۆڤ و ژنان، ڕێکخستنی کۆنفرانسێکی ناوچەیی ژنان بە ئامانجی هەماهەنگیی و پەرەپێدانی خەباتی هاوبەشی ژنان و یەکخستنی ئەزموونی ئێستای ژنان وەک ئامرازێک بۆ خۆپاراستنی ژنان بەرامبەر ئەقڵییەتی پیاوسالاری بە هەموو دامودەزگا و ئامرازەکانییەوە، دامەزراندنی پەیماننامەیەکی هاوبەشی هەرێمیی ژنان بۆ کۆکردنەوەی دیدگاکان جیاوازەکان، پێکهێنانی لیژنەی مافی مرۆڤ و دەستپێکردنی هەڵمەتە ستراتیژییە ناوچەییەکان بۆ داوای ئازادکردنی بیرمەندی ئەنتەرناسیۆنالیستی کورد و دیلی بیری ئازاد و دۆستی ئازادیی ژن، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، که هەمیشه پێی وابووه خەباتی ژنان زامنی ئاشتی بەردەوام و دیموکراسی ڕاستەقینەیە، لە گرنگترین دەرئەنجامەکانی کۆنفرانسەکە بوو، کە تیایدا ژنان بڕیاریی کاری پێكەوەیی و یەکگرتنی ژنیاندا بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی".

 

تێکۆشانی ژنانی کورد جێی بایەخی ژنانی بەشداربووی کۆنفرانسەکە بوو

شیلان شاکر، ئەندامی ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنی کورد-ڕێپاک، لە ماوەی دوو ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا بەشداری کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە کۆنفرانسەکە تا ئاستێکی باش سەرکەوتووە، بەو پێیەی یەکەمجارە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەبارەی تێروانی ڕێهەڤاڵی ژنان؛ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، ژنان بێنە لای یەک و گفتوگۆ لە تێکۆشان و ئەزموونی ژنان بکەنەوە، وتیشی: ژنانی بەشداربووی کۆنفرانسەکە، لێگەڕینیان بەدوای دروشمی ژن، ژیان، ئازادیدا دەکرد و ببووە جێی سەرنجیان، پرسیاریان لەبارەی فکر و فەلسەفەی پشت ئەو دروشمەوە بۆ دروستبوو کە مێژوویەکەی ٤٠ ساڵە لە پشتیدا خۆی حەشارداوە، هەریەکەو لەلای خۆیەوە پرسیاری دەکرد، تا زیاتر لەبارەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و مێژووی تێکۆشانی ژنان و ڕەنج و شەهید دان و دەستکەوتەکانی ژنان بزانن، هەروەها تێکۆشانی ژنانی شەنگال، کە چۆن دوای ئەو کۆمەڵکوژییەی بەسەریاندا هاتووە، توانیویانە خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و پێشەنگایەتی کۆمەڵگەیەک بکەن بۆ هەنگاونان بەرەو ئازادی و دیموکراسی، جێی بایەخیان بوو.

 

داوای ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان مۆری خۆی لە کۆنفرانس دا

لە درێژەی قسەکانیدا شیلان شاکر، ئاماژەی بەوەدا کە داواکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان مۆری خۆی لە کۆنفرانسەکە دا، بەوەی ژنانی ١١ وڵات کە بەشداربوون هیچیان ناکۆک نەبوون لەسەر ئەوەی کە ڕێبەر ئۆجالان، ڕێهەڤاڵ و هاوڕێی ژنە و ئەمڕۆ توانویەتی بەرهەمێکی بێ وێنە پێشکەش بە ژن بکات، وتیشی: ژنی هیچ وڵاتێک نەیوت کە ئۆجالان، عەرەب، تونسی، فەلەستینی نییە، بە پێچەوانەوە، دوای پانێڵەکان جەختیان لەوەکردەوە کە چۆن ژنی کورد تێكۆشانی کردووە، دەبێت ئێمەش وەک ژنانی نەتەوەکانی دیکە کار و تێکۆشان بکەین تا بە شێوەیەکی جەختەیی ئازادی ڕێبەر ئۆجالان دەستەبەر بکەین.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا شیلان شاکر باسی لە گفتوگۆکانی ناو پانێڵەکە کرد، کە بە کۆی باسەکانی کرا، گەشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی ژنان لە هەر جێیەک بن ڕووبەڕووی کوشتن، توندوتیژی، دەستدرێژی، هێرش و داگیرکاری دەبنەوە، ئەمەش لەلایەن سیستمی پیاوسالاری و دەسەڵاتداری و داگیرکاریییە، وتیشی: خاڵی هاوبەش کە ئێمەی ژنان لەسەری کۆک بووین، داگیرکارییە، هەڵبەت بۆ گەلی کورد، داگیرکاری ئەو خاڵەیە کە پێویستی بە تێکۆشانی هاوبەش هەیە، لە کۆنفرانسەکەشدا ئاماژە بەوەکرا، کە لە هەر وڵاتێک داگیرکاری لەسەر پێکهاتە و باوەڕی و لایەنێک هەبێت، دەبێت ژنان پێشەنگایەتی ئەو تێکۆشانە بکەن، تا هێرش و داگیرکاری و دەسەڵاتداری تێکبشکێنرێت.