بە هەزاران کەس بۆ ئاشتی دەچنە مەیدانەکان

بە هەزاران کەس بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئاشتییەوە لە ١ی ئەیلولدا هاواریان بۆ داواکاریی ئاشتی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

بەبۆنەی ١ی ئەیلول ڕۆژی جیهانی ئاشتی لە چەندین ناوچەی تورکیا و باکوری کوردستان چالاکی ئەنجامدراو بەشداربووانی گردبونەوەکە بەکۆی دەنگ داواکاری خۆیان بۆ "ئاشتی" دەربڕی.

 

ئیستەنبوڵ

هێزەکانی کار و ئاشتی و دیموکراسی ئیستانبول لە ١ی ئەیلول ڕۆژی جیهانی ئاشتی لە مەیدانی کادیکۆی ئیسکەل بە دروشمی "جەنگ مردنە، ئاشتی ژیانە" چالاکییەکی جەماوەرییان ئەنجامدا.

 

لە مەراسیمەکەدا نوێنەرانی هێزەکانی کرێکاران، ژنان، گەنجان، ئەندامانی دەستپێشخەریی دایکانی ئاشتی، دایکانی ئێشکگری دادپەروەری، دایکانی شەممە و پارێزەرانی ماف بەشداریان کرد.

 

ئەنقەرە

ڕۆژی جیهانی ئاشتی ١ی ئەیلول بە پێشەنگایەتی هێزەکانی کرێکاران و دیموکراسی بە دروشمی "داگیرکاری تێکدەشکێت، ئەوانەی بەرگری دەکەن سەردەکەون" لە ئەنیتپارک دەستیپێکرد ڕێکخراوە کرێکاری و دیموکراسییەکان و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هاوڵاتیان ئامادەی گردبونەوەکە بوون، دەقی هاوبەشی تورکی و کوردی کە لەلایەن هێزەکانی کرێکاران و دیموکراسییەوە ئامادەکرابوو خوێندرایەوە.

 

ئیزمیر

بە پێشەنگایەتیی هێزەکانی دیموکرات و کرێکاران، لە مەیدانی جمهورییەت چالاکییەک ئەنجامدرا، لە چالاکییەکەدا کە تێیدا پانکارتی "ئێمە لە دژی شەڕ و هەژاری و گەندەڵی و جینۆسایدی سروشت و ژنان ئاشتی دەپارێزین" بەرزکرایەوە، دایکی ئاشتی بەهیە یاڵچن قسەی کردو وتی: "ئێمە دەمانەوێت دایکان چیتر نەگرین ئێمە لە هەموو شوێنێکی جیهان ئاشتیمان دەوێت جەنگ مردنە، کۆمەڵکوژییە".

 

ماردین و جۆلەمێرگ

بە پێشەنگایەتی پلاتفۆرمی دیموکراتی و کرێکاری ماردین ڕێپێوانیک ڕێکخرا و داوای وەستاندنی شەڕ و پێکهێنانی ئاشتی کرا  لە جۆلەمێرگیش دایکان لەچکە سپیەکانیان فڕێدایە ناو ڕووباری زاپ.

 

شرناخ

گردبونەوە بۆ ١ی ئەیلول بە پێشەنگایەتی پارتی دیموکراتی گەلان لە شرناخ بە دروشمی "جەنگ مردنە ئاشتی ژیانە" لە مەیدانی نەورۆز لە ناوچەی سلۆپی بەڕێوەچوو بانگەوازی کرا کە بە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ کورد سیاسەتی شەڕ ڕابوەستێنن.

 

بەناوی کۆمیتەی ئامادەکارییەوە، سەبوحە ئاکداغ هاوسەرۆکی هەدەپەی شرناخ سەرنجی خستە سەر ئەو ژنانەی کە لەلایەن پاسەوانی گوندەکان، پۆلیس یان سەربازەوە کوژران و وتی: "ئێمە ڕێگری لەو سیاسەتانە دەکەین و دژی ئەو کۆمەڵکوژیانە تێدەکۆشین".