سارا شەریفی بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە لە نیشتمانەکەیدا درێژە بە خەباتی ئازادی ژنان دەدات
سارا شەریفی هەر لە منداڵییەوە لە توندوتیژی و شەڕدا ژیاوە، لە داگیرکاری سۆڤیەتەوە تا ڕژێمی تاڵیبان، شایەتحاڵی بابەتی ئازار و وێرانکاری بووە، بەڵام ئەو تەنها مانەوەی لە ژیاندا هەڵنەبژارد، بەڵکو ئازارەکانی گۆڕی بۆ هێز.
بەهاران لەهیب
کابول- ژنانی ئەفغانستان بەرگەی دەیان ساڵ لە ستەم و توندوتیژییان گرتووە، کە لە داگیرکاری سۆڤیەتەوە دەستی پێکردووە و لە ڕێگەی شەڕە ناوخۆییەکانەوە بەردەوام بووە و گەیشتووەتە لوتکە، ڕژێمی تاڵیبان ئازادییەکانی بە توندی بەرتەسک کردووەتەوە، سەرەڕای ئەمەش ژنان خۆڕاگرن و بەردەوامن لە خەباتی خۆیان بۆ پەروەردە و مافە سەرەتاییەکان لەم هەلومەرجە سەخت و نامرۆڤانەکانەیەدا.
سارا شەریفی "ناوێکی خوازراو" چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە، کە تەنها گێڕانەوەی سەختی نییە، بەڵکو بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر خۆڕاگری و هیوای ژنانی ئەفغانی، دوای داگیرکاری سۆڤیەت بۆ سەر وڵاتەکەی لە بارودۆخێکی نامرۆڤانەدا گەورە بووە و ناچار بووە کۆچ بکات، بەڵام هەرگیز وازی لە خەونەکەی نەهێناوە، بە ئیرادەیەکی بێ چەواشەکارییەوە لە نیشتمانەکەیدا درێژە بە خەباتی ئازادی ژنان دەدات، بۆتە دەنگێک بۆ بێدەنگەکان و نموونەیەک بۆ ژنان کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان گۆڕانکاری دروست دەکەن.
لە سەرەتای چیرۆکەکەیدا، وتی: لە یەکێک لە سەردەمیترین گەڕەکەکانی پایتەختدا دەژیم، لە لەدایکبوونمەوە وڵاتەکەم لە ژێر بوونی سۆڤیەتدا ئازار دەچێژێت، باوکم کە نەیارێکی توندی حکومەتی لایەنگری سۆڤیەت بوو، دووجار لە زیندانەکانی پارتی "خەلق" و "بەرجەم"ەدا دەستگیرکرا، کە بانگەشەی پابەندبوونیان بە ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیستەوە دەکەن، لەکاتێکدا پراکتیزەکانیان نزیکبوو لە فاشیزم، کە چۆن نیشتمان و خەڵکیان فرۆشت بۆ دەسەڵات و کاریگەریی.
ئاماژەی بەوەشکرد، باوکم هەندێکجار باسی دڵتەزێنی ئەو ئەشکەنجەیەی دەگێڕایەوە کە لە زیندانەکانی ڕێکخراوی موجاهیدینی "خەلق" و "بەرجەم" دا "PMOI/MEK" لەو سەردەمەدا بەرگەی گرتبوو، هەروەها ئەمانە چیرۆکی لێدانی دڕندانەی بێڕێزیکردنبوون کە ئاراستەی دایکی و خوشکەکەی دەکرا، وەکو، ڕووتکردنەوە، ڕشتنی ڕۆنی گەرم بەسەریدا، دەرهێنانی نینۆکی پەنجە، کارەبا لێدان، دەستگیرکراوەکان ناچار بوون بۆ چەند کاتژمێرێک بوەستن و تەنانەت هەندێکیان بە زیندووی نێژران، هێزەکانی سۆڤیەت و هاوپەیمانە ناوخۆییەکانیان هێرشیان دەکردە سەر گوندەکان و ئەگەر ڕووبەڕووی بەرخۆدان ببنەوە، بە تۆپبارانی قورس و دڕندەیی بێ کۆتا وەڵامیان دەدایەوە، لە ناو ئەم دۆزەخەدا، ئەمریکا، پاکستان، ئێران و سعودیە دۆخەکەیان قۆستەوە و حەوت پارتەکەیان لە پێشەوە و هەشت کوتلەی توندڕەوتر دامەزراند، بەمەش قۆناغێکی نوێی ململانێکان دەستپێکرد.
"ژیان تێکەڵەیەک بوو لە ترس و بێدەنگی"
سارا شەریفی ڕایگەیاند، هێشتا لە مێشکمدا زیندووە، من ئەو کاتە منداڵ بووم، لەگەڵ خێزانەکەم لە ناوچەیەکدا دەژیام کە لەلایەن پارتی ئیسلامییەوە بە سەرۆکایەتیی گولبەدین حیکمەتیار، کە بە ''قەسابی کابول'' ناسراوە، بەرێوەدەبرا، لە کاتێکدا هێزەکانی ئەحمەد شا مەسعود لە نزیکەوە جێگیر بوون، کە پێکدادانەکانی نێوان هەردوو لایەنەکە هەرگیز نەدەوەستا، بە شەو و ڕۆژ.
ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرجار دایکم نەیدەتوانی خواردنمان بۆ دروست بکات، چونکە ئێمە لە ژێر زەمینەکەی ماڵەکەماندا دەژیاین، دایک و باوکم دراوسێکانیشمانیان داڵدە دەدا، پەنایان دەگرت لە تۆپبارانە بەردەوامەکان، ژیان لەوێ تێکەڵەیەک بوو لە ترس و خۆڕاگری، تەنها مانەوە بوو بە ململانێیەکی ڕۆژانە.
وتیشی: لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕەکەدا، ناچار بووین بۆ ماوەی دوو هەفتە ماڵەکەمان بەجێبهێڵین و بەدوای شوێنێکی پارێزراوتردا بگەڕێین کە دوور بێت لە هێڵی پێشەوە، لەگەڵ گەڕانەوەماندا دایک و باوکم بڕیاریاندا بماننێرنەوە بۆ زێدی خۆمان، کە دۆخەکە سەقامگیرتر بوو، بۆ ئەوەی لەگەڵ خزمەکانمان بمێنینەوە، جیابوونەوەکە بە ئازار بوو، چونکە ئێمە بە قووڵی وابەستەی شارەکەمان بووین، لەگەڵ دایک و باوکمان بە زۆر و بە گریانەوە ڕۆیشتین، دوای زیاتر لە مانگێک من و خوشک و براکانم کۆچمان کرد بۆ پاکستان بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە خوێندن، دوور لە گەرمی خێزانەکەمان، بۆ ئەوەی ژیانێکی نوێ دەست پێ بکەین کە نەماندەویست، لەو ساتەوەختەوە کۆچ بۆ من هاوواتای نامۆبوون و بێبەشبوون بوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دایکم دڵتەنگی خۆی بۆ ئێمە نیشان نەدا، بەڵام شەو و ڕۆژ دەگریا، هاوڕێکانی دواتر پێیان وتم، بەهۆی توندی ئازارەکەوە نەخۆش کەوتوە، سەرەڕای ئەمەش هەرگیز لە پشتیوانیکردنمان نەدەوەستا و بە هەموو توانای خۆیەوە هەوڵیدا بۆ ئەوەی وەک ژنێکی هۆشیار و چالاک پەروەردەمان بکات، ئەو پاڵەوانێک بوو لە چاوەکانمدا، ژنێکی چاونەترس بوو کە بەردەوام قسەی لەگەڵ دەکردم، هانی دەدام بۆ ئەوەی بخوێنم، ئیرادەی لە مندا چاند، بەبێ پشتگیری ئەو ئەمڕۆ ژنێکی نەخوێندەوار دەبووم.
وتیشی: دوای ساڵانێک لە جیابوونەوە، گەڕامەوە بۆ ئەفغانستان، تەنها پێش ڕووخانی یەکەم حکومەتی تاڵیبان، دایکم نەخۆش بوو، بەڵام گلەیی نەکرد، هەروەها دەمزانی کە ئازاری ڕاستەقینەی لە جیابوونەوە لە منداڵەکانی بووە، لە ناوچەکەی ئێمە تاکە ژنی خوێندەوار بووم، لە کاتێکدا ژنانی گەنجی هاوتەمەنم بە بێ خوێندن مانەوە، لە سایەی پێگەی دایکم و ئەو ڕێزەی هاوڵاتیان هەیانبوو بۆی، پێکەوە خولێکی بێبەرامبەرمان بۆ پەروەردەکردنی ژنانی گەنج دامەزراند.
ڕاشیگەیاند: کاتێک لە پاکستان خوێندنم تەواو کرد، ئیتر بەرگەی دووربوونم لە دایکم نەدەگرت، بۆیە بۆ هەمیشە گەڕامەوە بۆ ئەفغانستان، لە سەردەمی یەکەمین دەسەڵاتی تاڵیبان بوو، ئەو کاتەی کابول بووبوو بە ناوچەی کارەسات، ناچار بووم چەند کاتژمێرێک لەناو پاسەکەدا چاوەڕێبم تا پڕ بوو و بجووڵێت، ناچار بووم بورقا لەبەر بکەم، هەروەها ئەندامانی تاڵیبان ئەو کێبڵانەیان هەڵگرتبوو کە بەقامچیی لەو ژنانەیان دەدا کە بە "بێ ڕەوشت"ی دەزانی، ڕقم لە ڕۆژانی هەینی بوو، چونکە هەموو هەینییەک لە یاریگای کابول بە تۆمەتی دزی ئەندامەکانی هاوڵاتیانیان دەبڕییەوە، هەروەها تەرمی هاوڵاتیان یان ئەندامەکانیان لە گۆڕەپانە گشتییەکاندا هەڵدەواسی وەک ئاگادارکردنەوەیەک بۆ کەسانی دیکە.
"کوشتن و مردن بوو بە بەشێک لە ڕاستی ڕۆژانەمان"
سارا شەریفی ڕۆژی هەینی بە "ترسناک" پێناسە دەکات، وتی: زەرمینە، ئەو ژنەی کە سێدارەدانەکەی لەلایەن ڕێکخراوی "راوا" بەڵگەی لەسەر کراوە، لە دیمەنێکدا لەسێدارەدراوە کە جێپەنجەیەکی قووڵی لەسەر یادەوەری ئەفغانییەکان بەجێهێشتووە، پاشان وڵاتەکە گیرۆدەی توندوتیژی و وێرانکاری بوو، کە کوشتن و بڕینی بەشەکانی جەستە ناوازە نەبوو بەڵکو بەشێک بوو لە ژیانی ڕۆژانە، ئەفغانستان بووبوو بە خاکێکی نزیک لە بێ دانیشتووانی، نەبوونی ئاسایش بەو واتایە بوو کە سەردانی هاوڕێیان تاکە جۆری کات بەسەربردن بوو بۆ ژنان، خزمەتگوزاری ڕاستەقینە نەبوو، خوێندنیش تەنها بۆ پیاوان سنووردار بوو و بابەتی زانستیش نەبوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێشتا کۆمەڵکوژی بامیان و وێرانکردنی پەیکەرەکان و سووتاندنی زەوی و ماڵەکان و ئەو کۆمەڵکوژییەی لە مەزار شەریف دژی هەزارەییەکان ئەنجامدرا لەبیرمە، هەروەها یەکەم هێرشی ئاسمانی ناتۆ و ئەمریکا بۆ سەر کابول لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠١ دا، کاتێک بنکەیەکی سەربازی لە نزیک ماڵەکەمان لە کاتژمێر ٧:٠٠ی ئێوارەدا کرایە ئامانج''.
سەبارەت بە دۆخی ژنان لە دوای ڕووخانی حکومەتی تاڵیبان، وتی: هەناسەیەکی ئارامیان هەڵکێشا و بورقاکانیان لابرد و گەڕانەوە بۆ خوێندنگە و زانکۆکان و پەیوەندییان بە ڕێکخراوەکانی مافی ژنانەوە کرد، شاهیدی ئەم گۆڕانکارییە لەناکاوە بووم لە ستەمەوە بۆ ڕواڵەتێکی دیموکراتیکی، منیش لە کابول دەستم بە خوێندنی زانکۆیی کرد، بەبێ ئەوەی دایکم ئامادەبێت، بەڵام یادەوەرییەکەی هەمیشە ئامادەبوو.
جەختی لەوە کردەوە، کە بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ سەرەڕای داگیرکاریی دەرەکی و گەندەڵی حکومەت، ژنانی ئەفغانستان درێژەیان بە خەباتی خۆیان دا و ئاستێکی بەرزی هۆشیاری سیاسییان بەدەستهێنا، پارتی هاوپشتی ئەفغانستان و ڕێکخراوی "راوا" ڕۆڵێکی سەرەکی و مێژووییان لەم پرۆسەیەدا گێڕا، بە بیرمە چوار ساڵ لەمەوبەر کاتێک تاڵیبان وردە وردە دەستیکرد بە وەرگرتنەوەی کاریگەرییەکانی، وەک ئەوەی دەسەڵات لەسەر تاوەیەکی زیوین ڕادەستیان کرابێت، لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە هەڵمەتی پەرەپێدانی دەسەڵاتی گەشەسەندنیان هەبووە، تاوەکو سەرهەڵدانیان بووە ڕاستی.
''هێزەکە لە خۆڕاگری ژنان وەردەگیرێت''
سارا شەریفی لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: ئەمڕۆ ژنێکی خوێندەوارم، لە دوورەوە بە شێوەی ئۆنلاین کار دەکەم، بەڵام ئەوە واتای ئەوە نییە کە بەرگریم لە ئازار هەیە، هەندێک جار تەنانەت هەناسەدانیش دەبێتە بارگرانی، حەسرەتم زاڵ بووە تا ئەو ڕادەیەی کە ناتوانم پەناگەیەک بۆ هەستەکانم بدۆزمەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک بیر لە دۆخی نالەباری ئەو ژنانە دەکەمەوە کە ستەمیان لێدەکرێت نەک تەنها لەلایەن کۆمەڵگەوە، بەڵکو لەلایەن دەوڵەت و بنەماڵەشەوە، هێز پەیدا دەکەم بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەم ڕێگایە، بۆ ئازادی ژنان لە وڵاتەکەمدا، تا لە چنگی پیاوسالاری و توندڕەوی ڕزگاریان بێت، ڕەنگە نەتوانم ڕاستی خۆم یان ڕاستی ئەوانەی وەک خۆمن بگۆڕم، بەڵام باوەڕم وایە کە خەباتی ئەمڕۆم دەتوانێت داهاتوویەکی باشتر دروست بکات و دەرفەت بە نەوەکانی داهاتوو بدات کە ژیانێکی جیاواز لە ڕابردووی ستەملێکراومان بژین، ئەم باوەڕە ئەوەیە کە پاڵم پێدەنێت بۆ خۆڕاگری، سەرەڕای هەموو ئەو شتانەی کە قورسایی لەسەر دڵم هەیە.