سابرە خەلاف: لە تەمەنی ١٠ ساڵییەوە دەستم بە گەشتی ماسیگرتن کردووە

لە منداڵییەوە سابرە خەلاف بەستراوەتەوە بە ڕووباری نیلەوە، خولیای سەرەتایی بۆ ماسیگرتن گۆڕی بۆ پیشەیەک، کە بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ لە بەرامبەر توندی ژیانیدا بەردەوام بووە.

ئیمان سەمیر عەلی

 

میسر– لە کەناری ڕووباری نیل لە میسر، سابرە خەلاف دانیشتووە و تۆڕەکەی بەدەستەوەیە و هەوڵدەدات ئەو زیانانە چاک بکاتەوە کە کات و ئاوەکە تووشی بووە، ئەم ژنە لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا ڕێگایەکی جیاوازی لە کۆمەڵگەکەیدا هەڵبژارد، بووە یەکێک لەو کەمانەی کە ڕەنگە تاکە ژن بێت لە میسر کە ماسیگرتنیان کردووە بە پیشە و شێوازی ژیانیان.

 

سابرە خەلاف وتی: لە تەمەنی دە ساڵییەوە دەستم بە گەشتی ماسیگرتن کردووە، بەبێ ئەوەی هیچ ڕێنمایی و هاندانی خێزانەکەم پێبدرێت، نە باوکم و نە دایکم لەم پیشەیەدا کاریان کردووە، لە خولیایەکی سادەوە گۆڕا بۆ خولیایەک کە چل ساڵە لەگەڵمدا ماوەتەوە، هەروەها لە ماڵێکدا، گەورە بووە کە ڕووی لە ڕووباری نیل بووە و هەر لەوێوە چیرۆکەکەی دەستی پێکردووە، سەرەتا "سەرپۆش"ی بۆ ماسیگرتن بەکارهێنا، دواتر فێر بوو، تا بەدرێژایی ساڵ توانی بەلەمێک بۆ خۆی بکڕێت و ڕۆژانە کار لەسەر ئاوەکە بکات، هەروەها ئەوەی لەم پیشەیەدا هێشتوویەتییەوە پارە نییە، بەڵکو خۆشەویستییەکی چڕ و پڕی ئەوە بۆ ئەو پیشەیە، هەرچەندە داهاتەکەی بەزەحمەت پێداویستییەکانی ژیانی دابینکردووە.

 

باسی ڕۆژانی سەرەتای دەکات، ئەو کاتە سەختانەی بەبیر دهێتەوە کە خاوەنی بەلەم نەبووە، بەرمیلێکی دار بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی وەک بەلەمێک بەکاری بهێنێت و بەسەر ئاوەکەدا بڕوات، بە پێکەنینەوە وتی: پێشتر بەرمیلەم بەکاردەهێنا، دواتر توانیم بەلەمێک بەدەستبهێنم، بەڵام ئەو بەلەمەی کە بژێوی ژیانمی دابین دەکرد ئێستا وێران بووە و بەردەوام پێویستی بە چاککردنەوە هەیە، لە کاتێکدا توانای دابینکردنی تێچووی چاککردنەوەیم نییە.

 

ڕۆژەکەی لە ئێوارەوە دەست پێدەکات کاتێک دەچێتە خوارەوە بۆ ڕووبارەکە بۆ ئەوەی تۆڕەکانی دابنێت، بەیانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ڕاوەکانی کۆ بکاتەوە، لە وەرزی زستاندا بەهۆی سەرما و خراپبوونی تەندروستییەوە گەشتەکانی کەمتر دەبێت، بەتایبەتی دوای چەندین ساڵ بەسەربردنی و کارکردن لە ئاودا.

 

سەرەڕای سەختی پیشەکە، سابرە خەلاف وتی: کارکردن "شەرەف و کەرامەتە"، هەرگیز دەستی بۆ کەس درێژ نەکردووەتەوە، هەروەها پێی باشە پشت بە هێزی خۆی ببەستێت لە هەر بارودۆخێکدا بێت، ئاماژە بە پەنجە درزاویەکانی دەکات، کە ماندووبوونی دەستەکانی بۆ ئەو ئاسانترە لەوەی داوای یارمەتی لە خەڵک بکات.

 

بەڵام ڕێگاکە ئاسان نەبووە، جگە لە سەختی کارەکە، زۆرجار ڕووبەڕووی هەراسانکردن بووەتەوە لەلایەن هەندێک لە ماسیگرەکانەوە کە ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە بوونی ژنێک لەنێویاندا هەبووە لەسەر ڕووبارەکە، سەرەڕای ئەمەش هەرگیز بیری لەوە نەکردۆتەوە ئەو پیشەیە جێبهێڵێت کە لە منداڵییەوە پەیوەندی پێوەکردبوو، جەختیشی لەوە کردەوە، کە ڕاهاتووە ڕووبەڕووی ترس و تەنهایی ببێتەوە و شەوانە بەبێ دوودڵی لەناو ئاودا کاردەکات.

 

ئێستا سابرە خەلاف پشت بە خانەنشینییەکی کەمی "هاودەنگی و کەرامەت" دەبەستێت کە تەنها چەند سەد لیرەیەکی میسرییە، ئەو زۆر پێویستی بە تۆڕێکی نوێی ماسیگرتن و بەلەمێکی کارا و کارەبا هەیە بۆ پاراستنی ماسییەکانی کە لە گەرمادا بە خێرایی تێکدەچن، وتی:نەبوونی کارەبا هەندێکجار هەوڵەکانی بێهودە دەکات کاتێک دەبێت ماسییە خراپەکان فڕێبدات.

 

سەرەڕای هەموو ئەم سەختییانە، بەردەوامە لە گەشتە ڕۆژانەییەکەی بە درێژایی ڕووباری نیل، پابەندە بەو پیشەیەی کە لە منداڵیدا خۆی هەڵیبژاردووە، سەرپێچی لە بڕیاردانی کۆمەڵایەتی و بارودۆخە سەختەکان دەکات و پێی وایە بەرخۆدان و ماندووبوون تاکە ڕێگایە بۆ ژیانێک کە کەرامەتی مرۆڤ بپارێزێت.