کەسوکاری شەهیدان: دەچینە چیاکانی کوردستان بەرگری لە خاک و نیشتمانمان دەکەین

هاوکاریکردنی حزبی باشووری کوردستان و پێشرەویکردنیان بۆ داگیرکاران ناڕەزایەتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی لێکەوتووەتەوە و دەڵێن: خێزانی شەهیدان، ئەنفالکراوان و ئازادیخوازانی ناو زیندانەکان خاوەندارێتی لە باشووری کوردستان دەکەن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان بەردەوامی هەیە و زیندووکردنەوەی میساقی میلی عوسمانی و داگیرکردنی خاکی کوردستان بەشێک لە ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیایە، لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ەوە دەوڵەتی تورکیا هێرش و داگیرکاریەکانی چڕتر کردووەتەوە، لە ڕێگەی تانک و زرێپۆش و هێرشە ئاسمانییەکانەوە بەردەوامی دەدەن بە داگیرکاریەکانیان، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانیش دەڵێن، کە پەدەکە چاوساغی بۆ دەوڵەتی تورکیا دەکات و هۆکارە بۆ شەهیدبوونی هاوڵاتیان.

 

"هاوڵاتیان و خانەوادەی شەهیدان خاوەنداری لە باشووری کوردستان دەکەن"

بەیان فەرەج، هاوژینی شەهید بەکر، باس لەوە دەکات کورد بە ئامانجی ئازادبوون ڕەنج و قوربانی زۆری داوە، لە ڕاپەڕینەکاندا گەل توانی خاکی خۆی بە تێکۆشان ڕزگار بکات، بەڵام ئێستا ناڕەزایەتییەکانی گەل دژی داگیرکاری سەرکوت دەکرێت، وتیشی: خاکی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە لەسەر سینییەکی ئاڵتوونی پێشکەش بە تورکیای داگیرکەر کراوە، ئەوان هۆکارن بۆ نەبوونی نەوت بۆ خەڵک بەڵام بۆ وڵاتانی دیکەی دەنێرن، خانەنشینکراوان لەسەرەی مووچەکانیاندا دەمرن، هەبوونی ئەو کەمە ئازادییەی هەمانە هاوڵاتیان بە خوێنی خۆیان بەدەستیان هێناوە، دەسەڵاتداران خاوەندارێتی گەلی خۆیان ناکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا خێزانی شەهیدان و ئەنفالکراوان و ئازادیخوازانی ناو زیندانەکان خاوەندارێتی لە باشووری کوردستان دەکەن، هێرش و داگیرکارییەکان هاوڵاتیانی باشووری کوردستانی توڕە کردووە، وتیشی: هەبوونی ئەو دەسەڵاتەی باشووری کوردستان و ڕێگە خۆشکردن بۆ هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، هاوڵاتیانی باشووری کوردستانی دڵتەنگ دەکات، لە ئێستادا سەرۆکی حکومەت خاوەندارێتی لە باشووری کوردستان ناکات، بەڵام هاوڵاتیان و خانەوادەی شەهیدان خاوەندارێتی لە خاکی خۆیان دەکەن.

 

"گەلی کورد خاوەنی فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆیە"

بەیان فەرەج، ئاماژەی بەوەشدا ڕێبەر ئۆجالان لە زینداندا خاوەندارێتی تەواوی کورد دەکات، خەباتگێڕان لە هەوڵی وەدەرنانی دەوڵەتی داگیرکەردان وتیشی: خێزانی شەهیدان و ئەنفالکراوان بەردەوام خاوەنداریان لە خاک و وڵاتی خۆیان کردووە، کوردبوون سەختە بەڵام هەڵهاتن لێی نامەردییە، دەوڵەتی داگیرکەر بە ئاڵای تورکیاوە لە کوچە و کۆڵانەکانی هەرێمی کوردستاندا دەسوڕێنەوە، بەڵام کاتێک وەک نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان شاندێک دەچێتە وڵاتیان مافی هەبوونی ئاڵایەکیان پێنادەن، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت میساقی میلی زیندوو بکاتەوە، بەڵام ئەو خەونەی لە سەردەمی عوسمانییەکان هەیانبووە لە گڵی بنێن، لە ئێستاندا ئەنقەرە، ئیستەنبوڵ، ماردین و ئامێدی لەدەستی کوردان و ئاپۆچی دایە، هەروەها هەبوونی ئەو بەرخۆدانەی لە زاپ و مەتینان لە ئارادایە ڕۆژانە دەوڵەتی تورکیا شکست پێ دەهێنرێت، گەلی کورد لە ئێستاندا خاوەنی فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالانە بە ئاسانی ناتوێتەوە.

 

هەروەها وتیشی: لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە دەبینین فڕۆکە جەنگییەکانی داگیرکەران تێک دەشکێنن، ئەو سیاسەتە داگیرکاریەی لە باشووردا لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و دەسەڵاتدارانی ناوچەکەوە ئەنجام دەدرێت، ڕۆژێک بە کۆتای دەگات، لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوەی سوپای تورکیا بەردەوام سوپاکانیان تێکدەشکێت، کاتێک لە پلانێکی نێودوڵەتیدا ڕێبەر ئۆجالان دەستگیرکرا چەندەها ئازادیخواز گیانی خۆی کردە قوربانی، بە ئێستاشەوە چەندین بیرمەند لەسەر بەرخۆدانی کار دەکەن، ئەمە دەبێتە هۆکاری درێژەدان بە خەبات و کارکردن بۆ ئەو فکرەی هەیە.

 

"پێویستە خاوەنداری لە خوێنی شەهیدەکانمان بکەین و منداڵەکانمان لەسەر ئەو ڕێچکەیە پەروەردە بکەین"

هاوژینی شەهید بەکر، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: خێزانی شەهیدان بە ڕۆحیەتی سەفەربەری خاوەندارێتی لە خوێنی شەهیدەکان و خاکەکەیان دەکەن، بەشێک لە خۆفرۆشانی کورد سەردانەکانی دەوڵەتی داگیرکەر بۆ هەرێمی کوردستان بە باش دەزانن، لە کاتێکدا ئەردۆغان کەپرێک یان چادرێکی کورد ببینێت بۆردوومانی دەکات، هەروەها منداڵەکانی خۆیان دەنێرنە دەرەوەی وڵات و گەنجانی کورد بەرگری لە خاک و نیشتمان دەکەن، ئێمەی کورد پێویستە لە ڕێگەی بەرخۆدانەکانمانەوە کارمان دەرکردنی دەوڵەتی داگیرکەر بێت لە خاکەکەماندا، بۆ ون نەکردنی خوێنی شەهیدەکانمان دەبێت منداڵەکانمان پەروەردەی هەمان ڕێچکەی شەهیدانمان بکەین، ئەوەی لە ڕۆژئاوادا ڕویدا تەنها گەنجان نەبوون هەموو ئاستەکانی تەمەن بەرخۆدانیان ئەنجامدا، ئێمەی هاوڵاتی بەرگری لە خاک و نیشتمانی خۆمان دەکەین تا خوێنی شەهیدەکانمان ون نەکەین.

 

"دایکان منداڵەکانی خۆیان دەنێرن بەرگری لە نیشتمانی خۆیان بکەن"

لەیلا عەلی، دایکی شەهید هەڵمەت شاهین، ئاماژەی بەوەکرد، داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ خاکی باشووری کوردستان بەردەوامی هەیە، لە ئەنجامی هێرشەکاندا دایکان و ڕۆڵەکانی کورد دەبنە قوربانی دەسەڵاتێکی هەڵە، دەشڵێت: ئێمەی خانەوادەی شەهید بستێک لە خاکی خۆمان نادەینە گشت جیهان، بەردەوام دەبین لە بەرپەرچدانەوەی داگیرکەران، ئێمە ڕۆڵەکانمان نانێرینە دەرەوەی وڵات کەیف بکەن، هاوکاریان دەبین ڕوو بکەنە چیاکانی کوردستان تا بەرگری لە خاک و نیشتمانی خۆیان بکەن، هەردەم هاوکاری ڕۆڵەکانی کورد دەکەین بۆ بەرگریکردن لە خاکی خۆیان، ماوەی ٢٤ ساڵە لە هەرێمی کوردستاندا ژیان دەکەم بۆ من خاکم پیرۆزە و خاکی خۆمان نادەینە دەست داگیرکەران، ڕێگە نادەین خاکمان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بازرگانی پێ بکرێت، شەهید هەڵمەت بۆ پاراستنی خاکی خۆی دەیوت، "ئێمەی کورد دەچینە چیاکان بەرگری لە خاک و نیشتمانمان دەکەین، ناچینە ئەوروپا خاکی خۆمان بەجێبهێڵین بۆ داگیرکەرانمان.

 

دایکی شەهید هەڵمەت شاهین ئاماژەی بەوەشدا، ئیدانەی تەواوی هێرش و داگیرکارییەکان دەکەن، پێویستیشە دایکانی شەهید و بنەماڵەی شەهیدان دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەنگی خۆیان بڵند بکەن، وتی: ئێمەی خێزانی شەهیدان لەسەر فکری ڕێبەر ئۆجالان درێژە بە خەباتمان دەدەین، هەروەها بەرگری لە خاک و نیشتمانی خۆمان دەکەین.

 

لە کۆتاییدا وتی: ئێمەی دایکان لە بەرامبەر خاکی خۆمان منداڵەکانمان دەبەخشین، ڕاستە ئازارێکی قورسە بۆ ئێمە، بەڵام داگیرکردنی خاکی ئێمەش قورسترە، بۆیە لە پێناویدا شەهید دەدەین، پێویستە تەواوی گەلی کورد دژی داگیرکەری تورکیا بەرخۆدان ئەنجام بدات.