بەهار بە گیای سروشتی چارەسەری سروشتی پێشکەش دەکات

بەهار مەجید، چارەسەرکاری سروشتییە و دەڵێت: ژنان لە ناسینی گیا سروشتیەکان زیرەکانە شارەزایی پەیدا دەکەن و بوونەتە چارەسەرکارێکی باش لە دونیای ڕووەکناسیندا.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- چارەسەری نەخۆشییەکان بە گیای سروشتی مێژوویەکی کۆنی هەیە، پزیشکەکان لە سەردەمی کۆندا پەنایان بۆ جۆرە ڕووەک و گیا سروشتییەکان بردووە، کە بوونەتە هۆکاری چارەسەری نەخۆشیەکان، لە سەدەکانی پێشووتر بە هۆی ئەوەی زانستی پزیشکی نەگەیشتبووە ئەو ڕادەیەی نەشتەرگەری ئەنجام بدرێت، پزیشکەکان وانەی تایبەتیان دەخوێند بۆ شارەزابوونی ڕووەکەکان و لەسەر ئەو بنەمایە شارەزاییان لە سروشتەوە وەردەگرت، بۆ نمونە وڵاتی چین و هیندستان یەکێک بوون لەو وڵاتانەی کە یەکەمی ڕکابەری وڵاتەکانی تر بوون بۆ ڕووەکە سروشتییەکان، لە چین جینسینگ نمونەی ئەو ڕووەکەیە کە بۆ زۆر نەخۆشی بەکارهێنراوە، هیندستان بە ڕووەکی زەردەچەوە بەناوبانگ بوون، کە تا ئێستاش بۆ زۆر نەخۆشی بەکاردەهێنرێت.

 

کوردستانیش خاکی دەوڵەمەندە بە ڕووەکە سروشتییەکانی و بۆ زۆرترین نەخۆشییەکان بەکاردەهێنرێن، لەوانە؛ نێرگز، گوڵە بەیبوون، چاترە، ڕیحانە، گوڵی شلێر، گوڵی وەنەوشە ...هتد، بەهۆی ئەوەی ژنان پەیوەندی راستەوخۆیا لەگەڵ سروشتدا هەیە، لە مێژووەوە دەستێکی باڵایان هەیە لە شارەزابوون و بەکارهێنانی گیا سروشتیەکان بۆ چارەسەری نەخۆشیەکان.

 

بەهار مەجید، چارەسەرکارێکی سروشتییە و شارەزایە لە گیادەرماندا، لە دایکبووی شاری سلێمانییە و لە ساڵی ٢٠١٦ەوە دەستی بەکاری ڕووەکناسین و چارەسەری نەخۆشیەکان بە رێگەی سروشتی کردووە، هەروەها بەو داهاتەی دەستی دەکەوێت، توانیویەتی پاڵپشتی خێزانەکەشی بێت.

 

هەر دەرمانێکی گیایی دروست دەکرێت پێش بەکارهێنانی دەخرێتە ژێر چاودێرییەوە"

بەهار مەجید ئاماژەی بەوەدا کە پێش خۆیان ئامانجیان خزمەتکردنە بەخەڵک، هەروەها لە دوای بەشداریکردنی لە چەند خولێکی کۆمەڵەی ڕووەکناسانەوە دەستی کردووە بە چارەسەری گیا دەرمانی و دەشڵێت: هەر دەرمانێکی گیای دروست دەکرێت، دەخرێتە ژێر چاودێری و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، پاشان دەتوانین وەک چارەسەر بە کاری بهێنن، چونکە ئێمەی ڕووەکناس مامەڵە لەگەڵ رۆحی مرۆڤەکان دەکەین، لەبەر ئەو هەمیشە خول دەبینین و زیاتر شارەزا دەبین لە بوارەکەدا.

 

بەهار مەجید تیشکی خستەسەر گیا دەرمانییەکان کە هەر ڕووەکێکی سروشتی چەندین سوودی تەندروستی هەیە، بەڵام گرنگە بزانرێت کە چ سوودێکی هەیە و لە بەرامبەردا چ زیانێکیش بە جەستە دەگەیەنێت، نمونەی جاترە دەهێنێتەوە، کە کرداری هەرس چالاک دەکات، بەڵام زیانیشی هەیە و فشاری خوێن-زەخت دادەبەزێنێت، بۆ ئەوە دەبێت بە شارەزاییەوە بەکاربهێنرێت.

 

ژنان لە کۆندا پشتیان بە ڕووەکی سروشتی بەستووە و وەک ژەمە خواردن ئامادەیان کردووە

لە کوردستان ژنانیش دەتوانن چەند دەرمانێکی گیایی دروست بکەن، وەک چۆن لە کۆندا ژنان پشتیان بە سروشت بەستووە، بۆ بەدەستهێنانی چەند ڕوەکێك بۆ ئەوەی بیکەنە خوانی ژەمەکانیان هەر لەوەشەوە شارەزاییان پەیدا کردووە کە بۆ چ نەخۆشییەک بەکاری بهێنن.

 

بەهار مەجید، چارەسەرکاری سروشتی، وەک ژنێک ڕۆڵی هەیە لە چارەسەری سروشتیدا و بەردەوام هەوڵی داوە ڕووەکە سروشتیە دەگمەنەکان ئاشنای زانستی چارەسەرە سروشتییەکان بکات، ئەو دەڵێت: هەندێک چارەسەر هەیە بە کەڵەشان دەکرێت، هەندێک چارەسەر بە گیای دەرمانی دەکرێت، هەروەها زەیتە ڕووەکییەکانیش یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەرەکان.

 

بەهار مەجید وەک ژنێک کە شارەزای گیا سروشتیەکانە، تیشکی خستەسەر ژنان کە لە بواری ناساندن و بەکارهێنانی دەرمانی گیا و بەرهەمە سروشتیەکان شارەزاییەکی باشیان هەیە، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو شارەزاییە دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی نێوان ژن و سروشت و وتی: ژنانی زۆر چالاکمان هەیە کە لەم بوارەدا کار دەکەن، ڕێژەیەکی بەرچاو بە هەوڵ و ماندوو بوونیان شارەزاییان لە گیا سروشتیەکان هەیە، زیرەکانە ماماڵە لەگەڵ ئەم بوارەدا دەکەن و  بوونەتە جێی متمانە، چونکە ژنان زیاتر هەست بە ئازارەکانی یەکتر دەکەن.

سەبارەت ناساندنی گیای سروشتی و کە لە شاخەکانی کوردستان بوونیان هەیە دیەمەنێک جوان دەبەخشن بە سروشتی کێو و هەردەکان، لەرووی زانستیەوە بەدواداچوون بۆ گیا سروشتیەکان دەکرێت، بە پێی گرنگی پێدانەی کە هەیە، باسی لەوەش کرد هەر ژنێک هەر کەسێک هاوکاری پێویست بێ بۆ هاتنە دنیانی رووەکناسی من ئامادەیی هەیە زانیاری خۆمیان پێشکەش بکەم، بەڵام بە پێی ییاسا و ڕێسای ڕوونکناسان هەر کەسێك بیەوێت شارەزایی هەبێت لە چارەسەر سروشتی دەبێت پەیوەندی بە ڕووکناسانەوە بکات، خولی فێربوونی ببینێت.

 

بەهار مەجید دوا پەیامی وەک چارەسەرکارێکی سروشتی، ئەوە بوو، ژنان گرنگی بە گیا سروشتییەکان بدەن.