رەشیدە دوای ژیانێکی سەخت، دووبارە دەچێتەوە بەر خوێندن

رەشیدە جیهاد کە ئێستا دایکی دوو منداڵە و دوای چەندین ساڵ بڕیاری دا بچێتەوە بەر خوێندن و ببێتە خاوەن بروانامە، دەڵێت:" کاتێک وازم لە خوێندن هێنا، تەمەنم ١٥ ساڵ بوو، دوای سەختییەکی زۆر و هەبونی منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەت، چومەوە بەر خوێندن و سەرکەوتوو بووم".

 

حەنان حارت

مەغریب- رەشیدە جیهاد کە تەمەنی ٣٥ ساڵە و لە شاری دار-ئەلبەیدا دەژی، کاتێک تەمەنی ١٥ ساڵ بووە وازی لە خوێندن هێناوە، بەڵام دوای دەیان ساڵ جارێکی تر دەست بە خوێندن دەکاتەوە و بڕوانامەی ئامادەیی وەردەگرێت.

 

قۆناغی ئامادەیی

کەیفخۆشی دڵی رەشیدە جیهادی داگیرکردوەو لە ڕوخساری بەختەوەری دەبینرێت، ئەو لەبارەی بەدەستهێنانی بڕوانامەکەی بۆ ژنها وتی:" تەمەنی من و مەرجە سەختەکان لەبەردەم خوێندنی من نەبونە ئاستەنگ، نەبونی بڕوانامەی خوێندن وەک گرێیەک بوو لە ژیانمدا، کاتێک کەسێک لە ئاستی خوێندنی منی دەپرسی زۆر شەرمم دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ من خەونەکەمم بەدەستهێنا کە زۆر جار بەهۆی چەند مەرجێکەوە بەدەست نەدەهات".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کاتەی وازی لە خوێندن هێناوە، ناوی خۆی لە مانگی سور تۆمار کردوەو دوایی تەواوکردنی خولێکی پەروەردەیی لەگەڵ پزیشکێک کاری کردوەو و زۆر دڵخۆشبووە، هەروەها سودی لە کارەکەی بینیوە.

 

دواکەوتنی خەون و خەیاڵەکان

رەشیدە جیهاد وتی:" هاوسەرگیریم کردو کەوتمە ناو بەرپرسیاریەتیەوە، بەڕێوەبردنی ماڵ و منداڵ بەخێوکردن، بەوهۆیەوە خەونی بەدەستهێنانی بڕوانامە دوادەکەوت، یەکەم منداڵی من لەدایکبوو کە زۆر دڵمخۆشبوو، بیرم لە هیچ شتێک نەدەکردەوە تەنها کچەکەم نەبێت، دەمویست ئەو گەورە بکەم، دوای ٥ ساڵ جارێکی تر دووگیان بووم، باری تەندروستیم تێکچوو لە نەخۆشخانە کەوتموو دوای گەڕانەوە سەرقاڵ بووم بە بەخێوکردنی مناڵەکانم، دواتر کچی دووەمم تەمەنی گەیشتە ٦ مانگ، بینیم گەشەی باش نییە بۆیە بردمە لای زۆر دکتۆر و دەرکەوت کە نەخۆشی ئیفلیجیی هەیە، زۆر سەخت بوو هەروەها من نەمدەهێشت کە کچەکەم ئازار بچێژێت و ترسێکی زۆریشم لە بینینی کۆمەڵگە لا دروست ببوو بۆیە کەوتمە دۆخێکی ترسناکەوە، وای لێهات بیرم لە خۆکوشتن کردەوە، بەڵام دواتر بڕیارمدا بەردەوام بم لە چارەسەرکردنی کچەکەم". 

 

دوای بارودۆخی خەماویی

رەشیدە دوای بینینی چەند پزیشکێک توانی لە بارودۆخی خەماویی ڕزگاری ببێت و بڕیاری دا چەناڵێکی یوتیوب بکاتەوە و لەو ڕێگەیەوە ئەزمونی خۆی لەگەڵ ئەو دایکانەی مناڵی نەخۆشیان هەیە بڵاوبکاتەوە، یەکێک لەو شتانەی وایکرد گۆڕانکاری لە ژیانیدا ڕوبدات و لە کۆمەڵگەدا ژیانێکی نوێ دروستبکات ئەوەبوو چوەوە بەر خوێندن، لەو بارەیەوە وتی:" من دەمویست گۆڕانکاری لە ژیانی خۆما بکەم و رێی خوێندنم هەڵبژارد، لە ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١ کاتێک ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبوەوە و کەرەنتین هەبوو، من خۆمم بۆ خوێندن ناونوس کرد و دەستم بە تێکۆشان کرد و توانیم سەرەڕای سەختییەکان بڕوانامە بەدەستبهێنم، زۆر کەیفخۆشم".

 

پەیامێک بۆ ژنان دەنێرێت

رەشیدە ڕایگەیاند، کە نەزانین و نەخوێندن ئاستی مرۆڤ کەم دەکات و بێ خوێندن کەس ناتوانێت خۆی لە کۆمەڵگەدا بسەلمێنێت.

پەیامێکی بۆ ژنان نارد و وتی :" نابێت بەرپرسیارێتی ماڵ و بەخێوکردنی مناڵ لەبەردەم خوێندن ببێتە ئاستەنگ، دەستپێکردن هەرچەندە سەخت بێت، بە هەولدان هەموو شتێک ئاسان دەبێت".