قەڵای نەجم لە سوریادا مەکۆی کاروانی بازرگانی بووە

قەڵایەکی دێرین و خاوەنی مێژوویەکی تایبەتە لە سوریا و لە ڕابردوودا پێی وتراوە پردی منبج چونکە کاروانەکان لێیەوە هاتوچۆیان کردووە.

 

بێریڤان کەمال

قەڵای نەجم، یەکێکە لە گەورەترین قەڵا شوێنەوارییەکانی سوریا، دەکەوێتە شاری منبج، لە باکوری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە کۆندا ئەو قەڵایە بە پردی منبج ناسراوە، لەسەر گردێکی بەرز لە نزیک ڕووباری فورات دروستکراوە.

 

لە ناو قەڵاکەدا کۆمەڵێک حەمامی تێدایە، تانکی ئاوی تێدا دروستکراوە بۆ کۆکردنەوەی ئاوی باراناو لە ڕێگەی کرانەوەیەک لە نهۆمی سەرەوە کە لێیەوە ئاو دێتە ناو تانکەکە، هەروەها عەمباری گەنم هەیە تیایدا کە بۆ عەمبارکردنی گەنم بەکارهێنراوە و بە ڕۆنی باسالت بە باشی چەورکراوە بۆ ڕێگریکردن لە شێداری و تێکدانی گەنم و بۆ چەندین ساڵ گەنمی تێدا کۆدەکرێتەوە.

بەشەکانی لە ساڵی ١٨٢٠دا لە سەردەمی عوسمانیەکان تێکشکێنران، دوای ئەوەی هەندێک لە یاخیبووانی عەرەب پەنایان بۆ ئەوێ برد، لە ئێستاشدا بەشێکی زۆری قەڵاکە وێرانبووە.

چەندین نووسەر باسیان لەم قەڵایە کردووە، ئیبن عەبد ئەلحەق لەکتێبەکەیدا باسی لەوە کردووە "ئەو قەڵایەی کە بەسەر ڕۆژهەڵاتی فوراتدا دەڕوانێتە سەر شاخێک و لەخوارەوە پردێکی لێبووە و پێی دەوترێت: پردی منبج ".

 

دروستکردن و بنیاتنانی قەڵای نەجم

قەڵای نەجم لە شێوەی گوندێکی بچووک دایە، بۆیە نەجم غوڵام ئەلسافوانی لە ساڵی ٩١٢  زایینی دروستی کرد و کردی بە قەڵا، دیوارەکانی لە خشت دروستکراوە لە شێوەی قوچەکدایە هەر وەک قەڵاکانی حەما و حومس.

قەڵاکە لە ماوەی سەدەی ١٢ و سەرەتای سەدەی ١٣دا کاری ئاوەدانکردنەوەی لەلایەن نورەدین زەنگی و ئەز زاهیر غازی بۆ ئەنجامدراوە.

گرنگی قەڵای نەجم

قەڵای نەجم، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، تێپەڕینی بەسەر ڕووباری فوراتدا ئاسانکردووە، دوو دوورگەی بچووکی وەک پردێک بەیەکەوە گرێداوە، هۆکاری ناونانی بە پردی منبج دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کاروانەکان لە ڕابردوودا لە شامەوە بۆ دوورگەکە و لە دوورگەوە بۆ شام بۆ پەڕینەوە بەکاریان هێناوە کە نزیکەی ٤ خولەک لە منبجەوە دوورە، هەروەها ڕێگای بازرگانیی بووە لە حەلەبەوە بۆ حەران بەسەر ڕووباری فوراتدا.

 

پلانی قەڵا

ئەم قەڵایە بەرزییەکی ٦٨ مەترە لەسەر ئاستی ڕووباری فورات، بە چەندین خەندەق بەهێزکراوە کە ٦ مەتر لەژێر ڕووباری فوراتدا درێژدەبێتەوە.

قەڵاکە دەکەوێتە سەر گردێکی بەردینە کە ٥٠ مەتر بەرزدەبێتەوە و لە دوو نهۆم پێکهاتووە، لە ناو قەڵای نەجمدا شارۆچکەیەکی بچوک هەیە کە دەکەوێتە سەر کەناری ڕووبارەکە لەسەر پێی قەڵاکە و ئەمڕۆ هیچ شوێنەوارێکی ئەم شارۆچکەیە نەماوەتەوە و پردەکەی کۆن بووە و بەتەواوی ون بووە.

ت.پ