پڕۆژەیەک بۆ نەهێشتنی هەژاریی بووەتە قوربانی ململانێ سیاسییەکان

پڕۆژەی هاریکاری، دڵنیایی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، لە خولی چوارەمدا لە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا، بەڵام بووە قوربانی ململانێ سیاسییەکان و ئێستاش ڕێکخراوی ئازادبوون دەیەوێت ئەم پڕۆژەیە زیندوو بکاتەوە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- پڕۆژەی "هاریکاری، دڵنیایی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی" پڕۆژەیەکە تایبەتە بە دابینکردنی بیمەی تایبەت بەو کەسانەی کەمدەرامەت و بێکارن، منداڵ، بەساڵاچوان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتن، کە لە ڕێگای بیمەیەکی تایبەتەوە دەکرێت هاریکارییان بکرێت.

 

بەپێی ئەو پڕۆژە یاساییەی ئامادەکراوە، دەزگایەک بەناوی "دەزگای هاریکاری، دڵنیای و دەستەبەری کۆمەڵایەتی" دادەمەزرێت کە سەر بە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی دەبێت، لە دەزگاکەدا یەکێک لە بەشەکان سندوقێک "کاسە – خەزنە"ی هاریکاریە، کە مانگە لەو سندوقە بیمە دەدرێتە ئەو کەسانەی لە پڕۆژە یاساکەدا باسکراوە.

 

بەپێی پڕۆژە یاساکە، سندوقی هاریکاری و دڵنیایی کە دادەمەزرێت، دەبێت لەلایەن کەسێکی بێلایەنەوە سەرۆکایەتی بکرێت و خاوەن پەیڕەوێکی ناوخۆ بێت، لە بانکێکی سەربەخۆوە بودجەکەی هەڵبگیرێت و بەکاربێت.

بودجەی ئەم سندوقە لە کوێوە دێت؟

پارەی ئەم سندوقە جگە لەوەی حکومەت هاوکاری دەکات، دەبێت لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و خێرخوازییەکانەوە پاڵپشتی بکرێت، جگە لەوانەش دەبێت لە چەند سەرچاوەیەکی دیکەوە پارەی بۆ تەرخانبکرێت، ئەوانیش میراتی ئەوانەی کە میراتگرییان نییە، ١٪ قازانجی کۆمپانیا و کەرتە حکومییەکان، ٪١ مووچەی  فەرمانبەر و کارپێسپێراوانی خزمەتی گشتی، داهاتی وەبەرهێننەکانی سندوقەکە، ٪٥ داهاتی گەشتوگوزار، ٪١٠ داهاتی سندوقی نەوت و بەرهەمە گازییەکان.

 

هەروەها بەشداری خاوەن کاری کەرتی گشتی و تایبەت، ٪٥ داهاتی رسومات و فەرمانگە گومرگ و لە هەموو وەزارەتەکانی حکومەت و دامەزراوەکان، ٪٥ قازانجی کەرتەکانی تەندروستی و فێرکاری تایبەت، ٪٢٠ داهاتی سەرپێچییەکانی هاتوچۆ، هەروەها هەموو ئەو هاوکاری و بەخششە داراییانەی سەر بە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی دەبڕێن و دەخرێنە سەر ئەو سندوقە.

 

ئەو کەسانەی سوودمەند دەبن لەو سندوقە کێن؟

ئەو کەسانەی لەو سندوقە سودمەند دەبن، بەساڵاچوان، کەمترین مووچەی فەرمانبەری دەوڵەت، منداڵ، خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەوانیش لە ڕووی مافی پاراستن و چاودێری کۆمەڵایەتی، مافی پەروەردە و فێرکردن، مافی شیاندن و کارکردن، مافی گواستنەوە و ژینگەی شیاوی کارکردن، مافی چاودێری و خزمەتگوزاری و تەندروستی، مافی وەرزش و پشوودان، دیاریکردنی ئاستی ڕێژەی پەککەوتەی ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتە لە ڕێگای لیژنەیەکی تایبەتەوە.

 

بەشی دووەم تایبەتە بە دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کە تایبەتە بە کەس و کارگێرانی کەرتی تایبەت و تێکەڵ، لە کرێکار و کارمەندان دەگرێتەوە، هەروەها کەسانی بێکار بۆ مەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی خانەنشینی و دڵنیایی دژی بێکاری، ئەمەش بەپێی یاسای ژمارە ٣٩ ساڵی ١٩٧١.

 

بەشێکی دیکەی ئەو پڕۆژە یاساییە تایبەتە بە دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان بۆ ئەو کەسانەی لە ئاست یاخود خوار هێڵی هەژارین، یاخود بێکارن، ئەمەش لە ڕێگای کۆمەکی مانگانە و خزمەتگوزارییەکانی نیشتەجێبوون، تا ئەو کاتە دەبێت خاوەن کار یاخود موڵکێکی نیشتەجێبوون.

 

بیمەکە لەلایەن حکومەتەوە دابین دەکرێت

بەپێی پڕۆژە یاساکە، لەلایەن حکومەتەوە ئەو بیمەیە دابین دەکرێت و هیچ حزب و لایەنێک مافی نییە خۆی بکات بە خاوەنی، هەروەها سودمەندانی ئەو بیمەیە نابێت لە هیچ لایەنێکی دیکەوە لە حکومەت سودمەند بووبێت، هۆکاری سەرەکی ئامادەکردنی ئەم پڕۆژە یاسایەش، لەپێناو دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە، بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و تاکەکانی کۆمەڵگا، نەهێشتنی کەمدەرامەتی و جێبەجێکردنی مافەکانی مرۆڤ.

 

ئەم پڕۆژە یاسایە لە خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤەوە ئامادەکرا، بە دەنگی ٥٦ پەرلەمانتار پێشکەشی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرا، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا، دواتر لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە درا بە ٨ لیژنە تا ڕاپۆرتی لەسەر بنووسرێت، نووسینی ئەو ٨ ڕاپۆرتە لەسەر پڕۆژە یاساکە لای گەشە دارا بە ململانێی سیاسی و ئاستەنگی دانان لەبەردەمی پڕۆژە یاساکەدا دادەنرێت.

 

گەشە دارا، ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی کورستان و سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ بووە، باس لەوەدەکات کە ماوەی ساڵ و نیوێک کارییان لە پڕۆژەکەدا کردووە، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، بەڵام لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئەو کاتەوە و بەتایبەت سەرۆکی پەرلەمان بە ئەرکدارکردنی ٨ لیژنە بۆ نوسینی ڕاپۆرت لەسەر پڕۆژەکە جۆرێک لە ئاستەنگی خراوەتە بەردەمی، ئەمەشی گەڕاندووە بۆ ململانێی حزبی و سیاسی، کە ئەگەر جێبەجێبکرێت دەبێتە دەستکەوت بۆ حزبەکەی دیکە.

 

ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژەکە

سەرباری ئەوەی ئەم پڕۆژەیە لە پەرلەمانەوە وەک گەشە دارا باسی دەکات ئاستەنگی بۆ دروستکرا، تا کۆتایی هاتنی خولی چوارەم تەنها لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مۆرڤ ڕاپۆرتی نووسی، هاوکات خستەڕووی پڕۆژەکەش هاوکات بووە لەگەڵ شەڕی داعشدا، کە بەهۆی ئەو شەڕەوە سەرجەم ئەو پڕۆژانەی بودجەییان پێویستبوو ڕاگیران.

 

ئێستا گەشە دارا یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی ئازادبوون، لە ڕێگای ڕێکخراوەکەوە جارێکی دیکە هەوڵی زیندووکردنەوەی پڕۆژە یاساکە دەدەن، لە ئێستاشدا پڕۆژە یاساکە زۆر بە گرنگ دەزانن، چونکە ئاستی دەرامەتی هاوڵاتیان زۆر زیاتر لە خولی چوارەمی پەرلەمان دابەزیووە، دەکرێت هاوکار و پاڵپشتی هاوڵاتین بکات.

ئەوان وەک ڕێکخراوی ئازادبوون دەیانەوێت لە ڕێگای وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و پڕۆژەکە لە حکومەتەوە پێشکەشی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکرێت، لەبەر ئەوەی پێیان وایە ئەگەر حکومەت پڕۆژەیەک بنێرێت بۆ پەرلەمان ئەوا خۆی پێشتر ئامادەسازی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە یاساکە دەکات.

بەڵام وەک گەشە دارا باسی دەکات، لە ئێستادا یەکێک لە سەرەکیترین ئاستەنگەکانی ئەم پڕۆژەیە دیار نەبوونی داهات و نەبوونی یاسای بودجەیە، هەروەها نا شەفافی و بوونی گەندەڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە زیاتر قورس دەکەن، وتیشی "ئێمە ئەو کاتە یاسای سندوقی نەوت و گازمان پەسەند کرد، یەکێک لەو ماددەنەی جێگەمان کردووەتەوە، ئەوەیە کە دەبێت بەشک لەو داهاتە بۆ ئەم پڕۆژەیە بێت، بەڵام نە سندوقەکە درستکراوە ونە هیچیش بۆ پڕۆژەکە کرا".

 

هەرچەندە لە ئێستادا لەلایەن ڕێکخراوی ئازادبوونەوە هەوڵی تەواو بۆ زیندووکردنەوە و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان دەدرێت، بەڵام دیار نییە ئەگەر بچێتە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەوا جارێکی دیکە ئاستەنگی بۆ نایەتە پێش، یاخود تا چەند جێبەجێدەکرێت و حکومەت هەوڵی جێبەجێکردنی لە پێناو باشکردنی ژیانی هاوڵاتیان دەدات، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناڕوونی داهات و بودجەدا توانای جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی دەبێت.

 

ت.پ