پرۆژەی قەڵەمی ژن، پێگەیاندنی ژنان لەگەرمیان

پرۆژەی قەڵەمی ژن لە گەرمیان، یارمەتی ژنان دەدات بۆ فێربوونی بنەماکانی نووسین و زیادبوونی ئاستی مەعریفی و تێگەشتن، تا بتوانن پەنجە لەسەر کێشەکانی ژنان دانێن و بەرباسیان بدەن.

هاوژین شکور

گەرمیان-پرۆژەی قەڵەمی ژن لە گەرمیان: پرۆژەیەکە بۆ پێگەیاندنی ژنانی  گەرمیان، لە بواری نووسینی بابەت و لێدوان و شەنوکەو کردنی بابەتی ورووژێنراو، و دروست کردن و بە هێزکردنی پەیوەندی نێوان ژنانی نووسەر و چالاکوانی دەڤەرەکە.

 ڕێزان حەسن خاوەن بیرۆکەی پرۆژەی قەڵەمی ژن تایبەت بۆ نوژنها دەڵێت : " دروست کردنی دەستەیەک قەڵەمی جواننووس و لێهاتووی ژنان، کە بتوانن پەنجە لەسەر کێشە و گرفتەکانی ژنان دانێن و بەرباسیان بدەن، وە بتوانن وتار و لێدووانیان بۆ ڕۆژنامە و کەناڵ و سایتەکان هەبێت، سەبارەت بە پرسە گرنگەکانی ژنان.

 سەبارەت بەچۆنیەتی دروستبوونی ئەم بیرۆکەیە ڕێزان حەسەن دەڵێت ": ئێمە پێشتر لە ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٩ گرووپێکی کچانی خوێنەرمان هەبوو، بە ناوی گرووپی"یارانی کتێب"، کە بە داخەوە بە هۆی قورسی باری ژیان، دانە دانە ئەندامەکانی سەرقاڵ بوون بە کارکردنەوە و لە گرووپ دابڕان، منیش وەک بەرپرسی ئەو گرووپە، کە تا ئێستاش لە کاری خۆبەخشی و خزمەت بە بواری ڕۆشنبیری بەردەوامم، هاوکارم جیهان محەمەد،  وەک درێژە پێدەری ئەو گرووپە بیرمان لە ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیە کردەوەوە".

 

واتا و گرنگی گروپی قەڵەمی ژن

دەربارەی هۆکاری ناونانی گروپەکە بە ناوی قەڵەمی ژن، ڕێزان حەسەن وتی: " ئێمە مەبەستمانە دەستەیەک لە ژنانی نووسەر پێ بگەیەنین، بە ڕای خۆم و خاتوو جیهانیش، ئەمە ناوێکی تەواو گونجاوە، وە جوان و سەرنج ڕاکێشیشە."

ڕێزان حەسەن باس لەماوە و کاتی پرۆژەکە دەکات: " سەرەتا کە بەرنامەڕێژیم بۆ پرۆژەکە دەکرد، وامان دانابوو کە مانگێک بۆ دوو مانگ بخایەنێت، بەڵام کە دەستمان بە ئەنجامدانی کارەکان کرد و پەرۆشی بەشداربووانمان بینی، وا بیردەکەینەوە هەتا پێویست بوون بۆ پێگەیاندن، بەردەوام دەبین بە یارمەتی خودا، بابەتەکانیش خۆی دەبینێتەوە، لە چۆنیەتی نووسینی وتار و بەکارهێنانی سەرچاوە، دروست نووسی و خاڵبەندی، چۆنیەتی لێدووان و گوزارشت لە خۆکردن."

 بەشداربوانی گروپەکە بە زۆری خوێندکاری زانکۆ و دەرچووی زانکۆ، هەروەها سەبارەت بە تایبەت بوونی گروپەکە بۆ ژن وتی : " پیاوان خاوەنی هەموو شتێکن لە ڕۆشتنە دەرەوە و هەرکارێک کە بیانەوێت ئەنجامی بدەن، ئەوە ژنانن لە بنەڕەتەوە پەراوێزخراون، ڕێگریان لێ کراوە لە هەر ڕۆشتنە دەرەوە و هەرکارێک کە ویستوویانە، بۆیە لە ماڵ هێنانە دەرەوەی ژنان بە ئاراستەی هۆشیار بوونەوەیان و هەنگاونان بۆ پێگەیاندنیان ئەرکی ژنانێکی وەکو ئێمەیە کە بە چاوکراوەیی و بوێری خۆمان بۆ ئەم ڕێبازە تەرخان کردووە."

 

ژنان دەبێت خاوەنداریەتی لە خودی خۆیان بکەن

جیهان محەمەد بەڕێوبەری کتێبخانەی گشتی گەرمیان سەبارەت بەڕۆڵ و توانای ژن دەڵێت: " پێم وایە هێشتا نەگەیشتووم بەو ئامانجەی، کە ژن ئەبێت خۆی بێت و توانا و بیری تەنها خۆی خاوەندارێتی بکات، بەداخەوە ڕەوتی ژیان بەتایبەتی بۆ هەموو ژنێک لەبار نەبووە، تا خۆی پێ بگەیەنێنێت، ئەو ژەمە فێربوونەی پێی دەدرێت ناتوانێ تەبەنی بکات، یا ئەوەتا ئەکەوێتە ژێر گاریگەری پیاوێکی خۆبەزلزان و ئیمتیازی، ناهێڵێت ئاسۆی ڕۆشنگەری ژنەکە چەکەرە و باڵا بکات."

جیهان لە درێژەی قسەکانیدا وتی : " وەک خۆم، درکم بەزۆر کەم و کورتی ژن لە بوارەکانی رۆشنبیری و نەبوونی ئەو ڕێژە ژنە چاو کراوانە کردووە کە پێویستە هەبن، لەگەڵ یەکێک لەخۆبەخشەکانی بەرێوەبەرایەتیمان  بە ناوی "ڕێزان حەسەن" بیرمان لەوە کردەوە دەبێت کارێک بکەین، بە هەماهەنگی ئەو مرۆڤە ژیان دۆستانەی کە لەم بوارەدا ئەسپی خۆیان تاوداوە، پرۆژەی "قەڵەمی ژن" ئەنجام بدەین و تەنها ژنان بەشداردەبن تیایدا."

 

" دەمانەوێت ژنانێکی بەهێز لە ڕووی مەعریفییەوە پێبگەینین "

دەربارەی پڕۆژەی قەڵەمی ژن جیهان محەمەد ڕایگەیاند: " خۆشبەختانە ئەمە فەزڵی خوایە یەکەم کارەکان کە ئەنجامی ئەدەین لە سنورەکە کە پێشتر نەکراوە، وە هەوڵ ئەدەین ئەم پرۆژەیە بەردەوام و فراوان بێت، بۆ ئەوەی ئەو ژنانەی ئارەزووی ئەوە دەکەن پەیوەندی بکەن بێبەش نەبن، هاوکارم ڕێــــزان حەسەن وەک سەرپەرشتیاری پرۆژەکە ئامادەیی هەیە و  ئێمەش پاڵپشتی تەواومان ئەبێت لەم پرۆژەیەدا، چونکە دەمانەوێ ژنانێکی بەهێز لە رووی مەعریفە، تێگەیشتن، بەجێنەماوی لە رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری پێبگەیەنین."

جیهان محەمەد باسی لە گرنگی هۆشیارکردنەوەی ژنان کرد لەکەلار وتی : " ئەگەر ژنان هۆشیار بن، ناکەونە ژێر هیچ فشارێکەوە، کە زۆرجار ئالۆزییەکانی ژیان دروستی دەکات، بە شارەزای و لەسەرخۆییەوە رووبەڕووی ئاڵەنگارییەکان دەبنەوە، هەروەها دەبێت ژنان ئەو هۆشیارییەیان هەبێت کە بەربەست و ئازارەکانی هەموومان یەکە و یەک ئامانجە، نابێت خاوەندارێتی خۆمان بدەینە دەستی رەگەزی بەرانبەر، چونکە بو ژنێکی هوشیار نەوەیەکی هۆشیار ، گەلێکی پێشکەوتوومان دەبێت."

 

" ژنان دەبێت لە نووسین و خوێندنەوەدا قوڵببنەوە "

مەریەم مامۆستاو ڕۆژنامەنوس وەکو بەژداربوویەکی پرۆژەی قەڵەمی ژن باسی گرنگی پرۆژەکەی کرد و ووتی"  : لەڕاستیدا من کەسێکم ئەنوسم پێش ئەوەی بێمە ناو ئەم پرۆژەیەوە هەندێ لە بنەماکانی نوسینم ئەزانی چونکە پێشتر بەئێستاشەوە بابەتم لە گۆڤارو ڕۆژنامەکاندا هەبووە، ئامانجم لەم پرۆژەیە ئەوەیە کە ئەزموونێک فێرببم لەژیان و بتوانم زیاتر قوڵببمەوە."

لەدریژی قەسەكانیدا مەریەم وتی : " سروشتی ژیان وایە هەروەها خودی مرۆڤ بەوشێوازەیە هەتا زیاتر بچێتە ناونوسین و بابەتەکانەوە هەتا زیاتر قوڵبیتەوە هەست دەکات شتی کەمتر ئەزانێ ، ئامانجی من تەنها لەوە کۆنابێتەوە تەنها لەڕۆژنامەو گۆڤارەکاندا بنوسم بەڵکو ئامانجم زۆر لەوە گەورەترە بۆیە ئەمەوێ زانیاری زیاتر لەسەر نوسین بزانم، من نیو سەعات ڕێگا ئەبڕم بۆئەوەی بێمە خولەکە چونکە من لە لەدەرەوەی شاری کەلارم ئەگەر کەسێک بیەوێ شتێک فێربێت و ئامانجی هەبێ گوێ بە دووری ڕێگاو ماندوو بوون نادات"

دەربارەی گرنگی هەولدان و کۆڵنەدانی ژنان، مامۆستا مەریم وتی: " وەکو مامۆستایەک و وەکو ڕۆژنامەنوسێک پەیامی خۆم ئەگەیەنم بۆ ئەوانەی کە لەدەرەوەی ئەم پرۆژەیەن ئەوانەی لە ناوەوەی ئەم پرۆژەیەن هیوادارم ئەو هیلاکی و ماندوو بوون و ڕێگا دوورەیان ئەبڕن فێر بن وهەوڵبدەن هیچ شتێک بێ ماندوو بوون و بێ هەوڵدان بەدی نایەت، هیوادارم هەموو ژنان بتوانن بەژداربن لەم پرۆژەیە چونکە ئەمە سەرەتایەک دەبێت بۆیان و ئەوانەی ئەزمونێکیان هەیە دەتوانن زیاتر قوڵببنەوە، ئەوانەی لەم پرۆژەیەدان هەموو کەسانی بەئەزموونن با ئێمە سوود لە ئەزموونی یەکتر وەربگرین جگە لە وەش زیاتر بیروبۆچونە جیاوازەکان لەسەر نوسین ئەزانیت و ئەو بابەتانەی ئەینوسی کۆمەڵێ هەڵسەنگاندنی جیاوازی بۆ دەکرێت لەم هەڵسەنگاندنە جیاوازە تۆ تێبینی وەرئەگری لەسەر بابەتەکە و شتی زیاتر فێر ئەبیت".

ڕێواز عوسمان ئەحمەد، یەکێکی تر لە بەژداربووانی خولی قەڵەمی ژن وتی : " ٸامانجی من ٸەوەیە بەشێوازێکی جوان فێری داڕشتنەوەی نوسین بم لەو بوارەی ٸەمەوێت، جگە لەوەی فێری شێوازی پرسیارو مامەڵەکردن لەکاتی گفتوگۆ بەتایبەت پرسیارەکان ببم، ٸەو ڕێگا ٸەبڕم و ٸەو کاتە ٸەبخشم تا بەجوانی فێری یاساکانی نوسین و دەڕبڕین بم بەتایبەت، پەیامم بۆ ژنانی دیکە ئەوەیە کە خولیای شتێکمان هەبوو با هەوڵی بۆ بدەین و هیچ کاتێک درەنگ نیە."