"پاراستنی کۆمەڵگا ئەرکی هەموو کەسێکە"

ژنان وەک هێزێک تێدەکۆشن بۆ پاراستنی کۆبانێ و خەڵکەکەی، هەوڵدەدەن ڕێگری بکەن لەو هێرشە بەردەوامانەی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی دەدات. دەلال ڕەمەزان

ژنان وەک هێزێک تێدەکۆشن بۆ پاراستنی کۆبانێ و خەڵکەکەی، هەوڵدەدەن ڕێگری بکەن لەو هێرشە بەردەوامانەی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی دەدات.

دەلال ڕەمەزان

 

کۆبانی- لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە کە لە ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢وە لە شاری کۆبانێ لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە دەستی پێکردووە، ژنان توانیویانە خۆیان وەک هێزێکی سەربەخۆ ڕێکبخەن.

لەگەڵ زیادبوونی هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هێزەکانی پاراستنی ژنانی کۆبانێ دەستیان کردووە بە ڕژانە سەر شەقامەکان، بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و شارەکە لە بوونی هەر هێرشێک.

 

مونا سلێمان، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل دەڵێت " بەم دواییانە و دوای زیادبوونی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە دەستمان بە ڕێکخستنی خۆمان کرد، بۆ ئەوەی بچینە سەر شەقامەکان بۆ پاراستنی هاوڵاتیان و شارەکە، ژنانی یەکینەکانی پاراستنی کۆمەڵگا لە ١٥ خاڵدا جێگیرن، جگە لە ڕۆڵیان لە ئەنجامدانی کۆبوونەوە، بۆ پەروەردەکردنی خەڵک و پەروەردەکردنیان سەبارەت بە خۆپاراستن و پاراستنی کۆمەڵگا".

مونا ماوەی حەوت ساڵە چووتە بەرەی هێزەکانی پاراستنی گەل، ئاماژەی بەوەدا " پاراستن ئەرکی هەموو کەس و تاکێکی کۆمەڵگایە بۆ ئەوەی بەرگری لە خاک و کەرامەتی خۆی بکات، وە ئاسان بۆ دوژمنانی بەجێی نەهێڵێت".

داوای لە هەموو دانیشتوانی شارەکە و دامودەزگا مەدەنییەکان کرد، شەوانە ئێشکبگرن لە پێناو پاراستنی شارەکەیان و هاوڵاتیان، "ئێمە هەموو کارێک دەکەین بۆ پاراستنی شارەکە" داوا لە گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەین کە لە ڕەس العین، سەرێ کانی، تل ئەبیاد، گرێ سپی و عەفرین ڕاپەڕن و ناوچە داگیرکراوەکان ئازاد بکەن".

 

بەڕێوەبەری یەکینەکانی پاراستنی ژنان ڕوخۆش ئەحمەد، ڕایگەیاند " بەم دواییانە هەڵمەتێکی جۆراوجۆرمان دەستپێکردووە، لەوانە سەردانیکردنی خەڵک لە هەموو گەڕەکەکان بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەیان و چوونە ناو یەکینەکانی پاراستنی گەل، چونکە ئەم هێزە پاراستنی کۆمەڵگەیە و پاراستنی ئاسایشی شارە"، ئاماژە بەوەدا کۆبوونەوە و مەشق بە ژنان و پیاوان لەبارەی چۆنیەتی بەکارهێنانی چەک  دەکرێت.

ئەو داوای لە ژنان کرد، هێزی خۆیان نیشان بدەن و ئەو نەریتە کۆنانە بەجێبهێڵن کە ئازادیەکانیان سنوردار دەکات، باس لەوەش دەکات، یەکینەکانی پاراستنی گەل تەنها لە ڕێگای چەکەوە بەرگری لە کۆمەڵگا و هاوڵاتیان ناکەن، بەڵکو بە فراوانکردنی فکری سیاسی و بەرەوپێشچوونی ئاستی ڕۆشنبیری هەوڵی پاراستنی خاکی خۆیان دەدەن.

 

سەفا عەبدوللە، یەکێکی دیکە لە ئەندامانی یەکینەکانی پاراستنی گەل وتی "ئێمە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکەکەمان قبوڵ ناکەین، بەهەموو هێز و ئیرادەیەکمانەوە بەرگری لێدەکەین، هەڕەشەکان ڕەتدەکەینەوە و ئیدانەیان دەکەین".

ئاماژەی بەوەشدا وەک دایک دەتوانن منداڵەکانیان، خۆیان و خاکەکەیان بپارێزن، شانازی بەو کارەوە دەکەن چونکە ئەرکی هەموو کەسێک ژن و پیاوێکە بێ جیاوازی.

 

خەلسە ئەدهەم، کە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە پەیوەندی بە یەکینەکانی پاراستنی کۆمەڵگەی ژنانەوە کردووە و داوای لە هەموو ژنانی کۆبانێ دەکات، خۆیان ڕێکبخەن و بچنە ناو ڕیزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل، وتیشی"دەبێت ئێمە ئامادەبین بۆ ئەوەی تراژیدیا و کۆمەڵکوژی لە کۆبانێ دووبارە نەبێتەوە، وەک ئەوەی پێشتر چەتەکانی داعش ئەنجامیان دا".