پانۆڕاما، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕن و منداڵانیش بێبەشن لە مافەکانیان

خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان یەکێکن لەو توێژانەی ڕۆژەکانیان لە سەخترین دۆخدا تێدەپەڕێنن، مووچەکانیشیان ئەگەر دابەشبکرێت بەشی کەمترین پێداویستیەکانیان ناکات، منداڵانیش لە ئاستی خوێندن و نەبوونی پێداویستییەکاندا ڕووبەڕووی زەحمەتی دەبنەوە.

 

لاڤین مەحمود

ناوەندی هەواڵ- دۆخی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان تادێت بەرەو خراپی دەچێت، نەبوونی موچە و هاوکاری پێویست و هەلی کار وایکردووە لەمساڵدا چەندین گردبوونەوە بکەن و داوای هاوکاری بکەن.

 

سەرەڕای ڕێگریی لە بەشێکیان، ژمارەیەک خاوەن پێداویستی تایبەت لە ١٣ی نیساندا، لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم خێمەیان هەڵداوە و جەخت دەکەنەوە لەوێ ناڕۆن، تاکو داواکانیان جێبەجێ نەکرێت، ئەنجومەنی وەزیرانیش پێی وتوون "چاوەڕێی وەڵام بن".

 

لە نزیک ڕۆژانی جەژنیش و لە ١٢ی تەمموزدا، لەبەردەم بینای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا سفرەی بەتاڵیان داخست و خێمەیان هەڵدا، بەم چالاکییە ئاماژەیان بە خراپی دۆخی ئابوورییان دا و وتیان بە مووچەی ١٥٠ هەزار دینارییەوە جەژن ناکرێت.

 

نەبوونی دارایی پێویست وایکرد ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەت کوچە و کۆڵانەکانی شەقام و بازاڕی شاری سلێمانی بکاتە ماڵی خۆی و لەوێدا لەگەڵ ئەو ژیانە سەختە دەژیا و بەبێ ئەوەی لایەنەپەیوەندیدارەکان بەهانایەوە بچن

 

سەرباری قورسی ژیانیان، بەڵام هێشتا کۆمەڵێک ژنی دەستڕەنگین دەیانەوێت بە ڕووی ژیاندا پێبکەنن و خەمەکانیان لەبیر بکەن، بیسەلمێنن دەتوانن کار بکەن و نەبوونی بەشێک یان ئەندامێکی جەستە نابێتە ڕێگر لەبەردەم کارکردندا، چەندین پێشەنگای کاری دەستی، شێوەکاری و دەستڕەنگینیان کردووەتەوە.

 

٦ی شوبات، ڕێکخراوی شاخەوانی باواجی کۆیە و کۆمەڵێک گروپی شاخەوانی دیکە، کۆمەڵێک خاوەن پێداویستی تایبەتیان لە شارە جیاجیاکانی کوردستان کۆکردەوە و گەشتێکی شاخڕەویان بۆ ڕێکخستن بۆ لوتکەی چیای هەیبەت سوڵتان، ژمارەی بەشداربووان بریتیبوو لە ٤٥ خاوەن پێداویستی تایبەت، لە ناویاندا کەمئەندامی جەستەی و نابیست و نابینا هەبوون.

 

خەونی لەنیای خاوەن پێداویستی تایبەت گەیشتن بوو بە لوتکەی چیا بڵندەکان، ئەگەرچی خەونێکی مەحاڵ بوو بۆی، بەڵام ڕێکخراوی شاخەوانی باواجی کۆیە، لە ٩ی ئابدا بۆیان هێنایە دی و لەسەر لوتکەی هەڵگورد هەناسەی خۆشحاڵی هەڵمژی.

 

٣ی کانوونی یەکەم ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەتە، لە ٥ی مانگدا لە شاری سلێمانی پێشەنگایەکی شێوەکاری بۆ دوو خاوەن پێداویستی تایبەت  بە ناوەکانی فاتمە شەمسەدین، لهۆن فەریح" کرایەوە.

 

جگەلەوانە ڕێکخراوی "کەمئەندامانى هەڵەبجە" خولێکی هاوینەى بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستى تایبەت کردەوە و سەرجەم وانەکانى خوێندن و وانە دەروونى و کۆمەڵایەتیەکانی تێدا دەوترێتەوە.

 

هەروەها لە ٢٣ی ئەیلول، ڕۆژی جیهانی زمانی ئاماژە و یادی دامەزراندنی ڕێکخراوی ئاماژە، ژمارەیەک لە نابیستان پێشانگایەکی هونەرییان کردەوە و کارە دەستییەکانیان تێدا نمایشکرد، ئەوەشیان خستەڕوو کە وەک هاوڵاتییەکی ئاسایی توانای ئەنجامدانی کاریان هەیە، تەنها کێشەی سەرەکیان تێنەگەیشتنی هاوڵاتیانە لێیان.

 

لەلایەکی دیکەوە و بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی چینی نابیستان دەربارەی گرنگی ڕاگرتنی باڵانسی جێندەری لە کۆمەڵگادا، بۆ یەکەمجار بەشداری وۆرکشۆپێکیان لەوە بارەیەوە کرد.

 

پانۆڕامای ساڵی منداڵان

منداڵ بە یەکێک لە گرنگترین توێژەکانی کۆمەڵگە دادەنرێت لەماوەی ئەمساڵدا منداڵەکانیش بێبەش نەبوون لەو ڕووداو و باردۆخەی کە عێراق و باشوری کوردستان پێیدا تێپەڕین.

 

سەڕەرایی ئەوەی لەساڵی ٢٠٢٠دا حکومەتی عێراق رایگەیاند ڕێگری لە توندوتیژی جەستەیی دژی منداڵان دەکەین بەلام هێشتا بەشێوەیەکی فراوان توندوتیژیەکان بەرامبەریان بەردەوامە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان سەرجەم شێوەکانی ئەشکەنجەی جەستەیی دژی مندالان قەدەغەیە و مافی هەموو منداڵێکە لە ژینگەیی دوور لە توندوتیژی ژیان بکات.

 

ئەو منداڵانەی بە بنیادنەری داهاتووی نیشتیمان پێناسەدەکرێن، چاوەرێ دەکرێت ژیانێکی خۆش و بێ مەترسیان بۆ دابینبکرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان لە سەر شەقامەکان کاردەکەن و بە ناچاری واز لە خوێندن دەهێنن، یاخود لەڕێگەی دایک و باوکیانەوە فڕێ دەدرێن.

 

بەپێی ئامارەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی هەولێر ٥٩ منداڵ لە خانەی بێ سەرپەرشتان دان لەو ڕێژەیەش ٣٢ کوڕ و ٢٧ کچ هەن، هەروەها هەزار و ٣١٨ منداڵ پەیوەندییان بە هێڵی گەرمی ١١٨ی تایبەت بە فریاکەوتنی منداڵانەوە کردووە.

 

لەلایەکی دیکەشەوە توندوتیژی و هێرشە داگیرکارییەکان کاریگەری زۆری کردووەتە سەر رەوشی منداڵان، لە ٨ی حوزەیراندا، منداڵانی کامپی مەخمور لە دژی هێرشی فرۆکەی بێفرۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کەمپی شەهید رۆستەم جودی-کامپی مەخمور گردبوونەوە و لە بەیاننامەکەیەدا بۆردومانی شوێنی یاریکردنەکانیان شەرمەزار کرد.

 

ئەمە جگەی لەوەی لەماوەی ئەمساڵدا بەهۆی کۆچی بە لێشاوی هاوڵاتیانی باشوری کوردستان و عێراق کە منداڵان بەشێکی زۆری کۆچبەرانی سەر سنوورەکان پێکدەهێنن، ئەوان بێ ئاگا لەوەی باوانیان بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی پرشنگدار لەنێو کۆڵانەکانی نیشتمانیان وەدەرنراون و ملی رێگایان بەناچاری گرتووەتەبەر، لەو نێوەندەدا منداڵان وەک هەمیشە بوونەتەوە قوربانی خراپی سیستەمی حکومڕانی و دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی.

 

یونسێف لە ڕاگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە عێراقدا بەهۆی هەبوونی مین و تەقەمەنی نەتەقیو، لە مانگی کانوونی دووەم تاکو ئابی ٢٠٢١، ٣٥ منداڵ گیانیان لەدەستداوە و ٤١ منداڵی دیکەش برینداربوون.

 

سەرەرایی کاریگەری باردۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی لە رووی تەندروستیشەوە بەشێکی منداڵان لە باردۆخێکی خراپدان بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO ساڵانە لە جیهاندا زیاتر لە ٤٠٠ هەزار منداڵی تەمەن یەک ڕۆژە بۆ ١٩ ساڵ تووشی شێرپەنجە دەبن.

 

لە ڕۆژی جیهانی منداڵاندا چەند چالاکیەک بۆ منداڵان بەڕێوەچوو، بەڵام ئەو چالاکیانە لە ئاست پێویستدا نەبوون و لە چەند دانەیەک تێنەدەپەڕین، کە پێکهاتوون لە ئاهەنگێکی گۆرانی و یاری، دیاری و گۆڤار بەخشینە منداڵان.

 

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی مافەکانی منداڵانەوە، گروپی پەپوولەکانی هەورامان ئاهەنگێکی میوزیک و گۆرانییان بۆ منداڵان ڕێکخست لەلایەکی ترەوە بەشێکی تایبەت بۆ یاریکردنی منداڵان لە نەخۆشخانەی هیوا کرایەوە.

 

هاوسەرگیری پێشوەختە لە عێراق لە هەڵکشاندایە، زیاتر لە ٣٠٠ هاوسەرگیری کاتی بۆ منداڵی تەمەن ٩ ساڵ لەلایەن پیاوانی شیعەوە ئەنجامدرا، زۆربەی ئەو منداڵانەی کە هاوسەرگیری سیغەیان پێدەکرێت لە ژێر فشاردان و تەمەنیان خوار ١٨ ساڵە کە پێچەوانەی یاساکانی عێراقە.

 

لە ڕۆژی جیهانی منداڵانی ونبوودا، یادی ئەو منداڵانەی هەڵەبجە کرایەوە کەلە کاتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا ونبوون، تا ئێستاش زیاتر لە ٢١١ منداڵی ونبوونی هەڵەبجە هەیە و چارەنوسیان نادیارە.

 

ت.پ