نیگار عوسمان: کردنەوەی خوێندنگە ناحکومییەکان، بازرگانیکردنە بە خوێندکار و داهاتی خێزانەوە
خوێندن لە هەرێمی کوردستان بازرگانی پێوە دەکرێت، حکومەت و دەسەڵات هێندەی گرنگی بە خوێندنگە ناحکومییەکان دەدات گرنگی بە خوێندنگە حکومیەکان نادات.
شنیار بایز
سلێمانی- ژمارەیەکی زۆر لە خوێندنگە و باخچەی ناحکومی لە هەرێمی کوردستان کراونەتەوە، لە ڕووی زانستەوە کەمتر خوێندکار فێری زانست دەکەن بەراورد بە خوێندنگە حکومییەکان، سەرەڕای ئەوەش زۆرینەی خێزانەکان خۆیان دەخەنە ناڕەحەتییەوە تا منداڵەکانیان بخەنە خوێندگە ناحکومییەکان.
نیگار عوسمان، مامۆستای وانەی کوردی، جیاوازی نێوان خوێندنگە حکومی و ناحکومییەکان بۆ ژنها و دایک و باوکان ڕووندەکاتەوە:
جیاوازی نێوان خوێندنگەی حکومی و ناحکومی چییە؟
خوێندنگە حکومییەکان، زیاتر گرنگی بە لایەنی زانستی خوێندکار دەدەن، بەراورد بە خوێندنگە ناحکومییەکان، لەم بارەیەوە مامۆستا نیگار دەڵێت: "ئەگەر حکومەت گرنگی بدات بە خوێندنگە حکومییەکان سیستمی خوێندن بەرەوپێش دەچێت، چونکە ئاستی زانست و فێربوونیان زیاترە وەک لە خوێندنگە ناحکومییەکان".
لە خوێندنگە ناحکومییەکاندا، خوێندکار جۆرە کەشێکی بۆ دروستدەبێت هەست بەبوونی خۆی دەکات، باوەڕ بەخۆبوونی لەلا دروستدەبێت چونکە ئەو ژینگەیەی لێی دەخوێنێت بەو جۆرەی کە دەیەوێت پەروەردەی دەکات، بەڵام لە خوێندنگە حکومییەکاندا خوێندکار پەیوەستکراوە بە کورسیەکەیەوە، خوێندکار ناتوانێت بەرکەوتنی تەواوی هەبێت لەگەڵ مامۆستاکانیدا چونکە ماوەی وانەکان کەمن و تەنها ٤٠ خولەکە لەکاتێکدا لە خوێندنگە ناحکومییەکاندا کاتێکی زۆریان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی کار لەسەر پەروەردەی خوێندکار بکەن.
مامۆستا نیگار ئاماژەی بەوەدا "هەر یەک لە خوێندنگەکان لایەنی باش و خراپیان هەیە، بەڵام ئەو لایەنەی گرنگی بە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی خوێندکار دەدات، خوێندنگە حکومییەکانە".
بۆچی خوێندکار زیاتر حەز بە خوێندنگە ناحکومییەکان دەکەن؟
لە وەڵامدا مامۆستا نیگار وتی: "بەهۆی ئەوەی خوێندکاری ئێستا هێندەی حەز بە گەشت و کات بەسەربردن دەکات هێندە خولیای فێربوونی زانستی نییە، بۆیە حەز بە خوێندنگە ناحکومییەکان دەکەن، چونکە بەردەوام گەشت بۆ خوێندکاران ڕێکدەخەن، یادی هەموو بۆنەیەک دەکەنەوە، ئەمە وای کردووە ئەگەر خوێندکارێک لە ناحکومی بخوێنێت ئامادە نییە بچێتە خوێندنگەیەکی حکومی"، بەسەربردنی کات و گەشتکردن لە خوێندنگەکاندا گرنگن، بەڵام پێویستە زیاتر گرنگی بە لایەنی فێربوونی زانست بدرێت کە لە خوێدنگە ناحکومییەکاندا بەم شێوەیە نییە.
"هەمیشە نمرە بەرزەکان لە پۆلی ١٢، لە خوێندنگە حکومییەکان دایە، بەڵام حکومەت گرنگی پێنادات"
خوێندکار وەها تێگەشتووە کە لە خوێندنگەی ناحکومی چونکە پارە دەدات دەبێت دەربچێت، بۆیە هەوڵ و کۆشش نادات و پشتی بەوە قایمە کە بڕە پارەیەکی داوە، هەروەها مامۆستای شارەزا بۆ خوێندکارانی قۆناغەکانی دیکە بێجگە قۆناغی ١٢ دابین ناکرێت، لەو بارەیەوە نیگار عوسمان دەڵێت: "لەگەڵ ئەوەی مامۆستای بە ئەزموون بۆ خوێندکاری قۆناغەکانی دیکە دابین ناکرێت و گرنگی بە لایەنی زانستیان نادرێت، خوێندکار دەیەوێت دەربچێت چونکە پێی وایە بڕە پارەیەکی داوە و دەبێت دەریبچێنن".
هەروەها وتی: خوێندنگە ناحکومییەکان تەنها گرنگی بە پۆلی ١٢ دەدەن و مامۆستای شارەزایان بۆ دابیندەکەن، لەکاتێکدا پێویستە خوێندکار بنچینەیەکی زانستی باشی هەبێت نەک بچێتە پۆلی ١٢ و هیچ زانیارییەکی نەبێت، بۆیە لە ڕووی زانستەوە خوێندنگەی حکومی باشترە وەک لە ناحکومی، خوێندکار لە خوێندنگەی حکومی بەردەوام ئەو هەستەی هەیە کە پێویستە هەوڵبدات بۆ فێربوون بۆ ئەوەی لە دواڕۆژدا زانیاری زۆری پێبێت بۆ پۆلی ١٢، بەڵام سەرەڕای زانینی ئەم دۆخە حکومەت گرنگی بە خوێندنگە حکومییەکان نادات و بەرەو پێشیان نابات تا خوێندکار زیاتر حەز بە خوێندن بکات.
"بازرگانێک کە هیچ شارەزاییەکی لە بواری سیستمی پەروەردە نییە خوێندنگەی ناحکومی دەکاتەوە"
بازرگانەکان کە هیچ شارەزاییەکیان دەربارەی پڕۆسەی خوێندن نییە و تەنها بازرگانێکن، خوێندنگە دەکەنەوە، بڕە پارەیەکی زۆر لە خێزانەکان وەردەگرن لە بەرامبەر خوێندنی منداڵەکانیان، هەروەها بەڕێوەبەری خوێندنگەکان شانازی بەوە دەکەن کە ساڵ بە ساڵ ژمارەی خوێندکارانیان زیاد دەکات واتە شانازی بە وەرگرتنی بڕە پارەی زۆر دەکەن.
لەبارەیەوە مامۆستا نیگار وتی "خۆزگە هەموو شتێک بازرگانی پێوە بکرایە تەنها خوێندن نا، چونکە داهاتووی هەموو وڵاتێک خوێندن و پەروەردەیە" ئاماژەی بەوەشدا هەموو بازرگانەکان دەسەڵاتیان لە پشتەوەیە، ئەگەر حکومەت پاڵپشتی نەکات و زەوی نەداتێ و هاوکاری نەکات ناتوانێت بازرگانی بە خوێندنەوە بکات، حکومەت هێندەی بایەخ بە خوێندنگە ناحکومییەکان دەدات، پێداویستی بۆ حکومەییەکان دابین ناکات.
لە خوێندنگە ناحکومیەکاندا هەوڵی لەناوبردنی کلتور و زمانی کوردی دەدرێت
لە خوێندنگە نا حکومیەکاندا هەوڵی لەناوبردنی کلتوری کوردی دەدرێت، چونکە خوێندکارەکان فێری خۆشەویستی نیشتیمان و سرودە نیشتیمانییەکان ناکرێن، بگرە هەر نازانن سرودی نیشتیمانی چیە.
هەروەها شێوازی کارکردنی خوێندنگە ناحکومییەکان بە جۆرێکە تەنها گرنگی بە ڕووکەش دەدەن، هێندەی لە هەوڵی بڵاوکردنەوەی چالاکی و گەشتەکانیاندان هێندە گرنگی بە بڵاوکردنەوەی زانست و زانیاری نادەن، هاوڵاتیش ڕاستییەکان نازانن، ئەو مامۆستایە وتیشی: "خوێندن لە خوێندنگەی ناحکومی بووەتە چاولێکەری، چونکە زۆرینەی دایک و باوکەکان دەڵێن منداڵی ئێمە بۆ کەمتر بێت لە منداڵی خەڵکی تر و دەیانخەنە خوێندنگە ئەهلییەکان".
زۆرکات دایک و باوکان گلەیی دەکەن منداڵەکانیان لە ماڵەوە بە کوردی قسەیان لەگەڵ ناکەن، یاخود لەگەڵ هاوڕێکانیان بە کوردی قسە ناکەن مامۆستا نیگار هۆکاری ئەمە دەگەڕێنێتەوە بۆ ویستی دایک و باوکەکە، چونکە پێی وایە ئەگەر ئەو خێزانە منداڵەکەیان بە چاولێکەری نەخەنە خوێندنگەی ناحکومی منداڵەکە زمانی دایکی بیر ناچێتەوە کە یەکێکە لەو زمانانەی نابێت پشتگوێ بخرێت بەڵکو دەبێت هەر کۆمەڵگا و زمانی دایکی بە زیندووی بهێڵێتەوە نەک هەوڵی لەناوبردنی بدات.
ت.پ