نەوەی شۆڕش: لە وەرگرتنەوەی شوناسەوە بۆ ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک
شۆڕشی ١٩ی تەمووز کاریگەری ئەرێنی لەسەر گەنجانی کۆبانێ هەبوو، یارمەتیان دا بۆ دووبارە دۆزینەوەی ناسنامە و مێژوو و کولتوور و بوونیان.
نورشان عەبدی
کۆبانێ-شۆڕشی ١٩ی تەمووز ناسنامەیەکی ناوازەی بۆ ئەو گەنجانە دروستکرد کە لەگەڵ دەستپێکردنیدا لەناو کۆمەڵگەدا گەورە بوون، سیمای هەموو ژنێکی گەنجی گۆڕی، هەروەها پێشکەوتنی بەرچاوی لە بواری هۆشیاری و زانست و زانیاریدا هێنایە ئاراوە، بەمەش نەوەیەک دروست بوو کە لە ڕووی هزرییەوە هۆشیار و شارەزای مێژوو و کولتوور و شوناس و خودی خۆی بێت.
شۆڕشی ١٩ی تەمووز لە ساڵی ٢٠١٢ لە شاری کۆبانێ ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد، ئامانجی دەرکردنی ڕژێمی پێشووی بەعسی لە سووریا لە ناوچەکە و دامەزراندنی سیستمێکی نوێی خۆبەڕێوەبەری بۆ کۆمەڵگە، بەم کارە شۆڕشی ١٩ی تەمووز بەشداری کرد لە گۆڕانکاری ڕیشەیی لەناو کۆمەڵگەدا لە سەرانسەری هەموو کایە سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی و دیپلۆماسییەکان و هەروەها لە ژیانی ژنان و گەنجاندا.
کاریگەری ناوەندی شۆڕش لەسەر هۆشیاری گەنجان لەوەدایە کە ئەو نەوەیەی لەگەڵ سەرەتاکانیدا گەورە بووە تەنها چاودێری ڕووداوەکانی نەکردووە، بەڵکو بەشداریەکی کارا بووە لە ڕەوتی خۆیدا، شۆڕش دەرفەتی قووڵکردنەوەی تێگەیشتنیان لە خۆیان و کۆمەڵگەکەیان و کولتوورەکەیان بۆ ڕەخساند، ئەمەش جێپەنجەیەکی هەمیشەیی لەسەر جیهانبینی و ڕۆڵییان لەناو پێکهاتەی کۆمەڵایەتیدا بەجێهێشت، گەنجان لە ڕێگەی ئەم گۆڕانکارییەوە توانیان نەوەیەکی پێشکەوتووتر لە ڕووی هزررییەوە بونیاد بنێن و پەیوەست بن بە مێژوو و کولتوور و زمانەکەیەوە و توانای داڕشتنی ئامادەیی نوێیان لە داهاتووی کۆمەڵگەکەیاندا هەبێت.
لەو چوارچێوەیەدا، ئاژانسەکەمان چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژنێکی گەنج کرد کە لە یەکەم کەسەکان بوو کە لە ڕۆژانی سەرەتای شۆڕشدا بەشداری کرد و تا ئەمڕۆش درێژە بە خەباتی خۆی دەدات، نموونەیەکی زیندووی پێشکەش کرد لەو گۆڕانکارییەی شۆڕش لە هۆشیاری ژنان و ڕۆڵی ئەوان لە ناو کۆمەڵگەدا هێنایە ئاراوە.
"١٩ی تەمووز ئێمەی بە ناسنامە و کولتوور و مێژوو خۆمان ناساند."
ئاڤاشین میستۆ، هاوسەرۆکی دەستەی لاوان و وەرزش لە کۆبانێ ڕایگەیاند، شۆڕشی ١٩ی تەمووز کە لە کۆبانێ دەستیپێکرد، بناغەی تۆکمەی خەباتێکی درێژخایەنی پێکهێنا، ئەمەش لە سایەی خۆڕاگری و ماندووبوون و ئیرادەی دانیشتووانی شارەکەدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، خەباتی ژنان پایەیەکی سەرەکی بوو لە پەرەپێدانی شۆڕش و بەدیهێنانی دەستکەوتەکانیدا، تا ئەو ڕادەیەی کە لە ئاستی جیهانیدا بە شۆڕشی ژنان ناسرا، وتی: ژنانی گەنج و یەپەژە سەلماندیان کە سەرکەوتنی شۆڕش دەگەڕێتەوە بۆ پێشکەوتنی ژنان لە بەرەکانی پێشەوە، بەگوێرەی دیدگای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە سەدەی بیست و یەک سەدەی ڕزگاری ژنان دەبێت.
جەختی لەوەکردەوە، کە شۆڕش گۆڕانکارییەکی قووڵی لە هۆشیاری گەنجان هێنایە ئاراوە، گۆڕینی تێڕوانینیان بۆ کۆمەڵگە و ئاشناکردنیان بە ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیان وەک کورد و کولتوورەکەیان و بوونیان، بەمەش زیاتر پەیوەست بوون بە خۆیانەوە و توانای تێگەیشتنیان لە ڕۆڵی خۆیان لە بونیادنانی داهاتوویاندا.
ڕوونیشیکردەوە، ئەو گۆڕانکارییە هزری و دەروونییانەی شۆڕش لە نێو گەنجاندا هێنایە ئاراوە، بنەڕەتی و قووڵ بوون، بەتایبەتی بۆ ژنانی گەنج کە لەمێژە لەژێر دەسەڵاتی سیستمە سەرمایەدارییەکاندا تووشی پەراوێزخستن بوون، ئەوان وەک کەسێکی بێتوانا لە کردار یان کاریگەری لەناو کۆمەڵگەدا وێنا دەکران و گەنجان بە گشتی وەک کەسێکی بێتوانا سەیر دەکران کە هەنگاوی پێشکەوتنخوازانە بنێن یان بەشداری بکەن لە بونیادنانی کۆمەڵگەکەیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، گواستنەوەی گەنجان لەو قۆناغەوە بۆ تەڤگەری شۆڕشگێڕانە گۆڕانکارییەکی مێژوویی پێکدەهێنێت، چونکە خۆیان بە بەشێک لە پڕۆژەیەکی گۆڕانکاری فراوان بینیەوە، کاردەکەن بۆ گرتنەبەری هەنگاوی چۆنایەتی بەرەو پێشکەوتن و سەرکەوتن، بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان کە ناوی گەنجانیان لەسەرە، کە بەڕاستی توانای خۆیان بۆ دەستپێکردنی شۆڕش و دروستکردنی گۆڕانکاری سەلماندووە.
جەختی لەوە کردەوە، کە شۆڕش تەنها ڕووداوێکی سیاسی نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی گشتگیرە کە دەست دەخاتە سەر لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی گەلان، شۆڕشی ١٩ی تەمووز ڕێڕەوی کۆمەڵگەی لە ناوچەی ڕۆژئاوای کوردستان گۆڕی و کاریگەریی قووڵی لەسەر ژیانی مرۆڤ و گەنجان دانا و هۆشیاری و ناسنامە و ڕۆڵی داهاتوویان داڕشتەوە.
ئاڤاشین میستۆ ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئەو ئازار و مەینەتیانەی گەنجان لە سەردەمی شۆڕشدا بەرگەییان گرت، توانیان ئەو ئەزموونە سەختانە بگۆڕن بۆ هێزێکی بزوێنەر بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت و سەرکەوتنی بەرجەستە، وتی: ئەوان بەختەوەرن کە لەناو خودی شۆڕشەکەدا ژیاون و بەشدارییان لە هەنگاوە ئەرێنییەکانیدا کردووە و سات بە سات شاهیدی بەرخۆدانی گەلەکەیان بوون، ئەمەش وایکردووە بە قووڵی لە ناسنامە و کولتوور و لە ڕاستی و بوونی خۆیان تێبگەن.
دووپاتیکردەوە، شۆڕش ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە گۆڕینی بیرکردنەوەی ژنانی گەنج، بەهێزکردنیان بۆ ئەزموونکردنی ساتەکانی ئازادی لە سایەی بەرخۆدانی ئەو کەسانەی کە بەشدارییان لە دەستپێکردنیدا کردووە و بەشدارییان لە سەرکەوتنیدا کردووە، هەروەها باسکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان یەکسەر خەبات و خۆڕاگری و شۆڕشی ژنان بیردەهێنێتەوە، لەگەڵ ڕۆڵی پێشەنگانەی ژنانی گەنج و یەپەژە لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک و هۆشیاردا.
"دەستکەوتەکانی شۆڕشەکەمان دەبنە هەوێنی سەرکەوتنی قۆناغی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک"
سەبارەت بە ڕەهەندە هزری و کۆمەڵایەتییەکانی شۆڕشی ١٩ی تەمووز لە قۆناغی کۆتاییدا کە گەلی کورد ئەزموونی دەکات، قۆناغی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک و سووریایەکی دیموکراتیک، وتی: ئەمڕۆ قۆناغێکی نوێ لە شۆڕشدا دەژین، قۆناغێک کە تێیدا لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە دەگوازرێتەوە، لەگەڵ خۆی گۆڕانکارییەکی فراوان دەهێنێت کە کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر کۆمەڵگە بە گشتی بەجێدەهێڵێت، ئەم قۆناغە نوێنەرایەتی گواستنەوەیەک لە دەسەڵاتێکەوە کە کۆمەڵگە و گەنجان و ژنانی سنووردار کرد، بۆ سەرەتای شۆڕش و خەبات و ئازادییەک کە ڕێگا بۆ بونیادنانی ڕاستیەکی دیموکراتی جیاواز دەکاتەوە.
ئاماژەی بەوە کرد، کە گەیشتن بە ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک و بەدیهێنانی دیدگای سووریایەکی دیموکراتیک پێویستی بە هەمووان و بەتایبەت گەنجان هەیە کە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ١٩ی تەمووز بکەنە خاڵی وەرچەرخانێکی بنەڕەتی کە هەنگاوەکانی داهاتوو لەسەری بونیاد بنرێت، ئەم شۆڕشە بە خۆڕاگری و بەرخۆدان و گۆڕانی هزری و کولتووری، ئەو بناغەیە پێکدەهێنێت کە دەتوانێت کۆمەڵگە بەرەو دیموکراتیکی ڕاستەقینە ببات.
ڕوونیشیکردەوە، قۆناغی ئێستا پێویستی بە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەت گەنجان هەیە، دەستکەوتەکانی شۆڕش بپارێزن، بە بەردی بناغەی بونیادنانی سووریای نوێ، دوور لە ڕژێم و دەسەڵات و دەوڵەتی کۆن دەزانن، هەموو شۆڕشێک گۆڕانکاری لە بیرکردنەوەی کۆمەڵگەدا دەهێنێت و پاڵ بەوەوە دەنێت بەرەو هۆشیاری و بیرکردنەوەی دروست و دیموکراتیک، شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لە بناغەکەیدا، شۆڕشێکی هزرری و ئایدیۆلۆژی بوو کە ڕۆڵی پێشەنگانەی لە گەشەپێدانی کۆمەڵگە و دووبارە داڕشتنی هۆشیارییەکەیدا هەبوو.
ئاڤاشین میستۆ جەختی لەوە کردەوە، کە پاراستنی ئیرادە و دەستکەوت و ناسنامە و مێژوو بەردی بناغەی پاراستنی شۆڕشی ١٩ی تەمووز، ئەو شۆڕشەی دامەزراند کە نەوەیەکی دامەزراند لە ڕووی هزری و دەروونییەوە هۆشیار و توانای ئەوەی هەیە بەرپرسیارێتی قۆناغی داهاتوو لە ئەستۆ بگرێت، ئەم هۆشیارییە پێشکەوتووە گەنجان دەکاتە بەشێکی سەرەکی لە بونیادنانی سووریایەکی نوێ و دیموکراتیک، سووریایەک کە هەموو پێکهاتەکانی لەگەڵ ناسنامە و کولتوور و زمانەکانیان لە باوەش بگرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، سووریا ئەمڕۆ پێویستی بە گۆڕانکاری ڕیشەیی هەیە لەسەر ئاستی یاسایی و مافی مرۆڤ و دەستوری و پەیوەستبوون بەم قۆناغە نوێیە پێویستی بە پابەندبوونە بە دەستکەوتەکانی ئەو شۆڕشەی کە بنەمای گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان پێکهێنا، گەنجان لە پێشەنگی ئەم ڕێگایە دیموکراتیکییە دەبن.
شۆڕشی ١٩ی تەمووز نەک هەر ڕەوتی سیاسی لەناو کۆمەڵگەدا گۆڕی، بەڵکو بەشداری کرد لە بونیادنانی تاکی هۆشیار لەناو کۆمەڵگەدا کە لە سەرەتای شۆڕشەوە تا ئەمڕۆ توانیان کەسایەتی ڕۆشنبیری هۆشیار بونیاد بنێن.