نووسەری کورد: پێویستە بە کوردی بنووسین و قسە بکەین و بژین

ناریمان ئەڤدیکێ، نووسەری کورد ڕایگەیاند، مافی کورد پارێزراو ناکرێت و بە دروشم بە زیندوویی بهێڵرێتەوە، پاراستنی زمانی کوردی تەنها ئەرکی ڕۆژئاوای کوردستان نییە.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

قامیشلۆ- ڕۆژی ٢٧ی ئاب، وەزارەتی پەروەردەی سووریا بڕیاریدا کە زمانی کوردی تەنها بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لە قوتابخانەکاندا بخوێندرێت، ئەم بڕیارە بووە هۆی ناڕازیبوونی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەتایبەتی خوێندکاران، مامۆستایان، بنەماڵەی خوێندکاران، هەموو سێکتەرەکانی تر.

 

شایانی باسە لە کاتێکدا هەزاران خوێندکار بەردەوامن لە چالاکییە ناڕەزایەتییەکانیان و خۆپیشاندانی ڕۆژانەیان لە مەیدانەکاندا، وەزارەتی پەروەردەی سووریا تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی سەبارەت بەو گۆڕانکارییانە دەرنەکردووە.

 

ناریمان ئەڤدیکێ، نووسەری کورد کە لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان دەژی، لەگەڵ پەیامنێری ئاژانسەکەمان سەبارەت بە گرنگی زمانی کوردی قسەی کرد و داواکارییەکانی بۆ گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و ڕەوەند دەربڕی.

 

”دەبێت بەهای چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی بزانرێت”

ناریمان لە سەرەتادا وتی: کاتێک دەڵێن زمانی دایک، واتای ئەوەیە کە کولتوور و زمان گوزارشت لە ژیانی خۆیان دەکات و ئەویش ڕۆڵی نووسەرانی لە پاراستنی زمانی کوردیدا بەم شێوەیە دەربڕی: بۆ چەندین ساڵ زمانی کوردی قەدەغە بوو، زۆر پەرتوک و بەرهەمی نووسەر هەبوو، بەڵام چاپ نەکراون و بۆ ماوەیەکی زۆر ڕۆشنایی ڕۆژیان نەبینی، بۆ من کە هەموو بەرهەمەکانم بە کوردی نووسیوە، نووسین بە کوردی پیرۆزترین شتە، پێویستە بەهای چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی بزانرێت و بە پیرۆزی هەژمار بکرێت، ئەگەر جارێکی دیکە زمانەکەمان قەدەغە بکرێتەوە، ساڵانێک ناتوانین بە زمانی خۆمان بنووسین و ئەو بەرهەمانەی ساڵانێکە دروستکراون و چاپکراون، لەدەست دەچن.

 

”پردی نێوان کورد و پێکهاتە بیانییەکان زمانی کوردییە”

ناریمان ڕایگەیاند، کە هەرگیز خەون بە نووسینی بەرهەمەکانی بە زمانی عەرەبی نابینێت، چونکە هەمیشە زمانی دایکی خۆی پێ باشتر بووە و وتی: ئەوانەی دەیانەوێت بەرهەمەکانمان بخوێننەوە و کولتوورەکەمان بناسن دەتوانن وەریبگێڕن بۆ زمانی عەرەبی و زمانەکانی دیکە، بە نووسینی پەرتوکی کوردی، ئێمە ئازار و کولتوور و فۆلکلۆر و ژیان و مێژوومان نیشان دەدەین، زمانی کوردی دەبێتە پردی نێوان ئێمە و کۆمەڵگەی بێگانە، بەم پردە، ئێمەش کولتوور و مێژوو و ناسنامەی خۆمان دەخەینە بەردەم کۆمەڵەکانی دیکە، بەڵام کەی ئەمە دڵسۆزانەتر و قووڵتر دەبێت؟ بێگومان کاتێک نووسەر بە زمانی دایکی خۆی دەنووسێت و ڕەسەنایەتییەکەی دەپارێزێت، بۆیە زۆر گرنگە هەموو نووسەران بەرهەمەکانمان بە زمانی کوردی بنووسین.

 

ئەدەبیاتی عەرەبی خوێندووە بەڵام بەرهەمەکانی بە زمانی کوردی دەنووسێت

ناریمان، کە دەرچووی ئەدەبی عەرەبیە لە زانکۆکانی سووریا و بەرهەمەکانی بە زمانی کوردی دەنووسێت، وتی: هەندێک کەس هەن بە زمانی عەرەبی دەنووسن، ساڵانێکە پەرتوک و بەرهەمی جیاواز بۆ زمانی عەرەبی و زمانەکانی دیکە نووسراون، بەڵام ئەمڕۆ دەبێت ئاگاداری زمانی خۆم بم، ئەگەر من و ئێوە و ئەوانی دیکە ئاگاداری زمانی دایکی خۆمان نەبین، مافی ئەوەمان نییە داوای مافی خۆمان بکەین بۆ زمانی دایکی کەزمانی کوردیە.

 

دکتۆر نورەدین زازا لەسەر زمانی کوردی چی وت؟

ناریمان ئاماژەی بە  قسەکانی نووسەر و شاعیری بەناوبانگی کورد دکتۆر نورەدین زازا کرد، کە وتی: ئەگەر کورد بیەوێت خۆی لە لەناوچوون و لەدەست نەدانی یەکتری بەدوور بگرێت، پێویستە زمانەکەی بخوێنێتەوە و بخوێنێتەوە، هەروەها بنەمای نووسینەکانی، زمانی کوردی لە ڕووی دەوڵەمەندی وشەسازییەوە لە پلەی هەشتەمی جیهاندایە.

 

ناریمان سەرنجی بۆ دۆخی زمان لە هەموو پارچەکانی کوردستان ڕاکێشا وتی: ساڵانێکی زۆرە لە هەموو پارچەکانی کوردستان قسەکردن و خوێندنەوەی زمانی کوردی قەدەغە بوو، زمانەکەمان ڕووبەڕووی چەندین هێرشی جینۆساید و سیاسەتی لەناوچوون بووەتەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە، سەرەڕای ئەو هەموو هێرشە جینۆساید و توندترین سیاسەت، زمانی کوردی لە ڕووی دەوڵەمەندی وشەسازییەوە لە پلەی هەشتەمی جیهاندایە، ئەمەش گەورەیی بەرخۆدانی باپیرانمان بۆ پاراستنی زمانی دایکیمان دەردەخات، ئێمە لە ڕێگەی زمانەکەمانەوە کولتوور و مێژووی خۆمان پاراستووە و گەیاندوومانەتە ئەمڕۆ.

 

”خوێندکارانی ئەمڕۆ زمانی کوردی بە زیندووی دەهێڵنەوە”

ناریمان بۆچوونی خۆی سەبارەت بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی سووریا بۆ پێدانی سێ کاتژمێر بە خوێندکارە کوردەکان دەربڕی و وتی: بڕیارەکە هەرچییەک بێت، ئەوەی گرنگە تا چەند دەتوانین زمانەکەمان لەسەر زەوی بپارێزین، ئێمە خەبات و هەوڵی خۆمان لە بواری بڵاوکردنەوە و چاپەمەنی و قسەکردن بە شێوەزاری خۆمان هەیە، هەڵوێست و خۆڕاگری خوێندکاران کە تا ئێستا بڕیارەکەی حکومەتیان ڕەتکردۆتەوە، ڕێگە دەدات زمانی کوردی بە زیندووی بمێنێتەوە و ببێتە بەناوبانگترین و دەوڵەمەندترین زمانی جیهان.

 

”وڵاتانی ئەوروپی و چین جێگەیەکی گرنگیان بە کورد داوە لە سیستەمی پەروەردەی خۆیاندا”

ناریمان ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی و تەنانەت چینیش بەشی ماستەریان لە خوێندنی کوردی لە زانکۆکانیان کردۆتەوە و وتی: هێرش و قەدەغەکردنی زمانەکە ئەمڕۆ لە بۆشایییەکەوە نایەت، چونکە ئەو ئاستە دەبینین کە زمانی کوردی لە چەند وڵاتێکی جیهاندا پێی گەیشتووە، خولی کوردی لە قوتابخانەکانی ئەوروپا و چین دەخوێندرێت و بەشی خوێندنی کوردیش کراوەتەوە، کە ئەمانە پەیامی زۆر بەهێزن بۆ ئێمە.

 

”پاراستنی زمانی کوردی تەنها ئەرکی ڕۆژئاوای کوردستان نییە”

ناریمان جەختی لەوە کردەوە، کە پاراستنی زمانی کوردی تەنها لە ئەستۆی ڕۆژئاوای کوردستان نییە و وتی: گەشەپێدان و پشتیوانی لە زمانی کوردی دەبێ لە هەموو شوێنێک بێت و تەنها لە جوگرافیای ڕۆژئاوادا قەتیس نەکرێت، بە بەراورد لەگەڵ زمانە سەرەکییەکانی جیهان، زمانی کوردی دەبێ پارێزراو بێت، بۆیە لە ڕۆژئاوا و هەموو کوردستان و تەنانەت ڕەوەندیش پێویستی بە پشتیوانی و کاری هاوبەش هەیە، چونکە هەوڵی تاکەکەسی و پەرشوبڵاو بەو ئەنجامە بەدەست ناهێنێت کە ئێمە دەمانەوێت.

 

”کورد دەسەڵاتی گۆڕان و گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە”

ناریمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە کورد چوارەم گەورەترین نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و هێزی گۆڕانکاری هەیە،  ئامانجی هێرشەکانی سەر زمانی دایکی بەم شێوەیە ڕوون کردەوە: لە کۆنەوە تا مێژووی نوێ، کورد هەمیشە ڕووبەڕووی هێرشی جیاواز بووەتەوە، بەڵام جیاوازی ئەوەیە کە منداڵی دوێنێ و ئەمڕۆ وەک یەک نین، ئەمڕۆ هێزێکی سەربازی و ئیرادەی پۆڵاینمان هەیە و دەنگمان زیاتر لە جاران دەگاتە جیهان، لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەی لەسەر ئاستی جیهانی ڕوودەدەن، دۆخی کوردیش لە گۆڕاندایە، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کە ئێمە دەستبەرداری دۆزی خۆمان نەبین و داوای مافەکانمان بکەین بۆ پاراستنی بوون و ناسنامە و مێژوومان.

 

”جەنگی ئەمڕۆ بە چەک نییە، پێویستی بە مێشکی زانایان هەیە”

ناریمان جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت هەموومان ببینە تێکۆشەر بۆ پاراستنی زمانی کوردی  وتی: گرنگە هەریەک لە ئێمە لەم قۆناغەدا خۆی وەک کەسێکی بەرپرسیار ببینێت بۆ ئەوەی بتوانین دەستکەوتەکانی ئێستا مسۆگەر بکەین، ئێمە چووینەتە قۆناغی ئەنتیگراسیۆنەوە، بەڵام شەڕەکەمان هەرگیز نەوەستاوە، ڕەنگە شەڕی چەکداری کۆتایی هاتبێت، بەڵام زۆر شەڕی دیکە لە پێشمانە، شەڕی پێنوس، شەڕی سیاسەت، شەڕی پاراستنی زمان و کولتوور،  گەورەترین شەڕ کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە ئەوەیە کە چۆن بتوانین لە سەوریای داهاتوودا بوونی بین و ناسنامەی خۆمان وەک بەشێکی گرنگ بپارێزین. شەڕی ئەمڕۆ بە چەک نییە، پێویستی بە مێشکی زانایان هەیە.

 

”دروشمەکان ناتوانن مافی کورد بپارێزن”

ناریمان ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچی ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبدات کاریگەری لەسەر سێ پارچەی دیکەی کوردستان دەبێت و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: دەبێت کاری جددیتر لە بەرزکردنەوەی دروشم بکەین، ئەمڕۆ کاتی ڕەشکردنی بەڕێوبەرایەتی و خەڵک و فەرماندەکان نییە، کاتی ئەوەیە پێکەوە بوەستین، دروشمەکان بەتەنها ناتوانن مافی کورد بپارێزن، هەروەها ناتوانن زمانی کوردی زیندوو ڕابگرن؛ دەبێت بە کوردی بنووسین، قسە بکەین، بیر بکەینەوە و بژین.

 

ناریمان ئەڤدیک کێیە؟

ناریمان ئەڤدیکێ، نووسەر و کورتەچیرۆکنووس لە ساڵی ١٩٨٨ لە شاری سەرێکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان لەدایک بووە، خوێندنی لە شارەکەی خۆی تەواو کردووە و پاشان ناوی خۆی لە کۆلێژی ئەدەبیاتی عەرەبی (بەشی زمانی عەرەبی) لە زانکۆی فورات لە دێرەزوور تۆمار کردووە، بەڵام بەهۆی سەختی بارودۆخی ئەو کاتە، نەیتوانی بڕوانامەی دەرچوون وەربگرێت، لە ساڵی ٢٠١٢ دوای هێرشی چەندین جار بۆ سەر شارەکەی لەگەڵ خێزانەکەی ڕوویان لە شاری ئامەد لە باکوری کوردستان کردووە، ناریمان ماوەی چوار ساڵ لەوێ مایەوە، لەو ماوەیەدا ناوی خۆی لە ئەکادیمیای ڕۆشنبیری و هونەری جگەرخوێن (بەشی ئەدەب و زمانی کوردی) تۆمار کردووە و دواتر بڕوانامەی دەرچوونی وەرگرتووە، هەروەها بۆ ماوەی شەش مانگ لە ئەکادیمیای کوردی دێرا کە پرۆگرامی ئامادەکاری و باخچەی ساوایانە، بەشداری کردووە، لەو ماوەیەدا بڕوانامەیەکی دیکەی وەرگرتووە.

 

چەندین خەڵاتی وەرگرتووە

ناریمان، نووسەر لە گەشتی نووسینەکەیدا چەندین خەڵاتی ئەدەبی وەرگرتووە، لەوانە خەڵاتی دووەمی بەشی کورتە چیرۆک لە فێستیڤاڵی ئەدەبی ڤیان ئامارە لە کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٧ و خەڵاتی یەکەم لە فێستیڤاڵی کورتە چیرۆکی عوسمان سێبری لە قامیشلۆ لە ساڵی ٢٠١٨، هەروەها لە شاری ئامەد، کە باکووری کوردستان بە ناوی شاعیر جگەرخوێن خەڵاتێکی وەرگرتووە و لە فێستیڤاڵی ڕۆژ لەلایەن ڕێکخراوی ڕۆژەوە خەڵاتی پێدراوە.

 

کارەکان و بەرپرسیارێتیەکانی

بەرهەمە چاپکراوەکانی بریتین لە: (خەونی پڕ لە ئازار)، کۆمەڵە کورتە چیرۆکێک بە ناوی (هەوری هاوینە)، بیرەوەری بە ناوی (بەرەبەیان) و (دەرگا) و کۆمەڵە کورتە چیرۆکێکی دیکە، ئەو ئەرکانەی کە هەڵیگرتووە: ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئەدەبی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەندامی پێشووی دەستەی کارگێڕی یەکێتی ڕۆشنبیرانی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەندامی پێشووی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ڕۆژئاوای ڕۆشنبیری و ئەدەبی، لە ئێستادا هاوسەرنووسەری گۆڤاری دێستارە، هەروەها چالاکوانێکە و پشتگیری لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکات