بێریڤان محەمەد: کوشتنی ژنان لە باشووری کوردستاندا دۆخێکی سیستماتیک بەخۆیەوە دەبینێت
لە باشووری کوردستاندا دەسەڵاتی پشتاوپشت و خۆسەپێن لە دژی پرسی ئازادی و ژنان کار دەکات، بێریڤان محەمەدیش دەڵێت: دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ڕووخانی دەسەڵاتی خۆیان لە ئازادی هزری ژناندا دەبیننەوە.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- لە باشووری کوردستاندا و عێراقدا ڕۆژانە کوشتنی ژنان بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری ئەنجام دەدرێت، لە دوای ٣٣ ساڵ حکومڕانی لەلایەن حزبە کوردییەکانی باشوورەوە دۆخی ژنان ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت و لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٥٠ ژن کوژراون، یاخود بە بوونی پاڵنەرێک خۆیان کوشتووە. کوشتنەکانی ژنان لە کەیسی تاکە کەسی دەرچووە و بووەتە کۆمەڵکوژی ژنان.
دەسەڵاتەکانی جیهان کە بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری و خۆسەپێنی حکومڕانی خۆیان بەڕێوە دەبەن، بوونی خۆیان لەسەر چەوساندنەوەی کۆمەڵگە و بە تایبەت دوورخستنەوەی ژنان لە کایە سیاسیی و کۆمەڵایەتیەکاندا دەبیننەوە، کوشتنی ژنانیش بە دەستی پیاوان ڕۆژانە بە هەمان ئەقڵیەتی دەسەڵاتە کە لە باشووری کوردستانیشدا ڕەنگی داوەتەوە.
کوشتنی ژنان بە چەکی بێ مۆڵەت، کەرەستە تیژەکانی وەک چەقۆ، سووتاندنی ژنان، فڕێدانە خوارەوەیان لە باڵەخانەکان، لە زۆرترین خۆکوشتنەکانی ژنانیشدا دەردەکەوێت کە پاڵنەرەکان پیاوانن یان بکوژەکان پیاوانن و بەڵام دەسەڵات و خێزان دەیانپارێزن و بە ناوی کوشتن بە ناوی شەرەف و کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بێدەنگە لە کەیسەکە دەکەن.
بارودۆخی ژنان لە ژێر سایەی ئەقڵیەتی ژن کوژ و دژە ژندا بە ئاستێکی ناسەقامگیردا گوزەر دەکات، کوشتنەکان ڕێژەیەکی بەرزیان تۆمارکردووە، بۆیە لە ئێستادا ئامارەکانی کوشتنی ژنان لە باشووری کوردستاندا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و لایەنە فەرمییەکانەوە بڵاوناکرێنەوە و بەرزبوونەوەی ڕێژەکانی کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنی ژنان لە هاوڵاتیان دەشاردرێتەوە، جۆرەکانی کوشتنی ژنان و بەردەوامیدان بە شێوازە جیاوازەکانی کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنیش بە شێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوە دەچێت.
"بە چەکی مۆڵەتپێدراوی دەسەڵات ژنان دەکوژرێن و بکوژ لەلایەن دادگاوە سزا نادرێن"
بێریڤان محەمەد، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان، باس لەوە دەکات، دەسەڵاتی باشووری کوردستان ئامادەییەکی بەرچاو دەبینێت لە ئەنجامدانی کوشتنەکانی ژنان و دەڵێت: لە پشت کوشتنەکانی ژنان دەسەڵات ئامادەییەکی بەرفراوانی هەیە، زهنیەتی دەسەڵاتداری لە باشووری کوردستاندا زهنیەتێکی پیاوسالارییە، دەسەڵاتی خۆسەپێن و بنەماڵەیی لە دژی بیری ئازادی ژن و پرسەکانی ژنان کار دەکەن، چونکە ئەگەر ژنێکی ئازاد و هۆشیار هەبێت کۆمەڵگەش ئازاد دەبێت، ئەمە دەبێتە ترس لای دەسەڵاتدارانی خۆسەپێن، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان نەمانی دەسەڵاتی خۆیان لە ئازادی هزر و ژناندا دەبیننەوە، لە پشت کوشتنەکانی ژنانەوە دەمانچەی دەسەڵات هەیە، کە بە دەست ئەندامی حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستانەوەن، چەندین نمونەی کوشتنی ژنان بە بەکارهێنانی چەکی دەسەڵاتداران و لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە ئەنجامدراوە، بە نمونە سنوور، کە لە پارکی دایک لە شاری سلێمانی کوژرا، ئەو کەسەی کە تاوانی کوشتنی سنوری ئەنجامدا لە پاشاندا سێ کەسی دیکەی کوشت، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی چەک بەدەستی حزبەکان بوو دادگای نەکرا، هەروەها لە دوای دەنگدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەسەڵاتی پەدەکە بە ئاشکرا لە کایە سیاسیەکانی ژنانی دەدا و لە ڕێگەی ڕیکلامەوە کەسایەتی ژنانی شکاند.
ئەو چالاکوانە باسی لەوەکرد، دادگاکان لایەنگری دەسەڵاتداری بکوژ دەکەن، وتیشی: کاتێک بکوژی ژنان سەر بە دەسەڵات دەبن لە لایەن دادگاکانەوە بە سزا ناگەیەندرێن، کاتێک بکوژ سەر بە دەسەڵاتێک بێت و کوژراو سەر بە لایەنێکی حزبی بێت، لە ئەنجامدا دادگا سزای یاسای بەسەر لایەنێکیان دەسەپێنێت، سیستمی دەسەڵاتداری لە باشووری کوردستاندا لە ڕووی دادگایەکەیەوە دەستوەردانی دەسەڵاتداری و حکومڕانی تێدا دەکرێت، هەروەها لایەنی پەروەردەیش بەهۆی دەستوەردانی حکومەتی باشووری کوردستان لە ئێستادا کار لەسەر لێدان لە پرسی ژن دەکەن، پاشان وەزارەتی ئەوقاف لە هەرێمی کوردستاندا کار لەسەر کوشتنی ژنان دەکات، دوای دامەزراندنی ئەنجومەنی خانمان کە ڕاستەوخۆ سەر بە حکومەتە و پەدەکە دەستباڵایە تیایدا، تەنها کاریان ڕووپۆشکردنی کوشتنی ژنانە، داگیرکاریەکانیش لە باشووری کوردستاندا تەنها داگیرکاری خاک و نەتەوە نییە، بەڵکو داگیرکاریەکان خۆی لە داگیرکاری ڕەگەزیشدا دەبینێتەوە، لە ڕێگەی هێرش و داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیاوە ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر ژنانی ئازاد، ژنان لە تەواوی پارچەکانی کوردستاندا بە دەستی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا تیرۆر دەکرێت، دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستانیش بە هەمان ڕێچکە و ڕەنگی ئەنقەرە کار لەسەر لەناوبردنی پرسەکانی ژنان لە باشووری کوردستاندا دەکات.
"هەموواری یاسای باری کەسێتی دەبێتە جینۆسایدکردنی ژنان بە دەستی دەوڵەتانی دراوسێ لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا"
بێریڤان محەمەد، ئاماژەی بەوەشدا، دەوڵەتانی ئێران و تورکیا دوو دەوڵەتی دژ بە ژنانی ئازادن، بە چەندین مەزهەب ڕێگە لە دەنگ هەڵبڕینی ژنان دەگرن، لە ڕۆژهەڵاتدا لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە چەندین ژنی چالاکوان دەخرێنە زیندانەکان، لە باکووری کوردستانیشدا بە هەمان شێوە ژنان تیرۆر دەکرێت و دەکرێنە زیندانەکانەوە، سەبارەت بە باشووری کوردستانیش دەڵێت: لە ڕێگەی دەستوەردانی دەوڵەتانی دراوسێ و ڕێکەوتنی شیعەکان لە پەرلەمانی عێراقدا کار لەسەر هەمووارکردنەوەی یاساکان دەکەن، کە هەموواری یاسای باری کەسێتی ساڵی ١٩٥٩ کارێکی مەترسیدارە بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت، هەمووارکردنەوەی یاساکە دەستدرێژی کردن بۆ سەر منداڵان دەکاتە یاسایی و لە دادگاکاندا ڕەوایی پێدەدرێت، کە دەبێتە هۆکاری تتێکچوونی کۆمەڵگە و پاشان ڕێژەی کوشتن و خۆکوژی ژنان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا بەردەوام ڕوو لە زیادبوون دەکات، هەروەها سەندنەوەی مافی دایکایەتی لە دوای جیابونەوەی هاوسەران، هاوکارە بۆ قبوڵکردنی ئەو زوڵم و ستەمەی لەلایەن پیاوانەوە بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت تا مافی دایکایەتی لێ زەوت نەکرێت، هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی دەبێتە هۆکاری جینۆسایدکردنی ژنان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، پێویستە هەوڵەکانی داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان چڕتر بکرێتەوە، تا بتواندرێت چی دیکە ژنان جینۆساید نەکرێن.
ئەو چالاکوانە لە کۆتاییشدا جەختی لە خۆبوونیادنان و دروستکردنی قەڵغانێک لەلایەن ژنانەوە بە دەوری یەکدیدا کرد و وتی: دەبینین لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ڕۆژ بە ڕۆژ خۆری ژنان زیاتر و زیاتر پرشنگ دەهاوێژێت، بە ڕێکخستنی ڕێزەکانمان پێویستە وەک ژنانی باشووری کوردستان سوود لە چالاکیەکانی ئەوان وەربگرین، لە پێشوودا ژنان ئامانجمان پەیڕەوکردنی مۆدێلی لیبڕالیزم بوو، بەڵام لە ئێستادا ئەوروپاش سود لە خۆبەڕێوەبەری ژنان لە ڕۆژئاوادا دەبینێت، لە کاتێکدا ئێمەی ژنانی باشووری کوردستان لە ڕۆژئاواوە نزیکین پێویستە لەسەر بنەمای ژنۆلۆژی ژنانی باشووری کوردستان پەروەردە ببینێت، ئەگەر ژنان خاوەن هزرێکی ئازاد و ئایدۆلۆژیایەکی ئازاد بن، دەتوانن یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی ڕیزەکانیان بەرجەستە بکەن، حزب و لایەنەکان ناچار بە خۆپەروەردەکردن بکەن. لەبەر ئەوەی دەسەڵاتداران یەک هەنگاوی بچووک لەسەر پرسی ژنان نانێن، دەبێت ئێمەی ژنان لە ڕێگەی خۆپەروەردە کردنەوە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی پرسەکانی ژنان بدەین، بە نزیکبوونەوەمان لە ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەمیش دەستکەوت بۆ ژنان بەدەستبهێنین.