نەبوونی خەرجی خوێندنگەکان کاری بەشە وەرشەییەکان ئاستەنگ دەکات

خوێندنگەکان لە ڕووی پێداویستییەوە کەموکورتییان هەیە و خەرجییەکانیان بۆ دابین ناکرێت، ژمارەیەکی کەم لە خوێندنگەکان بەشی پیشەییان هەیە و خۆیان پێداویستییەکانیان دابین دەکەن، بەڵام ئەو خوێندنگەکانەی بەشی پیشەییان نییە بە کەموکورتییەوە دەمێننەوە، پەروەردەش وەڵامی داواکانیان ناداتەوە.

 

شنیار بایز

سلێمانی- تەنها بەشێکی کەم لە خوێندنگەکان بەشی پیشەییان هەیە، کە پێکدێت لە دارتاشی، سیرامیک و چنین، لە ڕێگای ئەم بەشەوە خوێندنگەکان دەتوانن هەندێک لەو پێداویستیانەیان دەستبکەوێت و خۆیان کرداریانە کەلوپەلە شکاوەکانیان پڕبکەنەوە و کاری نۆژەنکردنەوە ئەنجامبدەن.

 

لێرەدا دەپرسین، تا چەند پێداویستی بۆ بەشی پیشەیی دابینکراوە؟، وەک مامۆستا نیان حەسیب باسی لێوەدەکات پێداویستییەکانی بەشی وەرشە دابین ناکرێت و ئەوەشی هەیە بە هاوکاری خۆیان و خێزانی خوێندکارەکان پەیدای دەکەن.

 

ئەکرەم قەزاز یەکێکە لەو خوێندنگایانەی بەشی پێشەیی تێدایە، مامۆستاکانی ئەو بەشە لە سەرەتای ئەمساڵەوە کاری نۆژەنکردنەوەی کورسی خوێندکاران دەکەن، نیان حەسیب، یەکێکە لەو مامۆستایانەی بە کرداری ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە نۆژەنکردنەوە و چاککردنی کورسییەکان، دەربارەی کار و چالاکییەکانی بەشی پیشەیی و خوێندنگەکە بۆ نوژنها دوا.

 

"بەهۆی ئەوەی بەشی پیشەییمان هەیە بۆیە هاوکاریمان ناکەن"

مامۆستا نیان ئاماژەی بەوەدا کە ئەرکی حکومەت و وەزارەتی پەروەردەیە هاوکاری خوێندنگەکان بکەن و پێداویستیان بۆ دابین بکەن بەڵام بە هۆکاری ئەوەی خوێندنگەی ئەکرەم قەزاز بەشی پیشەیی هەیە، خۆان پێداویستیەکان دابین دەکەن و دەشڵێت: تەنانەت وەستای شارەزاشمان بۆ دابین نەکراوە تا پێمان بوترێت چۆن چاکیان بکەین".

 

ئەو مامۆستایە باسی لەوەشکرد، کورسییە شکاوەکانیان بەکارهێناوە بۆ چاککردن و دووبارە دروستکردنەوەی کورسی نوێ، هەروەها ساڵانە ژمارەیەک تەختەیان وەرگرتووە بۆ نوێکردنەوەی هەندێک کورسی، بەڵام لەم ساڵانەدا ئەو تەختانەش نادرێت بە بەشە پیشەییەکان.

 

ئەو خوێندنگایانەی بەشی پیشەییان نیە، داواکاری ئاڕاستەی پەروەردە دەکەن بۆ پێداویستییەکانیان، لە بەشە پیشەییەکاندا خۆیان پێویستە کاری نۆژەنکردنەوە و چاکسازی بکەن، نیان وتیشی: :کاتێک داوای کەلوپەل دەکەین هیچ وەڵامێکیان نادەنەوە، بەڵکو دەڵێن لە ئێستادا بڕە پارەیەک لەبەردەستدا نییە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکان".

 

خوێندنگەکان نەک تەنها کورسی بەڵکو کەم و کورتی دیکەشیان هەیە

ئەو مامۆستایە باسی لەوەکرد، نەک تەنها کورسی نوێ لە خوێندنگەکاندا نییە بەڵکو کێشەی کارەبامان هەیە، زۆرینەی کات کارەبای نیشتیمانی نییە یاخود داتاشۆ لە بەشێکی پۆلەکاندا هەن و لە بەشێکی زۆریدا نین ئەوەشی کە هەیە بە هاوکاری دابینکراوە، پەروەردە و حکومەت دابینی ناکەن و دەڵێن کە بودجە نییە.

 

وتیشی "هەرکاتێک بمانەوێت گۆڕانگارییەک لە خوێندنگەکەماندا بکەین، خۆمان لە نێو مامۆستاکاندا بڕە پارەیەک کۆدەکەینەوە یاخود، هەر خوێندکارێک بزانین لایەنی ئابوری خێزانەکەی باشە دەتوانین وەک خێرخوازێک داوای هاوکاری لێبکەین بۆ ئەوەی پێداویستییەکان دابین بکەین، بەوجۆرەش کەم و کورت هەر بەدی دەکرێت، بەڵام بەهۆی خێرخواز و هەڵوێستی مامۆستاکانمانەوە یەکجار زۆر نییە".

 

مامۆستایان بەبەراورد بە ئەرکی خۆیان زیاتر کار دەکەن

وەک مامۆستا نیان ئاماژەی پێدا مامۆستایان لە ئێستادا خۆیان ویژدانیان نائارامە کە دەبینن خوێندنگەکەیان بەرەوپێشچوون بە خۆیەوە نابینێت بۆیە هەوڵ نۆژەنکردنەوە و خزمەتکردنی دەدەن.

 

لە هەڵمەتێکی مامۆستاکانی خوێندنگەی ئەکرەم قەزازدا، لە سەرەتای دەستپێکردنی خوێندنەوە ڕۆژانە ٢٥ کورسی تێکشکاویان چاککردووەتەوە، نزیکەی ٢٠٠ کورسی چاککراوەتەوە کە بە ئەرکی خوێندکار و مامۆستایانی خوێندنگەکە کارەکانی ڕاپەڕێنراوە.

 

ت.پ