"نامەوێت بەهۆی جەستەمەوە واز لە ژیان بهێنم"

بەهۆی جەنگی چەند ساڵەوە لە عێراقدا، نەخۆشی و بوونە خاوەن پێداویستی تایبەت زیادیکردووە، بە تایبەتی لەو منداڵانەی لەکاتی جەنگدا لەدایکبوون، ئەمانی محەمەد، یەکێکە لەو منداڵانە و ئێستا ٢٣ ساڵە، ئەو بە ئومێد و گەشبینی و پێداگرییەوە دژی سەختییەکانی ژیان دەوەستێتەوە.

 

غوفران ئەلرادی

بەغدا- بەهۆی چەندین ساڵ شەڕ لە عێراقدا نەخۆشی بڵاوبووەتەوە، یەکێک لە نەخۆشییە جەستەییەکان، خاوەن پێداویستی تایبەتە، کە بەشێکی زۆری منداڵانی گرتووەتەوە، ئەمانی محەمەد، تەمەنی ٢٣ ساڵە و تووشی ئیفلیجی هەردوو قاچ و نەبوونی جوڵەی دەست و هەندێک کێشەی هەناسەدان بووەتەوە، سەرەڕای سەختی و تێڕوانینی کۆمەڵگە هەوڵدەدات بە شێوەیەکی ئەرێنی ژیانی خۆی بگوزەرێنێت و بڕیاریشی داوە پرۆژە بچووکەکەی دەستپێبکات.

 

ئەمانی محەمەد باسی لە هاندانی دەوروبەری کرد و وتی: هێزم لە خێزانەکەم وەرگرت، خێزانەکەم و هاوڕێکانم ڕۆڵێکی سەرەکیان گێڕا لە هاندانی من بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکە و لەو کاتەدا کە چەند داواکارییەک هەبوو بۆ دروستکردنی شیرینی هەستم دەکرد کە لەم ژیانەدا کارێک دەکەم و ئەگەر زیاتر کاربکەم سەرکەوتن بەدەستدەهێنم".

 

"توندوتیژی زارەکی ڕێگر نابێت لە کارەکەم"

ئەمانی محەمەد نیگەرانە لەوەی نەیتوانیوە خوێندن تەواو بکات بەهۆی ئەو قسانەی کە بەرامبەری دەکرا، ئاماژەی بەوەدا کە لە قوتابخانەی سەرەتایی وازی لە خوێندن هێناوە، ئەوکاتەی تووشی ئیفلیجی بووە تەمەنی ٦ ساڵان بووە، "لەوکاتەدا نەمدەتوانی ڕووبەڕووی توندوتیژی زارەکی ببمەوە کە لەلایەن هاوڕێیانی قوتابخانەوە پێم دەوترا، بەڵام ئێستا من ئەوەم تێپەڕاندووە کە وشە و کاریگەرییە نەرێنییەکان کاریگەری بکەنە سەرم، ئەمجارە من سەرکەوتن بەدەستدەهێنم".

 

ئەو لە کاری ماڵەوە و دەرەوەدا هاوکاری خێزانەکەی دەکات، بەیانیان بۆ نان کڕین دەچێتە دەرەوە و لەسەر کورسییەکەی لە هەندێک کاردا ئەرکی سەرشانی دایکی کەم کردووەتەوە، دەشڵێت خاوەن پێداویستی تایبەتی لە جەستەدا نییە، "باوەڕم بەخۆم هەیە و هەموو کاتێک دەڵێم توانام هەیە بەسەر سەختییەکانی ژیاندا زاڵ ببم".

 

"من بەهۆی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی کاری مرۆییەوە بەهێزترم"

سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان کەسایەتییەکانی کۆمەڵگا بەتایبەت ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی کاری ژنان و مرۆیی ئەمانی محەمەد گوتی: من زۆر خۆشحاڵم بەو سەردانانەی ڕۆژنامەنووسان و ئەو کەسانەی حەزیان لە کاروباری مرۆییە و قسەکانیان هانم دەدەن کە کە بەردەوام بم و کارەکەم بەهێز بکەم، ئێستا دەمەوێت دوکانێکی تایبەتم هەبێت کە شیرینی تێدا دەفرۆشم".

 

ت.پ