ڕەمزیە محەمەد: لە ساڵی ٢٠٢١دا سەرکەوتنی ژنان گۆڕانی ئەرێنی بەدوای خۆیدا هێنا

ڕەمزیە محەمەد، وتەبێژی کۆنگرەی ستاری ڕۆژئاوا، کاروخەباتی ساڵێکی کۆنگرەی ستاری هەڵسەنگاند و ئاماژەی بەوەدا لە ساڵی ٢٠٢١دا زۆر ڕووداوی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەبوون و گۆڕانکاری دروستبوو، سەرکەوتنی گەورەش لەسەر دەستی ژنان بەدیهات.

 

ڕۆژ هۆزان

قامیشلۆ- ڕەمزیە محەمەد، وتەبێژی کۆنگرەی ستاری ڕۆژئاوا، کاروخەباتی کۆنگرەی ستاری لە ساڵی ٢٠٢١دا هەڵسەنگاند، پێشکەوتنەکانی ژنان لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئەو بوارانەی پێویستە ژن تێیدا پێشەنگ بێت، خستەڕوو، هەروەها تیشکی خستەسەر هەڵمەتی ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و دۆخی کامپی ئاوارەکان و ئەو کارانەی بۆیان کراوە، لە نوژنهادا باس دەکات.

 

ڕەمزیە ئاماژەی بەوەدا، دوای کۆنگرەی ٨ەمینی کۆنگرەی ستار بە دروشمی "بە تێکۆشانی هەڤرین و زەهراکان داگیرکاری تێکدەشکێنین" دەستیان بە کاروخەباتی ساڵ کردووە، "لە ساڵی ٢٠٢١دا ڕووبەڕووی زۆرێک لە کێشە و ڕووداوه‌کان بووینەتەوە، لە ڕووی سیاسییەوە گۆڕانکاری دروستبوو، سەرکەوتنەکانی ژنانیش گۆڕانکاری ئەرێنیان بەدوای خۆیاندا هێنا، لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا کۆمیتەی دیپلۆماسی کۆنگرەی ستار کاری گرنگی لەسەر پەیوەندی لەگەڵ ژنانی بیانیدا ئەنجامداوە و سەنتەرێک لە ئەوروپا کرایەوە.

 

ڕەمزیە وتیشی: ئەو هەڕەشانەی بۆ سەر هەرێمەکە دەستیپێکرد سەرەتا ژنانی پێشەنگیان لە کۆنگرەی ستار کردە ئامانج، ویستیان بەئامانجگرتنی ژنانی عەرەب ناکۆکی لەنێوان نەتەوەکانی ناوچەکە دروستبکەن، بەڵام بەپێچەوانەی خواستەکانیان یەکڕیزیی گەلان زیاتر بوو، هەروەها کاری ڕێکخراوەییمان لەگەڵ ژنانی جیهان بەردەوامە، لەم بوارەدا ئەندامانی کۆنگرەی ستار ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن بۆ پێکهێنانی یەکڕیزیی کورد، چەندین دیدارمان لەگەڵ ڕێکخراو و لایەنە سیاسییەکان ئەنجامدا و ئەندامانیشمان بەشداری ڕاوێژی ئەوروپایان کرد"، ئەو وتەبێژە باس لەوەدەکات کە توانیویانە بە خۆڕێکخستن وەڵامی شەڕی تایبەت و هێرشی داگیرکاری بۆسەر کۆمەڵگا بدەنەوە، "ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خۆمان گەیاندە ئاستی سەرکەوتن و بووینەتە نمونە بۆ ژنانی جیهان".

 

"هەموو پلانەکانی ساڵی ٢٠٢١مان بە ئەنجام گەیاندووە"

ڕەمزیە دەستکەوتی ئەمساڵی ژنانی خستەڕوو و وتی: "لە لایەنی ڕێکخراوەییەوە توانیمان کۆمەڵگایەک بە زانستی ژنانەوە ڕێکبخەین، چاوی ژنانی بیانیش لەسەر کارەکانمانە و ئێمە بە نمونە دەگرن، داناسینی ئەندامەکانی ئەنجومەن و ڕامانەکانمان لە خەباتی کۆمەڵگەیماندا دەبێتە زانستێک، بەتایبەتی ژنان زیاتر مێژووی خۆیان دەناسن و خاوەنداری لێده‌کەن، خۆناسینی ژنان و وەستانەوە دژ بە عەقڵییەتی کۆمەڵگا و خێزان ده‌ستكه‌وتی پیرۆزیان هەیە، چەندین سیمینار و پەروەردە لەسەر ئەم بابەتە دراون هەروەها بەردەوام دەبین لە کاری پەروەردەیی خۆمان لە ئەکادیمیاکانمان".

 

هەر لەسەر ئەو بابەت، وتەبێژی کۆنگرەی ستار دەڵێت: بۆ ئەوەی ژنان بگەنە ئاستێکی بەرهەڵستی بەرامبەر بە هێرش و توندوتیژیەکانی ئێستا و بەرخۆدانی بکەن، ڕاهێنانمان بە چوار گروپ کردووە، ئەو کێشەیەی کە زۆربەی ژنان ڕووبەڕوویان بووەتەوە، نەبوونی ئابوری سەربەخۆیە، بۆیە بەپێی تواناکان دەرفەتی کارمان بۆ ژنان ڕەخساندووە، کۆمیتەی ئابووری کاری بەرفراوانی لەسەر فەراهەمکردنی هاوکاری و پەرەدان بە پرۆژەکان کردووە، بەتایبەتی لەڕووی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە، کۆمیتەی ژینگەیی و تەندروستی کە بڕیاربوو دابمەزرێن، دامەزرێنراون و لە شار و گوندەکان کارەکانیان ڕادەپەڕێنن.

 

کار و خەباتێك كه‌ لە کامپەکان ئەنجامدراون

ڕەمزیە تیشکی خستەسەر کەمپی پەنابەران و ئەو کارانەی بۆیان کراوە، لەوبارەیەوە وتی: لە کامپی پەنابەرانی شەهبا و سەرێکانی کاری زۆرمان کردووە بۆ وەستاندنی توندوتیژی و داگیرکاری لەسەر ژنان، هاوکاریمان کردوون و لیژنە و کۆمیتەکانمان لە کۆبوونەوەی بەرفراواندا خەباتی ساڵێکیان هەڵسەنگاند و گفتوگۆیان لەبارەوە کرد، هەڵمەتەکەمان دژی توندوتیژی کە ساڵی ڕابردوو دەستمان پێکرد تا ئەمساڵ بەردەوامە بە دروشمی "نا بۆ داگیرکاری و توندوتیژی، ژنان و ژیان دەپارێزین"، لەو ڕووەشەوە هەڵوێستی توندی ژنان هەیە و بەیەک هەڵوێست دژی توندوتیژی دەوەستینەوە.

 

هەروەها باسی لە ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، ٨ی ئادار کرد و وتی: لە ٨ی ئاداردا ئاهەنگێکی جەماوەریمان سازکرد، کە تێیدا ژنان جارێکی دیکە نیشانەی شۆڕشگێڕانەیان لەسەر مێژووی تێکۆشانی ژنان کێشا، کەمپەینی "کات کاتی ئازادییە" بۆ ئازادیی ڕێبەری گه‌لی كورد، عه‌بدۆڵا ئۆجالان تا ئێستا بەردەوامە و یەکێک بوو لە بڕیارەکانی کۆنگرەکەمان و لە ڕۆژانی داهاتووشدا هەڵوێستی ژنان لەم بوارەدا باشتر دەردەبردرێن، هەروەها بانگەوازی ئێمە بۆ هەموو ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ئەوەیە کە بە خێرایی یەکێتی خۆمان دروستبکەین".

 

پلانی کۆنگرەی ستار بۆ ساڵی ٢٠٢٢

ڕەمزیە پلانی ساڵی ٢٠٢٢ی ڕاگەیاند کە بەم شێوەیەیە، "لە ساڵی ٢٠٢٢دا پێش هەموو شتێک پێویستە ئەو خاڵانەی بە ئەنجام نەگەشتوون یاخود وەک پێویست نین جێبەجێیان بکەین، هەروەها لەڕووی پەروەردەوە ڕێژەیەکی زیاتری ژنان پەروەردە بکەین بۆ ئەوەی ژنان لەڕووی زانستییەوە پێشبکەون، لە ڕووی ئابووریشەوە پرۆژەکانمان فراوان دەکەین بۆ ئەوەی کارێکی هاوبەش دروستبکەین، هەوڵدەدەین خێزانی بە ڕامان و بیری دیموکراتی ئاوابکەین و دەستکەوتەکانی ئێستا بپارێزین".

 

ت.پ