مین، بکوژە بێدەنگەکەی مرۆڤایەتی ...١

بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر مین لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت ناوچە سنورییەکان تا ئێستا هاوڵاتیان لە مەترسیدان، حکومەت و لایانی پەیوەندیدار دەڵێن کە هەوڵی تەواو دراوە بەڵام قوربانیانی مین ژمارەیان بەرەو کەمبوونەوە ناچێت.

 

شنیار بایز

سلێمانی- ڕۆژانە هەواڵی گیانلەدەستدانی هاوڵاتیانی ناوچە سنورییەکان دەبیسترێت کە هۆکارەکەی مینە، یاخود بەهۆی مینەوە دەبنە خاوەن پێداویستی تایبەت، باشوری کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسدا زۆرینەی ناوچە سنورییەکان و نزیکی گوندەکانی مینڕێژ کراوە، لە ئێستاشدا هەوڵی جدی بۆ پاککردنەوەی مینەکان نەدراوە و ژیانی هاوڵاتیان بەردەوام لە مەترسیدایە.

 

گوڵان کەمال، فەرمانبەر لە بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لقی سلێمانی، لە بەشی هۆشیاری تایبەت بە کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بۆ نوژنها دووا وتی: سەرەکیترین بەشی دەزگاکە بریتییە لە بەشی پاکسازی مین، کاریان هەڵگرتنەوەی مین و پاککردنەوەی ئەو ڕووبەر و کێڵگانەیە کە مینڕێژ کراون، هەروەها بەشی هۆشیاری هەیە کاریان هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیانە لەو ناوچە و شوێنانەی مینڕێژ کراون، لەو بەڕێوەبەرایەتیەدا پاڵپشتی لە قوربانیانی مین دەکرێت کە بەهۆی مینەوە بەشێکی جەستەیان لەدەستداوە و بوونەتە خاوەن پێداویستی تایبەت، جگە لەمانە پاڵپشتی ئەو پەیمانانە دەکرێت کە کار دەکەن بۆ نەهێشتنی مینی دژە مرۆڤ یەکێک لەو پەیمانامەنە بریتییە لە "ئۆتاوە".

 

"بە ئێستاشەوە خاکی کوردستان بە مین و تەقەمەنی پیس دەکرێت"

هەرچەندە بەڕێوەبەرایەتی نەوەستاون لە هەوڵدان بۆ پاککردنەوەی زەوی و خاکی کوردستان لە مین و تەقەمەنی، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەمیشە خاکی کوردستان بە ئێستاشەوە لەلایەن داگیرکەرانەوە مینڕێژ دەکرێت، بۆیە ژمارەی مین بە پڕۆسەیەکی خاو کەمدەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی ناوچە سنورییەکان ببنە قوربانی مین.

 

گوڵان ئاماژەی بەوەدا، زۆرینەی ئەو ناوچانەی مینیان تێدایە ناوچەی سنورین بۆیە پاکسازیکردنیان کارێکی سەختە، هەروەها هەڵکەوتەی جوگرافیای کوردستان وای کردووە پاکسازی تیایاندا زەحمەت بێت.

 

بەشێکی هاوڵاتیان بەهۆی خراپی باری ئابووریانەوە هەوڵی فرۆشتن و بەکارهێنانی مین دەدەن

گوڵان کەمال، باس لەوەدەکات بە پێی توانا هەوڵدراوە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بە گشتی و ناوچە سنورییەکان بەتایبەت، لەناو توێژە جیاوازەکانیشدا زیاتر گرنگیدراوە بە منداڵان و شوانەکان چونکە زیاتر بەرکەوتنیان دەبێت لەگەڵ مین، "لە چەندین ڕێگای جیاوازی وەک خولی هاوینەی تایبەت بۆ خوێندکاران، وێنە و شانۆ و بڵاوکردنەوەی نامیلکە، پۆستەر و سیمینارە هەوڵدراوە هاوڵاتیان هۆشیار بکرێنەوە".

 

ئەو وتیشی: "هاوڵاتیان بە هەر مەبەستێک بێت گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانی ئێمە نابن و دەست بۆ مینەکان دەبەن" گوڵان کەمال هۆکاری ئەمە دەگەڕێنێتەوە بۆ خراپی باری ئابووری چونکە هاوڵاتیانی ناوچە سنورییەکان مینەکان کۆدەکەنەوە تا بەرامبەر بڕە پارەیەک بیفرۆشنەوە، یاخود هەندێک کەس مینەکان بۆ راوەماسی کۆدەکاتەوە، کە گیانلەدەستدانی خۆیان یان بوونە خاوەن پێداویستی تایبەتی لێدەکەوێتەوە.

 

کەم و کورتییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین چین ؟

خراپی باری ئابووری و هەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە هۆی پەککەوتنی کاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین و دواجار بووەتە هۆی ئەوەی بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کەمتر سەردانی ناوچەکان بکرێت و پاک بکرێنەوە لەم بارەیەوە گوڵان کەمال وتی: سەرەڕای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیەکە سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانە، بەڵام خراپی دۆخی ئابووری کاری بەڕێوەبەرایەتییەکەی لاواز کردووە بە جۆرێک ساڵانی ڕابردوو لە هەفتەیەکدا زۆرینەی ڕۆژەکان سەردانی ناوچە و زەوییەکانمان دەکرد، بەڵام ئەمساڵ لە هەفتەیەکدا ئەگەر دوو ڕۆژ سەردانمان بکردایە، کە ئەمەش ڕێژەیەکی کەمە و دواجار دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی قوربانیان.

 

تەنها لە ساڵی ٢٠٢١دا لە بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینەوە سەردانی ٤٣ گوند کراوە جگە لە قەزا و ناحیەکان، بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان کە تیایدا ١٣٤١ هاوڵاتی سودمەند بوون، بەڵام بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە ساڵانی پێشوو سەردانییەکان زیاتر بوون.

 

هەرچەندە دەوترێت هەوڵدراوە بۆ پاکسازی مین و هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بەڵام بە پێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢١ی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مین لە هەرێمى کوردستان ڕاگەیەندراوە:

لە ساڵی ٢٠٢١دا ٤٢ حاڵەتى تەقینەوەى مین تۆمارکراوە، کە بەهۆیانەوە ١٩ هاوڵاتى گیانیان لەدەستداوە و ٢٣ کەسى دیکەش برینداربوون، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ پاککردنەوەی زەوییە مینڕێژ کراوەکان زیادی کردووە و زۆرترین مین و تەقەمەنی لەناوبراون، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداربوون زیادیانکردووە.

 

هەر بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکە ٦٠١ هەزار و ١٥١ مەتر دووجا زەوى لە مین و تەقەمەنی پاککراوەتەوە، کە ٢١ کێڵگەى مین و حەوت شەڕگە بووە، ژمارەی ئەو مین و تەقەمەنیانە زیاترە لە هەزار و ٨٩٤ مین، کە مینی دژە کەسی و دژە تانک بوون، هەروەها زیاتر لە ٢٢ هەزار و ٩١٨ پارچە تەقەمەنی سەرپێی(IED)  و پاشماوەی جەنگی تێدابووە.

 

ئەو فەرمانبەرەی بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین، هۆکارى زۆربوونى قوربانییەکان بۆ پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکانی دەزگاکەیانەوە دەگەڕێتەوە، چونکە سەرجەم کێڵگە مینڕێژکراوەکان هێما و نیشانەی ئاگادارکردنەوەیان تێدا دانراوە، بەڵام بەشێک لە هاوڵاتیان پێوەى پابەند نابن و ڕوو دەکەنە ئەو ناوچە مەترسیدارانە.

 

ت.پ