میدیای بێ ویژدان کۆمەڵگایەکى ناهۆشیار بەرهەمدەهێنێت
میدیا کاریگەری لەسەر خستەپێش و دواخستنی ڕۆڵی ژنان هەیە لە کۆمەڵگە و بوارەکانی دیکەی وەک سیاسی و بەڕێوەبردندا، مامۆستایەکی زانکۆش دەڵێت میدیا دەتوانێت دۆزی ژنان بەرەوپێش ببات، بەڵام نایەوێت.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- هەمیشە باس لە دواکەوتنی ژنان لە بواری خۆبەڕیوەبردن، ئیداری، ڕێکخراوەی و سیاسییدا دەکرێت، میدیاش وەک ناوەندێکی گواستنەوە ڕۆڵی ژنان بەلاوە دەنێت و کۆسپ دەخاتە بەردەم ژنان، دەپرسین تیڕوانینی کۆمەڵگە لە چاوی میدیاییەوە چۆن لە ژنان دەڕوانێت؟ ئایا میدیا تاچەن توانیویەتى دۆزی ژن بگەیەنیتە جێگەى خۆی؟
لەمبارەیەوە دکتۆر هەتاو ئەحمد صالح، مامۆستای زانکۆ، بەمجۆرە باسی لە میدیای کوردی کرد سەبارەت بە لەمپەرەکان دێنە بەردەم ژنان: ئەوەى ئیستا دەگوزەرێت لەناو میدیای بێ ویژدان، گەلێکی ناهۆشیار بەرهەمدێت، چونکە میدیا ئیستا دەتوانێت هەست و زۆری خەڵک بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، بە پێچەوانەشەوە دەتوانێت کاریگەری درێژخایەن و کورت خایەن دروست بکات، ئەگەر میدیا بیویستایە لە بواری ژنان کار بکات دەیتوانی دۆزی ژنان بەرەوپێش ببات، بەڵام نایەویت و مەبەستى نییە.
"ومیدیای کوردی بەرپرسیار نییە لە ئاست بابەتەکاندا"
دکتۆر هەتاو بە پرسیار دایدەنێت کە بۆچی میدیا نایەوێت دۆزی ژنان بەرەوپێش ببات، لە وەڵامیشدا دەڵێت: چونکە میدیای ئێستا بەرپرسیار نییە و ئەوەندەی خەمی بینەر و لایک و کۆمێنتیەتی، ئەوەندە بەتەنگ لەشولار و بابەتە وروژێنەرەکان بخاتەڕوو، ئەوەندە خەمی نییە چۆن بتوانێت پێگەى ژن بخاتەڕوو، چۆن بیر و هۆشی ژنان و چۆن ژن وەک کائینیکى تەواو سەیربکات.
دکتۆر هەتاو، باس لەوەدەکات کە چەندین لێکۆڵینەوەی لەسەر میدیا کردووە، و ئەوە دەرکەوتووە کە میدیایەک تا ماندووبوونی کچێکی ڕۆژنامەنووس دەردەخات، سەد ئەوەندە مۆدێل و نمایشکارەکان دەخاتە پێش، واتە ئەوەندەى کچەکانمان و ژنەکانمان لە میدیاوە فێردەکرێن چۆن خەریکی بابەتی ڕوکەشی ببن.
ئەو دکتۆرە ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە میدیا و کەسایەتیەکان لە بواری میدیادا تا ئەوپەڕی هەوڵبدەن ڕۆڵی ژن و دۆخی میدیا بەرەو باشتر و پێشتر ببەن.
ت.پ