"موسڵمان شەڕی ناوێت، خوداش پێی خۆش نییە"

موسڵمانان ٣٠ ڕۆژی مانگی ڕەمەزانە بە ڕۆژوو دەبن، ئەمە ئاسوودەی بە دڵ و دەروونی موسڵمان دەبەخشێت، هەروەها دەبێتە هۆی نوێبوونەوەش لە کار و ڕەفتاریاندا، دایە بێخان دەربارەی مانگی ڕەمەزان دەڵێت با ئەم مانگە ببێتە هۆی پەشیمان بوونەوە لە کاری خراپ، دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاش بۆ ژنها قسە دەکات.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- بێخان حەمید ژنێکی خەڵکی کەرکوکە و دانیشووی شاری سلێمانییە، دەربارەی مانگی ڕەمەزان و دەروونی مرۆڤی موسڵمان بۆ ئاژانسەکەمان دوا و ئاماژەی بەوەدا مرۆڤی موسڵمان پێویستە دڵ و دەروون پاک بێت و دوور بێت لە کاری خراپ و ساختەکاری، باسی لەوەشکرد لە کۆندا مانگی ڕەمەزان بەم شێوەیەی ئێستا نەبوو.

 

بێخان کە لە منداڵییەوە بەڕۆژوو بووە و بە بەردەوامیش لەدوای هاتنەوەیان لەساڵی ١٩٩١٢دا لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ باشوری کوردستان لە مانگی ڕەمەزاندا بەڕۆژوو بووە، ئەو ژنە موسڵمانە بەهۆی نەخۆشبوونی کەسێکی نزیکییەوە بەڵێنی بەخودا داوە ئەگەر چارەسەر ببێت هەموو دوو شەممە و پێنج شەممەیەک بەڕۆژوو ببێت، ماوەی چوار مانگیشە بەردەوامە لە بەڵێنەکەی.

 

بێخان دەربارەی باوەڕدار بوونی مرۆڤ دەڵێت هەرکەسێک باوەڕییەکی هەیە، ئێمە بەوەڕیمان بە ئاینی ئیسلام هەیە، مرۆڤ ئەگەر باوەڕی نەبێت ناتوانیت ئەو ئەرکەی لەسەر شانیەتی پێکی بهێنیت، ئەمە نەک تەنها بۆ ئاینی ئیسلام، بەڵکوو بۆ هەموو باوەڕبوونێک بە شتێک لەلایەن مرۆڤەوە ڕاستە، بۆ نموونە ئەگەر باوەڕت نەبێت ناتوانیت لە ڕەمەزاندا بە ڕۆژوو ببیت، ئەو ژنە ئاماژە بەوەدەکات ئێستا و جاران جیاوازی هەیە و دەڵێت: ئێستا خەڵک تا پارشێو بە خەبەرە، مۆبایل دەکات و یاری دەکەن، دوای پارشێو دەخەون و کاتی بانگی ئێوارە هەڵدەستن لەخەو، ئەمە دەکەوێتە سەر باوەڕی ئەو کەسە کە چۆن ئەتوانێت لەگەڵ رەمەزاندا خۆی بگونجێنێت و پەیوەستە بە پەیوەندی نێوان ئەو کەسە و خوداوە.

 

"بەهۆی کاری کشتوکاڵ و ژیانەوە ڕەمەزانی جاران دژوار بوو"

بێخان باس لە جاران دەکات کە ڕەمەزان دژوارتر بووە بەهۆی ئەوەی ئەرکیان زیاتر بووە: لە کۆندا ئێمە لە دەشتودەر بووین، درەومان دەکرد و مەڵۆتمان دەنایەوە و جوت دەکرا، کاری ماڵ و دەرەوەمان دەکرد، لەگەڵیشیدا بەڕۆژوو بووین، کاتێکیش کەسوکار یان دراوسێکەمان هەژار بووایە هاوکاریمان دەکرد و چییمان هەبووایە ئێواران دەمانکرد بە دوو بەشەوە بۆ ئەوان و خۆشمان، ئەوکاتانە چاوچنۆکی نەبوو، هەر کەس بۆخۆی نەبوو، بەڵکوو هاوکاری هەمووانمان دەکرد، شەوانەش شەوچەرە دادەنرا و بانگمان لە خزم و دراوسێ دەکرد بهاتنایە و پێکەوە دەمانخوارد، بەڵام ئێستا ئەو شتانە کەم بووەتەوە و خەڵک بۆخۆی هەوڵ دەدات.

مرۆڤ دەبێت دڵ و دەروون پاک بێت و هەستی مرۆڤایەتی هەبێت

بێخان کە بە زمانی بەڕۆژووەوە قسەی بۆ دەکردین باسی لەوە دەکرد، ئێستا بە ناوی ڕۆژوو و موسڵمان بوونەوە خەڵک کاری ساختەکاری دەکات و مانگی ڕەمەزانیشیان کردووەتە ئامڕازێک بۆ ساغکردنەوەی خواردنە خراپ بووەکانیان و گرانبوونی نرخی پێداویستییەکانیان، دەشڵێت: ئێستا دنیا بووەتە بازرگانی و حزبایەتی و هەرکەسێک دەوڵەمەندی خۆیی دەوێت، بەناوی حاجی و خێرەوە هەموو شتێک دەکەن، یان خێرێک دەکەن و لەسەر شاشەی تەلەفیزۆن پەخشی دەکەن و ئەو کەسە دەشکێنن، ئەگەر ئەمە بۆ خودایە پێویستە لە بەینی خۆی و خودادا بێت، بۆیە ئەو کەسانە ڕۆژووەکانیان پاک و ڕاست نییە، چونکە بە ناوی ڕۆژووەوە خەڵک هەڵدەخەڵەتێنن و درۆ دەکەن و ناهەقی دەکەن، بۆیە ئەو کەسانە بەڕۆژوو نەبن باشترە وەک لەوەی کە نیەت و دەروونیان پاک نەبێت.

 

ئەو ژنە باس لەوەدەکات: بە سەرپۆش و جلوبەرگ و ئەوە نییە کە نیشانی دەدەیت، بەڵکوو پێویستە نییەتی دڵ پاک بێت، دەروون چاک بێت و هەست و ڕەحمی مرۆڤایەتیت هەبێت، ئەوکاتە تۆ خوات خۆشدەوێت و خواش تۆی خۆشدەوێت.

 

"موسڵمان دەبێت شەڕی پێخۆش نەبێت"

دایە بێخان دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی کوردستان و ئامانجەکانی بۆ لەناوبردنی کورد و بەرخۆدانی کوردان دەڵێت: ئەم هێرشانە بە کارێکی مرۆڤایەتی و هەقی نازانم، چونکە ئەوانەی بەرخۆدان دەکەن کوردن و مرۆڤن و داوای مافی خۆیان دەکەن، ئەوان شەهیدن هەرچۆنێک بڵێیت، چونکە داوای هەقی خۆی دەکات و ڕووبەڕووی دەوڵەتی تورکیا بوونەتەوە و ئەویش شەهیدیان دەکات، من وەک موسڵمانێک و وەک ئەوەی ڕووم لە خودایە ئەوە بە هەق نازانم و خوداش پێی ناخۆشە.

 

بێخان لە کۆتایشدا دەڵێت وەک موسڵمانێکی دڵپاک داوا دەکەم کە ئەم مانگە ببێتە هۆی پاکبووونەوەی دڵ و دەروونی مرۆڤی موسڵمان و پەشیمان ببنەوە لەوەی کارێکی خراپیان کردبێت چونکە ئەوەی دڵ و دەروونی پاک نەبێت و کاری خراپ بکات مافی موسڵمانبوونی پێوە نابێت.

 

ت.پ