مونا ئەلقەندە، دایکی گیانی کامپی پەنابەرانی دێرحەسەن

مونا ئەلقەندە، کە لە کامپی پەنابەرانی دێر حەسەنی ئیدلب دەژی، سەرەڕای دەرفەتە سنووردارەکانی هاوکارییەکانی بۆ پێداویستییەکانی کامپەکە درێژ دەکاتەوە و دانیشتوانی کامپەکەی بە دایکی گیانی و موختاری کامپەکە ناوی دەبەن.

مونا ئەلقەندە، کە لە کامپی پەنابەرانی دێر حەسەنی ئیدلب دەژی، سەرەڕای دەرفەتە سنووردارەکانی هاوکارییەکانی بۆ پێداویستییەکانی کامپەکە درێژ دەکاتەوە و دانیشتوانی کامپەکەی بە دایکی گیانی و موختاری کامپەکە ناوی دەبەن.

 

سوهێر ئەل-ئیدلبی

ئیدلب- مونا ئەلقەندەی تەمەن ٤٦ ساڵ لە شاری مەعراتی ئەلنعمان کۆچی کردووە و ئێستا لە کامپی پەنابەرانی ئیدلب دێر حەسەن دەژی، دایکی ١٠ منداڵە و هاوژینەکەی گیانی لەدەستداوە، ئەو هاوکاری ژنانی بێهاوژین و کەسانی خاوەن پیداویستی تایبەت دەکات،  هەموو ئەو ژنانەی لە کامپەکەن کاتێک بەهۆی هەلومەرجە سەختەکەیانەوە بێزار دەبن، ڕوودەکەنە لای مونا ئەلقەندە کە وەک بەخشەرێک دەبینرێت و سکاڵاکانیان لەگەڵی هاوبەش دەکەن، مونا ئەلقەندەش بەپێی دەرفەتی خۆی یارمەتیان دەدات و ئامۆژگاریان دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

 

مونا ئەلقەندە لەهەوڵی کۆکردنەوەی پارەی هاوکاریدایە لەدانیشتووانی کامپەکە بۆ یارمەتیدان لەڕەوشی مرۆیی هەرچەندە دۆخی ئەو لە ئەوانی دیکە باشتر نییە بەڵام سەردانیان دەکات و بە پارەی هاوکارییەکە کە کۆی دەکاتەوە خۆراک و جلوبەرگ و دەرمانیان بۆ دابین دەکات، بۆیە دانیشتوانی کامپەکە نازناوی دایکی هەژاران و موختار و دایکی گیانی بۆ ئەو بەکاردەهێنن.

 

مونا ئەلقەندە، کە لە کامپی ئاوارەکان کار دەکات، وتی: "دۆخی کامپەکەمان زۆر قورسە و نەخۆشی لەناوماندا بڵاوبووەتەوە زۆربەی دانیشتوانی کامپەکە ئەو ژنانەن کە هاوژینەکانیان لەدەستداوە، لە ئەنجامی بۆردومانی شارەکەمان یەکێک لە کوڕەکانم گیانی لەدەستدا و ئەوانی تر بەهۆی نەبوونی دەرفەتەوە وازیان لە خوێندن هێنا و چوونە سەر کار سەرەڕای هەموو ناتەواوییەکان، من هەوڵ دەدەم دەوروبەری خۆم پێکەوە کۆ بکەمەوە.

 

"پێویستمان بە کەسانی وەک مونا ئەلقەندە"

ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵ کە لەگەڵ خوشکە خاوەن پێداویستیە تایبەتەکەی لەکامپی دێر حەسەن دەژی، ڕایگەیاند کە زۆرجار ڕوودەکاتە مونا ئەلقەندە کاتێک دڵگرانە و وتی: "ئەگەر ئەو ناتوانێت یارمەتی داراییمان بدات، ئەوە بەسە کە لە ڕوی دەرونییەوە پشتگیریمان دەکات، پێویستمان بە کەسانێکی وەک مونا  قەندە هەیە کە هەست بە ئازارەکانمان بکات".

 

"مونا ئەلقەندە وەک ڕاوێژکارێکی دەروونییە بۆ من"

دایکی سێ منداڵ، سوعاد ئەلبەرهوم، تەمەن ٢٨ ساڵ، کە هاوژینەکەی گیانی لەدەستداوە، ئاماژەی بەوەکرد، کە مونا ئەلقەندە وەک ڕاوێژکاری دەروونیە بۆی و وتی: "کاتێک لە دۆخی سەختی کۆچکردن و هەژاری و نەبوونی هەلی کار بێزار دەبم، پێویستە نیگەرانی خۆم بۆ کەسێک دەرببڕم کە باوەڕم پێیەتی و پشتگیریم لێ بکات لەو دۆخانەدا ڕوو لە مونا ئەلقەندەی دراوسێم دەکەم کە هێز و توانامان دەداتێ و گوێم لێدەگرێت و ئامۆژگاریم دەکات".

 

"ئەو ڕوی درەوشاوەی کامپەکەیە"

هەروەها سیهام ئەلحاجی تەمەن ٣٠ ساڵیش ئاماژەی بەوەکرد کە جارێک کوڕەکەی نەخۆش کەوت و بەهۆی دۆخی ئابوری نەیتوانی بیباتە لای پزیشک و چارەسەری بکات، وتیشی: "من هیچ شتێکم نەبینی کە بیکەم جگە لەوەی بچمە لای مونا ئەلقەندە هەندێک گژوگیای دەرمانی پێدام و کوڕەکەم ئاسوودە بوو،  ئەو ڕوی درەوشاوەی کامپەکەیە".